Erbil 26°C ھەینی 20 ئەیلوول 02:54

وەزیری خوێندنی باڵا: بۆ ساڵى نوێى خوێندن زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى لە زانکۆکان دەڕەخسێنین

کوردستان TV
100%

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە کە وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ ساڵى نوێى خوێندن زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى لە زانکۆکان دەڕەخسێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتى 12ـی 07ـی 2023 ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەزارەتی پەروەردە پێشوازی لە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانى کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: بۆ ئەمساڵى خوێندنیش هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو پلانمانە بۆ ئەوەى زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى لە زانکۆکان بۆ کوڕان و کچانى هەرێمەکەمان لە خوێندنى گشتى لە زانکۆ حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان بڕەخسێنین.

هەروەها وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایى لە وەزارەتى پەروەردە کرد بۆ ڕاگەیاندنى ئەنجامەکانى پۆلى دوانزە و سەرکەوتنى پڕۆسەکە، هەروەها گرنگى ئەنجامدانى کۆبوونەوە بەردەوامەکانى نێوان هەردوو وەزارەتى بە بایەخ وەسف کرد بۆ تاوتوێکردنى پرس و بابەتە هاوبەشەکانى نێوان هەردوو وەزارەت و گوتی: تێگەیشتنى تەواومان بۆ هەردوو سێکتەرى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە کوردستان هەیە، بۆیە بوونى هەماهەنگى و هاوکارى بەردەوام و ئاڵوگۆڕى بیروڕاکان هاوکارمان دەبێت بۆ پێشخستنى زیاترى کەرتەکان.

لەبەرامبەردا ئالان حەمەسەعید وەزیرى پەروەردە کۆبوونەوە بەردەوامەکانى نێوان هەردوولاى بەشێوەیەکى دەورى بەگرنگ زانى، بۆ ئەوەى پرس و بابەتە پێویستەکانى نێوان هەردوو وەزارەت لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێ بکرێت.

وەزیری پەروەردە جەختیشی کردەوە کە هەردوو وەزارەت کارى زۆریان بەیەکەوە هەیە و سوپاسى وەزارەتى خوێندنى باڵاى کرد بۆ دابینکردنى هۆڵى زانکۆکان بەمەبەستى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى.

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەش لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگى بەردەوام کردەوە بۆ کارى هاوبەش لە داهاتوودا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.