Erbil 26°C ھەینی 20 ئەیلوول 04:11

دەستەی ئامار: ئێستا نزیكەی حەوت ملیۆن و 500 ھەزار كەس لە ھەرێمی كوردستان دەژین

کوردستان TV
100%

دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان سەربە وەزارەتی پلاندانان لە رۆژی جیھانی دانیشتوواندا، ئامارێكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا پێشینی ژمارەی دانیشتووانی بۆ كۆتایی ساڵی 2023 كردووە كە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دەگاتە سەرووی شەش ملیۆن و 500 هەزار كەس.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تەمووزی 2023، دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە بەپێی خەمڵاندنەكانی دەستەی ئامار پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی ساڵی 2023، ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی كوردستان (بەبێ ژمارەی ئاوارە و پەنابەران) بگاتە شەش ملیۆن و 556 ھەزار و 752 كەس.
دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان روونی كردووەتەوە "لەم ژمارەیە، سێ ملیۆن و 296 ھەزار و 240 هاووڵاتیی لە رەگەزی نێرن و لە بەرامبەریشدا، سێ ملیۆن و 260 ھەزار و 240 هاووڵاتیی لە رەگەزی مێن".
هاوكات پۆڵێنی ئەوە كراوە كە لە كۆی ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی كوردستان، سەدا 78.4ی دانیشتووان شارنشینن و سەدا 21.6ی دانیشتووی گوند و لادێكانن و گەشەی دانیشتووانیش بۆ ساڵی 2023دا بە سەدا دوو خەمڵێنراوە.
هەروەها ئاماژە بەوەكراوە كە بابەتێكی دیكەی دانیشتووان كە كاریگەری هەبووە لەسەر پێكهاتەی دیمۆگرافی هەرێم، بوونی ئاوارە و پەنابەرانە بەتایبەت دوای ساڵی 2014 بەپێی داتاكانی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ، ژمارەی كەسانی ئاوارەی ناوخۆ لە عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی 2018دا یەك ملیۆن و 180 هەزار ئاوارە بووە، پشكی هەرێم لە ئاوارە ناوخۆییەكان نزیكەی 694 هەزار كەس بوو.
دوێنێ سیروان محەمەد "سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان، رایگەیاندبوو كە ئێستا نزیكەی حەوت ملیۆن و 476 ھەزار كەس لە ھەرێمی كوردستان دەژین لەو ژمارەیەش 660 ھەزار ئاوارە و 266ھەزاریان پەنابەرن.

هاوكات وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندووە كە ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ ساڵی 2023 بە (43) ملیۆن و (324) هەزار كەس خەمڵێندراوە.

رۆژی 11ی تەمووزی ھەموو ساڵێك لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەرۆژی جیهانیی دانیشتووان دەستنیشان كراوە.


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.