نووسەری دیاری كوردستان (حەمە ساڵح فەرهادی) ساڵانێكە لە بواری منداڵان دەنووسێت خاوەنی چەندین كتێبە لە چەندین گۆڤاری منداڵان ،وەكو دەستەی نووسەران و سەرنووسەر كاری كردووە لەم بوارەدا خزمەتێكی زۆری منداڵانی كوردستانی كردووە،بۆیە وەكو ماڵپەری كوردستان تیڤی پێمان باش بوو لە نزیكەوە بە چەند پرسیارێك بەسەری بكەینەوە.
- هەرچەندە بەرێزتان نووسەرێكی دیاری كوردستانن، بەڵام پێمان باشە بەكورتی باس لە ژیانی ئەدەبی خۆت بۆ خوێنەرەمان بكەیت.
*ناوم (حەمە ساڵح مەلاسادق فەرهادی)یە بەڵام بە (حەمە ساڵح فەرهادی) ناسراوم لە ساڵی 1949 لە دایك بووم، سەبارەت بە ژیانی ئەدەبیم یەكەمین بەرهەمی بڵاوكراوەم لە گۆڤاری (تیشك) بوو لە ساڵی 1969 دا بووە، وەكو رۆژنامەنووس لە چەندین دەزگا كاركردووە وەكو:رادیۆی دەنگی هەولێرو رادیۆی گوڵان لە ساڵانی 1992- 1994 ، گۆڤاری (هەنگ) ی منداڵان لە 1993- 2011) ئەندامی دەستەی نووسەران و پاشانیش بۆماوەی (13) ساڵ سەرنووسەری گۆڤارەكە بووم،وەكو ئەندامی دەستەی نووسەرانی چەندین گۆڤار و بڵاوكراوە كارم كردووە وەكو گۆڤاری (گوڵزار) گۆڤاری (چرۆ) ، گۆڤاری (نووسەری نوێ) وەكو دەستەی نووسەران پاشانیش سكرتێری نووسین،بڵاوكراوەی (لانە) ی منداڵان، بەشداری لە كۆنگرەی دامەزراندن و كۆنگرەی دووەمی رۆژنامە نووسانی كوردستان كردووە لە هەولێر.
هەروەها،بەشداریم لە كۆنگرەی شەشەمی یەكێتی نووسەرانی كورد كردووە كە لە ساڵی 2010دا لە سلێمانی بەستراو بە ئەندامی مەڵبەندی گشتی پاشانیش بە سكرتێری كارگێری یەكێیتیەكە هەڵبژردرام،ساڵانی (1997-2006) بەربەردەوامی بەرنامەیەكی هەفتانەی منداڵانم بۆ رادیۆی(هەرێم) ئامادەكردووە لەوماوەیەدا (445) ئەڵقەی بڵاوكرایەوە،تائێستا (20) كتێبم بەچاپ گەیاندووە،چەند كتێبێكی تریشم ئامادەن ،چاوەڕەیی دەرفەتی چاپكردنن، بەشداریم لە وەرگێرانی و ئامادەكردنی(8) كتێبی بەرنامەكانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی كشتوكاڵیداكردووە، پێداچوونەوەی زمانەوانیم بۆ (8) كتێبی دیكەش كردووە، بەربەردەوامی لە زۆربەی لەرۆژنامە و گۆڤارەكان دا بابەت بڵاو دەكەمەوە .
- چۆن بوو، بواری ئەدەبی منداڵان هەڵبژارد؟
* من هەر لە منداڵییەوە سەودای خوێندنەوەم هەبوو ، پاشانیش كە دەستم بە نووسین كرد،بابەتی لێكۆڵینەوە لەبارەی رۆژنامە نووسی كوردییەوەو پێش ئەوەی هیچ بابەتێكی تایبەت بە منداڵان بڵاوبكەمەوە، دوو كتێبیشم لە بارەی رۆژنامەنووسی كوردییەوە بە چاپ گەیاندبوو.پێش ئەوەی گۆڤاری (هەنگ)یش دەربچێت لەسەر داوی هاورێی دێرینم كاك (مەولوود ئیبراهیم حەسەن) و بە هاندانی ئەو ،چەند بابەتێكی كورتم لە هەفتەنامەی(پەریستان)ی منداڵانم بڵاوكردەوە.ئەو هەفتەنامە یە پاشكۆیەكی تایبەت بە منداڵان بوو،كە رۆژنامەی (كوردستانی نوێ) دەریدەچواند.
