Erbil 15°C سێشەممە 07 ئایار 21:09

ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان

کوردستان TV
100%

بەسەرپشتی سەرۆک بارزانی كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی بەڕێوەچوو، سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە درا کە هەوڵ دەدەن جیاوازییەكان لەبەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردن و سیاسیدا ڕێگر نەبن.

بەسەرپەرشتی سەرۆک مەسعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمرۆ چوارشەممە 12ـی 07ـی 2023 بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆک و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و ئەندامە یەدەگەكان و بەرپرسانی لقەكانی پارتیمان كۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.

لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە هاتووە، کە دوای گفتوگۆ  و بیروڕا گۆڕینەوە لەسەر بابەتە هەنوكەیی و گرنگ و كاریگەره‌كان لە جیهان و ناوچەكە بە گشتی و عێراق و كوردستان بەتایبەتی، بۆ ئەو بابەتانەی كه‌ پێویستبوو بڕیاریان بۆ وەرگیرا.

لە کۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئەم بابەتانە گفتوگۆیان لەسەر کرا و بڕیار لەبارەیانەوە درا:

- بارودۆخی گشتیی نێودەوڵەتی: ڕووداوەكانی ئێستای جیهان بە شەڕ و بەهاوپەیمانی، گۆڕانی هاوكێشە سیاسی و عەسكەریەكان و قەیرانەكان لێكەوتەیان لەو ڕووانەوە بۆسەر تەواوی دەوڵەتان هەیە و سیاسەت و بەرنامەكانی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەكی گشتی بووەتە مایەی نیگەرانی هاوپەیمانەكان. بەشێک لەم لێكەوتانە ڕاستەوخۆ هەندێكیش ناڕاستەوخۆ كاریگەریان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە.

- بارودۆخی هەرێمایەتی: پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ گفتوگۆی لەسەر كرا و بە پێویستزانرا ڕێز لە سەروەریی وڵاتان بگیرێ‌ و پاراستنی ئەمنییەتیان بە گرنگ دەزانرێ، نابێ‌ لە هەرێمەوە هەڕەشە ئاراستەی ئەو وڵاتانە بكرێت و پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە بواری سیاسی و ئەمنی و ئابووری لەبەرچاو بگیرێ‌ و بپارێزرێ‌.

- بارودۆخی عێراق: بابەتی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت باس كرا بەتایبەتی ئەو پاشەكشێیەی بەرامبەر پێكهاتەكانی نێو هاوپەیمانیەتیەكە هەستپێدەكرێ‌ و جێبەجێنەكردنی ماددەكانی ئەو ڕێككەوتن و هاوپەیمانیەی كە حكوومەتی لەسەر پێکهێنراوە، جێی نیگەرانی جددیە و لێكەوتەی ئەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هاوپەیمانییەتییەكە زیانی بۆ كۆی حکومڕانی عێراق دەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەم پاشەكشێیه‌ی بەشێكی لایەنەكان كه‌ ڕووی داوە، پشتگیری سەرۆک وەزیرانی حكومەتی فیدراڵی دەكەین و هیوادارین بەسەر ئاستەنگ و ڕێگریەكان سەركەوتووبێت لە جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەكه‌ی كە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە.

- كۆبوونەوە پاڵپشتی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و هەنگاوەكانی بۆ چارەسەری كێشە و گرفتەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بەرز نرخاند و هەروەها هەوڵەكانیان لە چارەسەری بابەتی بودجە و دابینكردنی مووچە و بژێوی ژیان و ئەمنییەتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە پەسەند زانی.

- تەوەری بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان: هەڵبژاردن و هەڵوێستی پارتیمان سەبارەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو هەنگاوانەی كە تاوەكو ئێستا هاوێژراون لە سەرۆكایەتیی هەرێم و كۆبوونەوە لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، هەروەها هەنگاوەكانی پارتیمان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی هەرێم و ڕەخساندنی كەشوهەوایەكی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكان لەنێوان لایەنەكانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی و ڕێككەوتن لەسەر ڕێكارە یاساییەكان. لەو پێناوەدا بەردەوام دەبین لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ لایەنەكان و هەوڵ دەدەین ئاستەنگ و كێشەكان چارەسه‌ر بكەین و ئیدارەی بارودۆخەكە بدەین بەشێوەیەک جیاوازییەكان ڕێگرنەبن لەبەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردن و سیاسی دا.

- بارودۆخی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان: بەڕوونی باس لە شێوازی كاركردنی ئۆرگانەكان و كاركردنی هەڤاڵانی بەرپرس و كادیرەكان لەم قۆناغەدا كرا، بەتایبەتی گرنگیدان و پابه‌ندی بە پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ، هەروەها بایەخدان بە بابەتی ئافرەت و گەنج و كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگەكان لە ئەولەویاتی كارەكان بێت. هه‌روه‌ها سەبارەت بەو پەلامار و هێرشانەی دەكرێتە سەر پارتی، دەبێ‌ هەوڵەكانمان لە ئاستی مێژوو و گەورەیی ڕێبازی بارزانی دابن و لە ئاستێکدا بن كە ئاشتیی كۆمەڵایەتی و پرەنسیپەكانی ڕاگەیاندن ڕەچاو بكرێت.

لە لایەكی دیكەوە تەئكید لە پەیوەندیی ئەندامان و كادیرانمان لەگەڵ جەماوەر كرایەوە بۆ بەهێزكردنی هزری نەتەوەیی و نیشتمانی، هەروەها هاندانی هەڤاڵانمان بۆ بەره‌نگاربوونەوەی هەندێ‌ دیاردەی دزێو كە تێكدەری بارودۆخی كۆمەڵاتی و خێزانین وەكو مادده‌ی هۆشبەر. لە كۆتاییدا جەخت لە پەیرەوكردنی ڕێنماییەكان كرایەوە.

کوردستان هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.