Erbil 30°C دووشەممە 16 ئەیلوول 22:07

بڕیاری نوێ بۆ وه‌رگرتنی قوتابییانی دیبلۆمی باڵا و ماسته‌ر و دكتۆرا ده‌ركرا

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مشه‌و دووشه‌م چه‌ند بڕیارێكی نوێی سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنی قوتابییانی دیبلۆمی باڵا و ماسته‌ر و دكتۆرا ده‌ركرد.

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كه‌مێك پێش ئێستا بڕیارەکانى کۆبوونەوەى ژمارە (2)ى ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڵاو كرده‌وه‌. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م بڕیارانه‌ دوای 9 سەعات کۆبونەوەی بەردەوام ده‌ركراون.

بڕیاره‌ نوێیه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ وه‌رگرتنی قوتابییانی دیبلۆمی باڵا و ماسته‌ر و دكتۆرا بریتین له‌:-

1-  چەسپاندنى ئەنجامى بەرایى پڕۆسەى خوێندنى باڵا (دیبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا) دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامى پەڵپ کە لەلایەن زانکۆکانەوە جێ بەجێ دەکرێت.

2-  ئەو پێشکەشکارانەى کە لەتاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەرچوون، بەڵام بەهۆى نەمانى کورسى خوێندن وەرنەگیراون، دەسەڵات دەدرێتە ئەنجوومەنى زانکۆکان لە ڕێگەى گواستنەوەى (موناقەلە)ى کورسییەکان لەهەمان بەشى زانستى یان زیادکردنى کورسى بەپێى تواناى بەشە زانستییەکانیان یاخود بە هاوبەشى زانستى نێوان زانکۆکان، کورسى خوێندنیان بۆ دەستەبەر دەکەن و هەر کورسییەک کە لە ڕێگەى گواستنەوە (موناقەلە) یاخود زیاد دەکرێت بۆ پلانى بنەڕەتى زانکۆکان، ئەوا بەشێوازى پارالێڵ دەبێت، ئەگەر زانکۆکان نەیانتوانى کورسى خوێندن بۆ بەشێک لە دەرچووان دەستەبەر بکەن بە پڕۆسەى سەرەوە، ئەوا بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن لەم خولە، بەڵام دەستپێکردنى خوێندنەکەیان دەکەوێتە خولى داهاتوو.

3- دواى جێبەجێکردنى خاڵى دووەم، ئەگەر لەو بەشانەى کە کورسییەکانیان بەهۆى دەرنەچوونى پێشکەشکاران پڕنەبۆوە، ئەوا کورسییەکانیان پڕدەکرێتەوە بە ڕەچاوکردنى ڕیزبەندى نمرەى توانستى زانستى پێشکەشکاران لە سەرجەم بازنەکان (خوێندنى باڵا، گشتى، پارالێل) لە بەرزترین کۆنمرەوە بۆ نزمترین تاکو کورسییەکان پڕدەکرێنەوە، بەمەرجێک نمرەى توانستى زانستى بەدەستهاتوو لە (10) کەمتر نەبێت و هەموو ئەو کورسییانەش خوێندنەکەیان بەشێوازى پارالێڵ دەبێت .

4-  کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى، ئەوانەى لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى نمرەکەیان لە (10) و بەسەرەوە بێت ئەوا بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن.

5-  کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت بە ڕێژەى (70%)، کە لەلایەن وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتییەوە پشت ڕاست دەکرێتەوە، کورسى خوێندنیان لە دەرەوەى پلان بۆ تەرخان دەکرێت، بەمەرجێک نمرەى توانستى زانستى بەدەستهاتو لە (10) کەمتر نەبێت .

6-  بڕیاردرا بە تەرخانکردنى کورسى خوێندن بۆ ناوچە دابڕیندراوەکانى هەرێمى کوردستان بەهەمان پێوەرى خاڵەکانى (4 و 5).

7-  بڕیاردرا ئامادەکارى بکرێت بۆ ڕاوندێکى ترى خوێندنى باڵا، بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆکان ڕاسپێردران لەسەرەتاى مانگى 9ى 2023 پلانى نوێ ئامادە بکەن و بۆ وەزارەتى بنێرن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.