كەگۆڤاری (هەنگ)یش لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری دەردەچوو و دكتۆر مەولوود ئیبراهیم حەسەن بوو بە سكرتێری گۆڤارەكەو لەسەر داوای ئەو لەیەكەم ژمارەی گۆڤارەكەدا بابەتێكم بە ناونیشانی (هەنگ)ەوە نووسی وئەو بابەت لە دوای سەروتاری گۆڤارەكە بڵاوكرایەوە،یەكەم بابەتی گۆڤارەكە بوو تێیدا چەند زانیارییەكەم لە بارەی هەنگەوە بۆ منداڵان بڵاوكردەوە.
لە ژمارە(2)ی گۆڤارەكەشەوە بەفەرمی كرام بە ئەندامی دەستەی نووسین، ئیتر تا دوا ژمارەی گۆڤارەكە كەلە ساڵی (2011 دا تێدا بەردەوام بووم پێنج ساڵ وەكو ئەندامی دەستەی نووسین و سێزدەساڵیش وەكو سەرنووسەر .
-ئەو بنەماییە سەرەكییانە چین ،كە پێویستە لە نووسینی ئەدەبی مناڵان دەبێ رەچاو بكرێت؟
*هەندێك بنەمای سەرەكی هەن، پێویستە لە نووسینی ئەدەبی منداڵاندا ڕەچاو بكرێت لە مانە:
1-بابەتەكە بە زمانێكی پاراو و منداڵانە بنووسرێت و ڕێنووسەكەی لەگەڵ ڕێنووسەكەی كتێبەكانی میتۆدی خوێندنی قوتابخانەكان بگونجێت،وشەكان لە فەرهەنگی منداڵەوە هەڵقوڵابێ،كورت بێت درێژداری تێدا نەبێت،بابەتەكان لە هەرجۆرێك بن، دەبێ بەشێوەیەكی پەروەردییانە بخرێتە بەرچاو.
2-ئامۆژگارییەكان ،ئەگەر هەبێ ،راستەوخۆ و لە شێوەی ئەمر و نەهیدا نەبێت،رەچاوی ئەو بەهایانەی تێدا بكرێت، كە بوونەتە بنەما لە ئەدەبی منداڵاندا،بایەخ بە سایكۆلۆجییەتی منداڵ بدرێت،داب ونەریتی رەسەنی كوردەواری و جیهانی بە منداڵان ئاشانا بكات.
3- متمانە بە خۆكردن لای منداڵ بەهێز بكات،مێژوو و شوێنەوار و ناودارانی و ڵات بە منداڵان بناسێنێت، بەتایبەتی ئەو ناودارنەی خزمەتێكی بەرچاوی منداڵانیان كردوە،بەها رۆحییەكان لای منداڵ خۆشەویست بكات،بایەخێكی تەواو بە منداڵە بەهرەدارەكان بدات و بەهەرمیان بڵاوبكرێتەوە،گەورەو بچووكی پیتەكانی لە گەڵ تەمەنی منداڵ بگونجێت.
4- بابەتەكان نەتەوەیی و جیهانی بێت بەڵام نەخرێتە ناو قاڵبی حزبایەتییەوە،بایەخدان بە باتەكانی خۆ خافڵاندن و زاخاوی مێشك و كات و بەسەربردن،دووركەوتنەوە لەو بابەتانەی كە گیانی دووبەرەكی و شەڕخوازی تاوان لە ناخی منداڵدا زیاد بكات.
5-باشتر وایە لاپەڕەكانی بڵاوكراوەكان ڕەنگاوڕەنگ و وێنەداری بن ،وە نرخی چاپەمەنییەكان گونجاو بێت و زۆربەی منداڵان بتوانن سودی لێوەربگرن.
