Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 19:00

د. جوتیار عادل: زیاتر لە 80% کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە

کوردستان TV
100%

سەرۆکی فەرمانگە و میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە 80% کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی 07ـی 2023 لەژێر درووشمی "کوردستانێکی بەهێزتر" بۆ یادی چوار ساڵەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیڤێنتێکی ڕێکخستووە.

د. جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە ئیڤێنتەکەدا گوتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: دەتوانین بە بەڵگەوە بڵێین زیاتر لە 80% کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە و زۆرینەی ئەو بەڵێنانەی لە کارنامەی کابینەی نۆیەم نووسرابوون، بە بەڵگەوە بەدیهاتوون.

سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بەشێک لەو بەڵێنانەی خستووەتەڕوو، ڕایگەیاند: ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە دامەزرێنرا، یاسای چاکسازی تەشریع کرا بۆ ڕێکخستنی دەرماڵە و ئیمتیازاتەکان، هەروەها سێ ڕاپۆرت لەمبارەیەوە بۆ پەرلەمان بەرز کراوەتەوە.

ڕاشیگەیاند: کاراکردنەوەی پۆرتاڵی خزمەت بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین، هەروەها بە ئەلیکترۆنیکردنی زیاتر لە 28 خزمەتگوزاری یەکێکی دیکە بوو لە کارەکانی کابینەی نۆیەم.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سەرجەم بەرپرسانی باڵای حکوومەت فۆڕمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکانیان پڕکردۆتەوە، هەروەها لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی چەندین پڕۆژەیاسای پێشنیار کرد و پەسەند کران و دواتر تەشریع کران.

سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری وێڕای ئەوەی تیشکی خستەسەر چەندین چاکسازی کابینەی نۆیەم لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، ئاماژەی بەوەش دا کە کابینەی نۆیەم 100 هەزار هەلی کاری ڕەخساندووە، جگە لەو هەلی کارە ڕاستەوخۆیانە، دەیان هەزار هەلی کاری دیکەی ناڕاستەوخۆش ڕەخسێنراون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.