Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 01:11

کابینەى نۆیەم هەلی کارى بۆ 582 کۆمپانیاى نوێ ڕەخساندووە

کوردستان TV
100%

لە چوار ساڵی ڕابردووى کابینەى نۆیەمدا، بەپێی ڕاپۆرتێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەلی کار بۆ 582 کۆمپانیاى نوێ ڕەخسێنراوە.

وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بوارى وەبەرهێنان و فراوانکردنی پانتاییی کارى کۆمپانیا خۆماڵی و دەرەکییەکان، وەکو یەکێک لە هێڵە گرنگەکانی کاری حکوومەت خستووەتەڕوو، ئاماژەی بەوە داوە کە پێشکەوتنی گرنگی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش هاوتەریبی ڕێنمایی و یاسای نوێ بووە کە بەرهەم و دەستی کارى ناوخۆیی دەپارێزن.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، لە هەرێمی کوردستاندا، کۆى گشتی، 32 هەزار کۆمپانیاى جۆراوجۆر لە کاردان، ڕێژەی دابەشبوونیشی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:-

- هەولێر، نزیکەى 21 هەزار و 105 کۆمپانیایە؛ 18 هەزار و 652 کۆمپانیا خۆماڵیین و 2 هەزار و 518 کۆمپانیا بیانیین.

- سلێمانی، 7 هەزار و 165 کۆمپانیا هەن؛ 6 هەزار و 620 کۆمپانیا خۆماڵیین و 579 کۆمپانیا دەرەکیین.

- دهۆک، 3 هەزار و 853 کۆمپانیا هەن؛ 3 هەزار و 581 کۆمپانیایان خۆماڵیین و 297 کۆمپانیا بیانیین.

بەمەش لەکۆی گشتییدا، 32 هەزار و 123 کۆمپانیا لە کوردستاندا هەن، 28 هەزار و 853 کۆمپانیا خۆماڵیین و 3 هەزار و 376 کۆمپانیا بیانیین.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لەو چوار ساڵەی کابینەى نۆیەمدا، بەهۆى ئاسانکارییەکان، 582 کۆمپانیا بە سەرمایەى 635 هەزار دۆلار، مۆڵەتی کارکردنیان وەرگرتووە، کە 13 هەزار و 451 هەلی کاریان بە گشتی دابین کردووە.

تیشکی خستووەتەسەر ئەوەش کە بوارى کارەکانی ئەو کۆمپانیایانە بریتین لە: خۆراک، بیناسازی، ڕستنوچنین، فلزییەکان، کیمیاوی، پلاستیکی، سلیلۆزی، مۆبیلیات، دووبارە بەکارهێنانەوە و خزمەتگوزاری.

هەروەها ژمارەی کارگە مۆڵەتپێدراوەکان لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیە خراوەتەڕوو:-

- هەولێر، 490 کۆمپانیا بووە، کە بە سەرمایەى نزیکەى 174 هەزار دۆلار بەشدارییان کردووە.

- ژمارەى کارگە مۆڵەتپێدراوەکانی پارێزگاى سلێمانی لەم کابینەیەدا، 213 کۆمپانیا بە سەرمایەى 725 هەزار دۆلار بووە.

- ژمارەى کارگە مۆڵەتپێدراوەکانی پارێزگای دهۆک 83 کۆمپانیا بە سەرمایەى نزیکەى 138 هەزار دۆلار بووە.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی باسی لە پڕۆژەى سایلۆکان، عەنبارى زیاتر و ئاسایشی باشتری خۆراکیش کردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە تاکوو مانگی نیسانی 2023، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەهەر سێ پارێزگاى هەولێر، سلێمانی و دهۆک، لەکۆی دامەزراندنی ئەو سایلۆیانەى لە مەخموور، هەولێر، قوشتەپە، پیرەمەگروون، ڕانیە، شارەزوور، چەمچەماڵ، کەلار، فایدە، شێخان، زاخۆ و بەردەڕەش دروستی کردوون، توانیویەتی 585 هەزار تەن گەنم عەنبار بکات و پڕۆژەی هاوشێوەش بەردەوامیی هەیە. کە ئەمەش بە یەکێک لە بنەما گرنگەکانی بەرەوپێشبردنی ئاسایشی خۆراک و دانەوێڵە لە هەرێمی کوردستاندا دادەنرێت.

لە ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەو پڕۆژانەش دراوە کە لە کاردان و تێیدا هاتووە کە چەندین پڕۆژە لە کارکردندان، وەکو دروستکردنی سایلۆى 40 هەزار تەنی و 5 کۆگەى مەوادی خۆراکی، لە بەردەڕەش، دروستکردنی کۆگەى مۆدێرن بۆ عەنبارکردنی برنجی پسوولەى خۆراکی مانگانەى هاووڵاتییان لە سایلۆی فایدە، دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەى پیشەسازیی تانجەڕۆ، دروستکردنی سایلۆ بە قەبارەى 80 هەزار تەن لە سلێمانی و دروستکردنی 8 کۆگە لە ناوچەى هوانە، گەیاندنی خزمەتگوزاریی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ و داخستنی تێکەڵە بۆ بەشێک لە شەقامەکانی پیشەسازیی تانجەڕۆ، ئاوەڕۆی بۆکس بۆ کۆمەڵگەى گەنجینەکانی خواردن لە ناوچەى هوانە بە درێژاییی 280 مەتر لە سلێمانی، دروستکردنی کۆمەڵگەیەک بۆ فەرمانگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرێتیی گشتیی بازرگانیی سۆران، دروستکردنی ناوچەى پیشەسازی لە کەلار، دروستکردنی سایلۆی 40 هەزار تەنی و 10 کۆگە لە هەڵەبجە.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە کابینەى نۆیەم، بێ دابڕان لە بوارى بازرگانی و وەبەرهێنان کار دەکات، لەو سۆنگەوەش 25 پڕۆژەی دیکە پێشنیاز کراون و بەشێکیان پارەیان بۆ تەرخان کراوە تاوەکو جێبەجێ بکرێن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.