-نووسەرانی تێكستەكانی ئەدەبی مەنداڵان (هۆنراوە،چیرۆك، ئۆپەرێت،شانۆگەری..) لە كوردستان چۆن هەڵدەسنگێنیت؟
* دیارە تێكستەكانی ئەدەبی منداڵان،بە تایبەتی ئەو ژانرە ئەدەبییەی كەباست كردووە (هۆنراوە،چیرۆك، ئۆپەرێت،شانۆگەری)، وەكو هەموو تێكستە گشتییەكانی دیكەی ئەدەبی كوردی ، هەموویان لەیەك ئاستدا نین، تێكستی باش و سەركەوتووی منداڵامان هەیە، هەروەكو بە پێچەوانەشەوە تێكستی ئاست نزمیشمان هەیە، تەنانەت، لەم چوار جۆرە تێكستەشدا ،هۆنراوە،چیرۆك،پێش ئۆپەرێت،شانۆگەری كەوتوون و ئەم دووانەی كۆتایی هێندە ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ،ناتوانین بڵێن ئەو بڕیارە رەهایە و بۆ بڕیاری وردتر ،پێویستە بابەتەكانی هەرنووسەر و شاعێرێكی بواری منداڵان بە جیا هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت.
بەگشتی ئێمە شاعیر و نووسەری بواری منداڵانمان بەپێی ژمارە منداڵامان نییە، تەنانەت ژمارەیان لە ژمارەی ئەو شاعیر و نووسەرانەش كەمترە كە كار بۆ ئەدەب بەگشتی دەكەن.
ئەگەر دەزگایەكی بە توانای فەرمی هەبێت و بایەخ بە بەرهەمی سەركەوتووی تایبەت بە منداڵان بدات و كێشەكانی چاپكردن و بڵاوكردنەوەیان لە ئەستۆ بگرێت، ئەدەبی منداڵان هەنگاوێكی دیكە دەچێتە پێش.
- لەوماوەیەدا چەند نووسەرێكی منداڵ لە كوردستان بەرهەمەكانیان لەچوارچێوەی نامیلەكە بڵاوكردەوە، پێتان وایە ئەگەر نووسەر منداڵ بێت بۆ منداڵ بنووسێت كاریگەری زیاترە لەوەی گەورە بنووسێت؟
*ئەگەر داتایەكی ورد و ڕاست هەبێت سەبارەت بەو كەسانەی كە بۆ مندڵان دەنووسن ،چ گەورە بن یان منداڵ ،بەدیار دەكەوێت كە ژمارەی ئەو كەسانەی بەسەركەوتووی بۆ منداڵ دەنووسن زۆركەمە ! چونكە بەپێی بەندی یەكەمی مافەكانی منداڵان ، كە پێناسەكراوە(منداڵ ئەو مرۆڤەیە كە تەمەنی لە 18 ساڵ تێنەپەریبێت).
كەواتە بەپێی ئەو پێناسەیە ، زیاتر لە چواریەكی دانیشتووان منداڵن و پێویستیان بە ژمارەیەكی زۆر لە ئێستا زیاترە هەیە كە كار بۆبكەن.دەمێنێتەوە ئەوەی ئایا گەورە بۆ منداڵ بنووسێت باشترە، یان منداڵ بۆ خۆیان بنووسن.دەتوانین بڵێین ،ئەگەر ئەو ژمارە پێویستەمان لە منداڵی بەهرەمەند و بەتوانا هەبێت،باشترە مەنداڵ بووسێت،بەڵام ئایا ئەو ژمارەپێویستەمان هەیە؟ بێگومان نەخێر.
هەندێك كەس وا دەزانێ نووسین بۆ منداڵ كارێكی ئاسانە ! بەڵام وانییە زۆر زەحەمت ترە لە نووسین بۆ گەورە، بەرپرسیارییەتیشی زیاترە.بەپێی ئەزموونی بەندە لەو ڕووەوە ، زۆر جار هەست دەكرێت، كەئەو نووسینانەی بەناوی منداڵان بڵاو دەكرێنەوە، دەستی گەورەشی تێدایە .تەنانەت وەكوو ئەزموون لەوماوە زۆرەی كە لە گۆڤاری (هەنگ) دا كارم كردووە، زۆرجار باوكێك یان دایكێك، چەند بابەتێكی منداڵانی هێناوەو گوایەهەر بابەتێك یەكێك لە منداڵەكانی نووسیویەتی!
