Erbil 26°C ھەینی 20 ئەیلوول 04:03

خوێندنى باڵا: بۆ ساڵى نوێى خوێندن زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى لە زانکۆکان دەڕەخسێنین

کوردستان TV
100%


لە ڕێورەسمى کردنەوەى یەکەمین سێنتەرى هواوى ئەکادیمى سەپۆرت لە زانکۆى سەڵاحەدین کە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتى گشت ئەکادیمییەکانى عێراق دەکات، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڵێنى بە دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى دا بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (2023-2024) هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو کاردەکەین بۆ ئەوەى زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى لە زانکۆکان بۆ کوڕان و کچانمان بڕەخسێنین.
ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2023/7/11) بە ئامادەبونى د. ئارام محه‌مه‌د قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بریکارى وەزارەت و سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین- هەولێر و ڕاوێژکاران و جێگرى کونسوڵى چین لە هەولێر و جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای هواوی لەعێراق و بەڕێوەبەری پەیوەنییەکانی کۆمپانیای هواوی لە هەرێمى کوردستان، لە ڕێورەسمێکدا لە کۆلێژى ئەندازیارى زانکۆى سەڵاحەدین - هەولێر یەکەمین سێنتەرى هواوى ئەکادیمى سەپۆرت کە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتى گشت ئەکادیمییەکانى عێراق دەکات کرایەوە.
جێگەى ئاماژەیە بەپێى ڕێکەوتنى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆکان و کۆمپانیاى هواوى چینى، ژمارەی ئەکادیمیەکانى هواوى لە هەرێمى کوردستان گەیشتە 12 ئەکادیمیا لە ئێستاشدا زیاد لە 500 خوێندکار و قوتابى بەشدارن لە کۆرسەکانی ICT  و وانە دەخوێنن.
لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى پیرۆزبایى کردن بۆ کردنەوەى سێنتەرەکە، کارەکانى هواوى بەهاوکارى زانکۆکانى کوردستانى بەرزنرخاند بۆ ڕاهێنانى خوێندکاران و قوتابیان و رەخساندنى هەلى کار بۆیان، بۆ ئەمەش وتى: لەسەر ئاستی وەزارەت بۆردێکی باڵامان پێکهێناوە بەمەبەستى هەماهەنگی و کارکردن لەگەڵ هواوی کە بە سوپاسەوە کاری زۆر باشیان کردوە لە بواری هەماهەنگی و کاری هاوبەش.
لە درێژەى وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر، ئاماژەى بە کارەکانى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەت لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردو ڕایگەیاند: بە پاڵپشتى هەموو لایەک لە ماوەى چوار ساڵدا توانیمان زۆرترین پرۆژەى زانستى و ئەکادیمى لە زانکۆکانى کوردستان جێبەجێ بکەین و وەزارەت بکەین بە مینبەر و ماڵى هەموو فێرخوازان و قوتابیان و خوێندکارانى کوردستان و هەمیشە ببینە داکۆکیکارى سەرەکى پاراستنى مافى گشت چین و توێژەکانى سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان، بۆ ئەمەش ئاماژەى بە بەشێک لە پرۆژە گرنگەکانى وەزارەت لەماوەى ئەم چوار ساڵەدا کرد، کە زۆربەى پرۆژەکان بەمەبەستى لەبەرچاوگرتنى بارو گوزەرانى خوێندکاران و سوککردنى بارى ژیانى فێرخوازان بوە. 
لە کۆتایى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ ئەمساڵى خوێندنیش بە ڕەچاوکردنى کواڵتى خوێندن و لەچوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، کار بۆ وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات، بۆ ئەمەش وتى: بەهەمان رۆحیەتى ساڵانى پێشوو و بەڕەچاوکردنى کواڵتى خوێندن، زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچوانى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان دەرەخسێنین، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەت هاوکارو پاڵپشتى زانکۆکان دەبێت.
لە بەشى کۆتایى ڕێورەسمەکەدا هەریەک لە سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین هەولێر و جێگرى بەڕێوەبەری کۆمپانیای هواوی لەعێراق وتەى جیا جیایان پێشکەشکرد دواتریش لەلایەن کۆمپانیاکە خەڵاتى ڕێزلێنان بەخشرا بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.