ماوەی چەند رۆژێكە پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان بەڕێژەیەكی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە كردووە ، ھاووڵاتییانیش بە شێوازی جیاجیا ھەوڵی خۆ فێنككردنەوە دەدەن بۆ دووركەوتنەوە و رزگاربوون لە گەرمای هاوین.
رووباری زێی گەورە كە سنووری كارگێڕیی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك لە یەكتر جیادەكاتەوە، یەكێك لەو شوێنانەیە كە هاووڵاتییان لە وەرزی گەرمادا لە رێگای مەلەكردن لەو رووبارە خۆیان فێنك دەكەوە و بەشێك لە هاووڵاتییان ئاماژە بەوە دەكەن كە لەم وەرزەدا، رۆژانە دوای نیوەڕۆ بۆ خۆفێنككردنەوە دەچنە رووباری زێی گەورە و تا كاتێكی درەنگی رۆژ لە شوێنەكەدا دەمێننەوە.
لە بەشێكی رووباری زێی گەورە كە دەكەوێتە نێوان قەزای خەبات سەربە پارێزگای هەولێر و شارەدێی كەلەك سەربە قەزای بەردەرەش لە سنووری پارێزگای دهۆك، رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان لەو شوێنە مەلە دەكەن و ژمارەیەك هاووڵاتییش ئاماژە بەوە دەكەن كە هاووڵاتییانی هەولێر و شوێنەكانی دیكەش بە مەبەستی خۆفێنككردنەوە لە وەرزی هاویندا روو لە رووباری زێی گەورە دەكەن و ئەوەش دەخەنەڕوو كە بەهۆی نەشارەزایی لە شوێنەكە ساڵانە ژمارەیەك كەس لە میانی مەلەكردندا دەخنكێن.
لە هەردوو بەری رووباری زێی گەورەدا، هاووڵاتییەكی زۆر دانیشتوون و دوای ماندبوونی مەلەكردن خەریكی پشوودانن، هاوكات ژمارەیەكی زۆریش لەناو ئاودا مەلە دەكەن و ژمارەیەك منداڵی بچووكیش لە هەردوو رەگەز كە جلی تایبەت بە سەرئاوكەوتنیان پۆشیوە، لەناو ئاودا دەبینرێن.
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە هاووڵاتییان روو لە رووبار و چەمەكان دەكەن
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.