لێرەدا ئەمە دەبێتە مایەی پرسیار،كەئەو ماڵە چۆن لەیەك كاتدا ئەو هەموو نووسەرەی منداڵەی لێ هەڵكەوتووە؟!پێویستە بوار بە منداڵ بدرێت كە ئەوەی دەیەوێ بینووسێت لەو رووەوە هان بدرێت و هەوڵ بدرێت پەرە بە بەهرەكانی بدرێت ، بەڵام چاودێریش بكرێت، لەگەڵ ئەمەش دا ناتوانین نووسینی گەورە بۆ منداڵان فەرمۆش بكرین وبەهەند وەرینەگرین، بە تایبەتی ئەو نووسەرانەی كە توانیویانە بە سەركەتوویی بچنە ناوجیهانی منداڵانەوە.لەلایەكی دیكەوە، گەورە بەرپرسیارە لە زۆربەی شتەكانی تایبەت بە منداڵ "ناوی ، پەروەردەی ، خوێندنی ، ژیانی ، جل وبەرگی ،پێداویستیەكانی و چەندین شتی دیكەش، چی تێدایە ئەگەر بتوانێت بەرپرسیارییەتی نووسینیشی بۆ بخاتە ئەستۆی خۆی.
-سیستەمی پەروەردەی هەرێمی كوردستان تاچەند لە خزمەت پەروەردەی منداڵان دایە؟
*ئەمە پرسیارێكی گرنگە ، منداڵ وپەروەردەی دروست ،واتە ئایندەیەكی گەش و ڕووناك.بەداخەوە ئێمە سیستەمی پەروەردەمان بەو شێوەیە نیە كە لەگەڵ گۆرانكارییەكانی سەردەم بگونجێت.
ئەگەر بەراودێك لە نێوان ئێستاو(25-30) ساڵ لەمەوپێش بكەین ،پێشكەوتنێكی ئەو تۆ نابینین، چ لە ڕووی بینایی قوتابخانە و چی لەڕووی بەرنامەكانی خوێندن و چ لە ڕووی ژمارەی مامۆستایان و چ لەڕووی كردنەوەی خولی بەردەوام و شیاندن بۆ مامۆستایان و كارمەندانی كەرتی پەروەردە و چ دانانی بەرپرسانی پەروەردە لەسەر بنمای ئەزموون و لێهاتووییان،ئێستای دەوامی دوو دەوامی لە بینایەی قوتابخانەكاندا زۆرە و ژمارەی قوتابیانی هەرپۆلێكیش زۆر لە پێویست زیاترە ، چەند ساڵە وە كوو پێویست مامۆستا دانەمەزراون و جێی ئەوانەی خانەنشین دەكرێن بە مامۆستای تازە دامەزراو پڕ ناكرێنەوە.لەگەڵ ئەمەشدا دەبینین قوتابخانە ئەهلییەكان بەردەوام لە زیاد بووندان ، ئەمەش هەر بۆ منداڵە دەستڕۆیشتووەكانە،نەك بۆ هەمووان.
بەڕای من پێویستە پێداچوونەوەیەكی خێرا بۆ چاكسازی لە كەرتی پەروەدەدا بكرێت و بتوانێت لەگەڵ ڕەوتی خێرای سەردەم دا بگونجێت.بەداخەوە لە ئێستادا ژمارەی نەخوێندەوارامان لە پێشان زیاترە.
- چۆن منداڵان رابهێنن لە خوێندنەوە، رۆڵی قوتابخانە و خێزان دەبێ چۆن بێت؟
*قەیرانی كەم خوێندنەوە قەیرانێكی گشتییە و تەنیا تایبەت نییە بە منداڵان.ئێستا بە هۆی زۆری ژمارەی كەناڵە تەلەفزیۆنەكان و ئینتەرنێت و فەیسبووك و لقوپۆپەكانی و هەموو هونەرە تازەكانی ئەم بوارەوە ،كە منداڵان بەتەواوی خوویان پێوە گرتووەوبووەتە بەشێك لە ژیانی ڕۆژانەیاندا،ئاگایان لە خوێندنەوە نەماوە.سەرەرایی ئەمە منداڵ ئەگەر لە خێزانێك بێت كە گەورەكانی كتێب نەخوێننەوە، دەبێ چاوەڕێی چی لێبكرێت؟!
بەداخەوە زۆربەی گەورەكان ئامادەن دەیان جۆری دیاری بۆ منداڵەكانیان بكڕن،كەهەندێكیان زیانیشیان پێدەگەێنێت، وەكو یاری چەك وتەقەمەنی و جۆرەكانی تر ، بەڵام بیر لەوە ناكەنەوە كە جارێك كتێبێك ،یان گۆڤارێكی منداڵانەیان بە دیاری بۆ ببنەوە و لەسەر خۆشەویستی كتێب خوێندنەوە رایان بهێنن.
