Erbil 23°C پێنجشەممە 19 ئەیلوول 03:56

وەزیری شارەوانی: لە چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا تەنیا لەسەر داهاتی شارەوانی بە زیاتر لە 106 ملیار دینار 1790 پرۆژە جێبەجێ كراون

کوردستان TV
100%


وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا لەسەر داهاتی شارەوانییەكان و پێشنیەی فەرمانگەكانمان لەلایەن دامودەزگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە زیاتر لە 1790 پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری بە گوژمەی  106,496,317,316 دینار لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون، هاوكات ژمارەیەك پرۆژەی تری گەورەی خزمەتگوزاری لەسەر بودجەی حكوومەت و وەزارەت تەواو كراون.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان كە لەسەر داهاتی شارەوانی و پێشینەی مانگانەی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون، ڕایگەیاند: بە پێویستی دەزانم سەرەتا ئاماژە بەوە بكەم كە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وەزارەتێكی گەورەی خزمەتگوزارییە و بەشی زۆری پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت لە ڕێگەی دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەكرێن، بۆیە جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چوار ساڵەی كابینەی نۆیەمدا بە هەموو شێوەیەك هاوكار و پاڵپشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بووە و بەردەوامیش جەختی لەسەر پێشكەشكردنی باشترین و زۆرترین پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خەڵكی كوردستان كردووەتەوە، جەنابی سەرۆكی حكوومەت بەردەوام دووپاتیكردووەتەوە كە هاووڵاتی چەقی خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتن و دەبێت بە باشترین شێوە و بەبێ جیاوازی خزمەتی هاووڵاتییان بكەین، خۆشبەخاتە لەو ماوەیەدا دامودەزگەكانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و گەشتوگوزار و سەرجەم سێكتەرەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار توانیان خزمەتێكی باشی هاووڵاتییان بكەن كە ئەركی حكوومەتە خزمەتی هاووڵاتییانی خۆمان بكەین.
ساسان عەونی، سەبارەت بە ژمارەی پرۆژەكان گوتی: تەنیا لەسەر داهاتی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەت و پێشینەی مانگانەی فەرمانگەكانمان لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی كابینەی نۆیەمدا تواندراوە زیاتر لە 1790 پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەین، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆری پرۆژەی تر لەسەر بودجەی حكوومەت و بودجەی بەكاربردن تەواو تەواو كراون و ئێستاش كاركردن لە هەندێك پرۆژە تەواونەكراوەكان دەكرێت كە پێشووتر بڕیاریان لەسەر دراوە و لەم كابینەیەدا دووبارە كاركردن تێیاندا دەستیپێكردووەتەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەشڵێت: گوژمەی ئەو پرۆژانەی كە لەسەر داهاتی شارەوانییەكان و پێشینەی فەرمانگەكانی وەزارەت جێبەجێ كراون بریتییە لە 106,496,317,316 دینار و ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو داهاتەی دامودەزگەكانی شارەوانی لەو ماوەیەدا كۆیانكردووەتەوە، بەشێكی بە ڕێژەی 15%ی داهاتی شارەوانییەكان و ڕێژەی 17%ی داهاتی ئاو دووبارە فەرمانگەكانمان ئەو داهاتانەیان بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری تەرخانكردووەتەوە، بۆیە بەردەوام لەو كابینەیەدا كارمان لەسەر ڕێكخستنەوەی داهاتەكان كرد، چونكە چەندی داهاتمان ڕێك دەخرێتەوە، ژمارەی پرۆژەكانیش زیاد دەكەن.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وردەكاری پرۆژەكان كە لەسەر داهاتی شارەوانییەكان و پێشینەی فەرمانگەكان جێبەجێ كراون دەخاتەڕوو، لەمبارەیەوە دەڵێت: لە سنووری پارێزگەی هەولێر بە گوژمەی 47,719,658,404 دینار، 733 پرۆژەی جۆراوجۆر و لە سنووری پارێزگەی سلێمانی بە گوژمەی 29,839,720,252 دینار، 231 پرۆژە و لە پارێزگەی دهۆك بە گوژمەی 15,084,323,882 دینار 571 پرۆژە و لە پارێزگەی هەڵەبجە 51 پرۆژە بە گوژمەی 603,794,300 دینار، لە ئیدارەی گەرمیان 60 پرۆژە بە گوژمەی 3,631,952,500 دینار، لە ئیدارەی ڕاپەڕین 80 پرۆژە بە گوژمەی 6,498,569,075 دینار و لە ئیدارەی سۆران 32 پرۆژە بە گوژمەی 727,587,303 دینار و لە ئیدارەی زاخۆ 32 پرۆژە بە گوژمەی 2,390,711,600 دینار جێبەجێ كراون.
ساسان عەونی، ئاماژە بەوەش دەكات جگە لەو پرۆژانە، هاوكات چەندان پرۆژەی تری خزمەتگوزاری وەك تەواوكردنی بەشێكی شەقامی 120 مەتریی هەولێر و سێ قۆناغی شەقامی 150 مەتریی هەولێر و قۆناغی یەكەمی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی و پرۆژەی شەقامی بارزان و چەندین پرۆژەی تری گەورەی خزمەتگوزاری لەو كابینەیەدا بڕیاریان بۆ دەرچووە و بە گوژمەی گەورە جێبەجێ كراون.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.