Erbil 23°C پێنجشەممە 19 ئەیلوول 04:21

جێگری پارێزگاری نەینەوا: پلانی جددی ھەیە كە ناوەڕۆكی رێككەوتننامەی شنگال بەم نزیكانە جێبەجێ بكرێت

کوردستان TV
100%

رەفعەت سمۆ رەشۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا لە لێدوانێكیدا گوتی: بێگومان گەورەترین زیانلێكەوتووانی دەستی داعش بریتیین لە ئێزدییەكانی قەزای شنگال كە تیایدا ژنەكان رفێندران و دەستدرێژییان كرایەسەر، منداڵەكانیشیان چەكدار كران و چەندین تاوانی دژبە مرۆڤایەتییان ئەنجامدا، دوای ئازادكردنی قەزاكە و بوونی چەندین هێزی چەكداریی، ئێستا رێككەوتننامەیەك سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال لەنێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێم واژوو كراوە، بەڵام رێككەوتننامەكە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە، بەهۆی ئەوەی هەندێك لایەنی نایاسایی لە شنگال هەن كە دەستیان بەسەر ناوچەكەدا گرتووە.
گوتیشی: پلانی جیددی هەیە كە ناوەڕۆكی رێككەوتننامەكە بەم نزیكانە جێبەجێ بكرێت و هەنگاوی یەكەم گەڕانەوەی ئاوارەكانە بۆسەر زێدی خۆیان، هەرچەندە ماڵ و خانووەكان هەموو رووخاوە، بەڵام فەرمانگەی قەرەبووكردنەوەی ئێزدییەكان لە قەزای شنگال هەیە و دەبێت لەوێ داوای قەرەبووكردنەوە بكەن و قەرەبوو بكرێنەوە، چونكە ئێزدییەكان ماوەی نۆ ساڵە لەژێر خیوەتی كەمپەكان ژیان بەسەر دەبەن .
جێگری پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوەیش كرد كە بابەتە زیاتر ئەمنییە تا خزمەتگوزاری لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەركردنی بابەتەكە پەیوەستە بە حكوومەتی ناوەندییەوە و گوتی: دۆسییەكە مەركەزییە و پەیوەستە بە حكوومەتی ناوەندەوە، هەر كێشەیەك هەبێت هیوادارم چارەسەر بكرێت بۆ ئەوەی خەڵكەكە بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆیان، بابەتەكە ئەمنییە و پەیوەندی بە دۆسییە ئەمنییەكانەوە هەیە بەجۆرێك پێویستە سەرەتا دۆسیەی ئەمنیی چارەسەر بكرێت، دواتر خزمەتگوزاری بۆ ناوچەكە دابین بكرێت.
 

کوردستان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.