Erbil 33°C ھەینی 20 ئەیلوول 13:47

ئامێدی؛ لە سێ ڕووداوی جیادا 13 کەس برینداربوون و منداڵێکیش گیانی لەدەست دا

کوردستان TV
100%

لە سنووری قەزای ئامێدی تەنیا ئەمڕۆ بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ 11 گەشتیاری بە ڕەچەڵەک عەرەب برینداربوون و منداڵێکیش گیانی لەدەست دا، هەروەها کوڕ و باوکێکیش بەهۆی کەوتنەخوارەوەیان لە چیا، برینداربوون.

ڕۆژی هەینی 07ـی 07ـی 2023 جیهان ڕەسوول پەیامنێری (کوردستان تیڤی) پێی ڕاگەیاندین: ژمارەیەک گەشتیار کە لە باشووری عێراقەوە بۆ گەشتکردن هاتبوونە سنووری قەزای ئامێدی دووچاری ڕووداوێکی هاتووچۆ بوون، لە ئەنجامدا 5 گەشتیار برینداربوون.

ڕاشیگەیاند: چوار لە گەشتیارەکان لە نەخۆشخانەی ئامێدی چارەسەر کران، گەشتیارەکەی دیکە بەهۆی ناجێگیربوونی ڕەوشی تەندروستی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کران و ئێستا لەژێر چاودێری دایە.

سەبارەت بە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی باوک و کوڕێک لە چیا، پەیامنێرمان گوتی: کوڕی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی لە گەلی شێرانە لە سنووری قەزای ئامێدی لەسەر چیا دەکەوێتە خوارەوە، باوکی لە کاتی هەوڵی ڕزگارکردنی کوڕەکەی بریندار دەبێت و ئێستا لە نەخۆشخانەن و ڕەوشی تەندروستیی هەردووکیان جێگیرە.

پەیامنێری ( کوردستان تیڤی) سەبارەت بە ڕووداوی سێیەم، باسی لەوە کرد، درەنگانی هەر ئەمشەو هەینی، لە ڕووداوێکی دیکەشدا، ژمارەیەکی دیکەی گەشتیاری عەرەب دووچاری ڕووداوی هاتووچۆ بوون، بەهۆیەوە 6 گەشتیاری دیکە برینداربوون و منداڵێکیش بەهۆی ڕووداوەکەوە گیانی لەدەست دا.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک سەردانی بریندارەکانی کرد و جەختی کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان، ڕەوشی بریندارەکان جێگیرە و لەلایەن پزیشکەوە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.

جێی باسە، گەشتیارێکی زۆر بەهۆی كەشوهەوای فێنک و دیمەنە سیحراوی و سەیرانگە خۆشەكانی، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.