- تاچەند لەگەڵ ئەوەی لە قوتابخانە،لە ماڵ كتێبخانە هەبێت؟
*كتێبخانە یەكێكە لە پپێداویستییەكانی سەردەم ، دەبێ هەرماڵێك كتێبخانەیەكی ئاسایی تێدا بێت و بتوانرێت سوود لە كتێبخانە وەربگیرێت،بە ماڵێكی زیندوو ئاوادەن و پێشكەوتوودادەنرێت.
قوتابخانەش ، كە ماڵی دووەمی منداڵەو شوێنی پەروەردەو فێركرنیەتی و منداڵ كاتێكی زۆر لەوێ بەسەر دەبات پێویست كتێبخانەیەكی هەبێت و ژمارەی كتێبخانەكەش لەگەڵ ژمارەی قورتابییانی قوتابخانەكە بگونجێت.
- چیرۆك خوێندنەوە بۆ منداڵ پێش خەوتن تا چەند گرنگ و پێویستە؟
*چیرۆك یەكێكە لەو ژانرە ئەدەبییانەی كە كاریگەری زۆری لەسەر منداڵدا هەیە.ئێمە لەبیرمانە لەسەردەمی منداڵیمان ،چۆن شەوان پێش خەوتن ،دایك و داپیرە، یان هەركەسێكی دیكە هەندێك بەتەمەن و ئەزموون بێت ، چیرۆكیان بۆ دەگێراینەوە و ئێمەش بە تاسەوە گوێمان لێ ڕادەگرتن،هەتا لە ناوكەشوهەواو كاریگەریی چیرۆكەكەدا خەومان لێدەكەوت.جاران بەهۆی ئەوەی هۆیەكانی كات بەسەر بردن و خافڵاندن وەكوو ئێستا نەبوون ئەندامانی خێزان ،هەموویان لە كاتێكی گونجاو و زوودا،دەچوونە سەرجێگا و دەخەوتن . بەڵام ئێستا باردۆخەكە بەگشتی گۆڕاوەو دەتوانین بڵێن ئەندامانی خێزان وەكوو جاران ئاگایان لەیەكتر نییە و هەریەكەو لە ژووری خۆیەتی ،خەریكی یارییە سەردەمیەكانەو ئاگای لە دەرەوە نییە.
ئەو دووجۆرە ژیانە،دووجۆری جیاوازن و ئەگەر خێزانێك بتوانێ هەردوو جۆرلەیەكتر نزیك بكاتەوەو لەگەڵ یەك بیانگونجێنێت، كارێكی باشە ،دەنا لەوانەیە پاش چەند ساڵێك دیكە ئەو پەیوەندییە ئاساییەكانی نێوان ئەندامانی خێزان،وەكوو ئێستاش نەمینێت.
- ئامۆژگاری و رێنمایی بەرێزتان ، بۆ منداڵان چییە؟
* بەهۆی ئەوەی ئەم بڵاوكراوەی ئێوە زیاتر تایبەتە بە گەورە، نەك منداڵ پێموانییە منداڵ زۆر ببینی، بۆیە رووی دەمم دەكەمە خوشك وبرا گەوەرەكان، نەك خوانەخواستە وەكوو ڕینماییكردنیان بەڵكو بۆ زیاتر بەبیرهێناوەو دیارخستنی ڕاستییەك لە بارەی منداڵانەوە، ئەویش ئەمەیە:ئەگەر ئێمە دەمانەوێ ئاییندەمان لە ئێستادا باش و ڕۆشنبیر بێت، با بەهەمووانان ،چ تاك ، چ رێكخراو ،چ دەزگا پێوەندارەكانی حكومەت بەشێوازێكی سەرەدەمیانە و پەروەردەیەكی ڕەسن و گیانێگی نەتەوەیی و دوور لە دەمارگیری ،مامەڵە لەگەڵ منداڵاندان بكەین، چونكە پاش چەند سڵێكی دیكە، منداڵانی ئەمڕۆ گەورە دەبێ و جێگەی ئێمەی ئێستای گەورە دەگرنەوە، لە بەرزترین پلەوە تا دواترینیان.
لە كۆتاییدا بەهیوای ژیانێكی شەرفمەدانەو پەروەردەیەكی ڕەسەن بۆ منداڵان و ئاییندەیەكی گەش و ڕووناكیش بۆ كوردستان.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.