کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەڵامی داواکارییەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت، نووسراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەدەستمان گەیشتووە و بۆ تاوتوێکردنی کۆبوونەوە ئەنجام دەدەین.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی 07ـی 2023 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بە نووسراوی فەرمی داوایان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
جومانە ئەلغەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی داواکارییەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: نووسراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و خراوەتە کارنامەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێ بکرێت.
ڕاشیگەیاند: سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کۆمیسیاران و سەرۆکی ئیدارەی هەڵبژاردن لەگەڵ ستافی تەکنیکی لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو دوو ڕێکەوتەی لە نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە دەکەن.
جومانە ئەلغەلای هەروەها ئامادەیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی بۆ هاوکاریکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیشان دا و گوتی: دوای تاوتوێکردنی ئەگەری ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەفتەی داهاتوودا، کۆمیسیۆن ئامادەیە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هاوکار بێت.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەبارەت بەو لێدوانانەشی بۆ دەزگاکانی دیکەی ڕاگەیاندن کە گوتبووی "ناتوانین هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە یەک کاتدا بەڕێوەببەین"، ئاماژەی بەوە دا کە "ئەوە پێشبینی خۆم بوو، بەڵام سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێی ڕاگەیاندم، هەفتەی داهاتوو لەبارەی نووسراوەکە کۆ دەبنەوە و داواکارییەکە تاوتوێ دەکەن."
ئەمەش لەدوای ئەوە دێت کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: له نووسراوێكى فه‌رميدا كه ڕێکەوتی دووشه‌ممه 10ـی 07ـی 2023 به واژۆى سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ئاراسته‌ى كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراق كراوه و دانه‌يه‌كيشى به لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كان دراوه، سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان داواى كردووه كۆمسيۆن ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان.
لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەش خراوەتەڕوو، له نووسراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه كه به‌پێى فه‌رمانى هه‌رێميى ژماره (90) له 26ـی 03ـی 2023 بڕيار دراوه هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ڕۆژى 18ـی 11ـی 2023 به‌ڕێوه بچێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواى كردووه كۆميسۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراق ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردن له ڕێکەوتی دياريكراودا، يانيش له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا‌كانى عێراق له ڕێکەوتی 18ـی 12ـی 2023.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.