ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م ده‌ستگیركردنی باندێكی سپیكردنه‌وه‌ی پاره و هه‌نارده‌كردنی دۆلاریان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕاگه‌یاند كه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا بڕی 68 ملیۆن دۆلاریان ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه كردبوو.
ده‌سته‌كه له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بڵاوی كرده‌وه: تیمیكی نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌جه‌ف توانیان ئه‌ندامی باندێك ده‌ستگیر بكه‌ن كه هه‌ڵسابوون به كاری سپیكردنه‌وه‌ی پاره و هه‌نارده‌كردنی دۆلار بۆ ده‌ره‌وه وڵات به‌ناوی چه‌ند هاووڵاتییه‌ك بێ ئه‌وه‌ی خۆیان ئاگاداربن.
ڕاشیگه‌یاند: بانده‌كه له ماوه‌ی ڕابردوودا هه‌ڵسابوون به هه‌نارده‌كردنی بڕی 68 ملیۆن دۆلار بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له ڕێگه‌ی كۆمپانیایه‌كی ساخته‌ی ئاڵوگۆڕی دراو به‌ناوی هاووڵاتییه‌ك بێ ئه‌وه‌ی هاووڵاتییه‌كه خۆی ئاگادار بێت.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئه‌و هاووڵاتییه‌ی كه كۆمپانیاكه‌ی به‌ناو كرابوو، تووشی شۆك ببوو كاتێك سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ی باجی نه‌جه‌فی كردبوو و بینی بووی كه 130 ملیار دینار باجی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه له ئه‌نجامی ئه‌و پارانه‌ی كه بانده‌كه ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیان كردبوو.
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق جه‌ختیشی كرده‌وه كه دوای لێكۆڵینه‌وه‌كان، ده‌ركه‌وت كه بانده‌كه له ساڵی 2012وه ئه‌م كاره ده‌كه‌ن و له‌و ماوه‌یه‌شدا فێڵیان له چه‌ندان هاووڵاتی كردووه.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه دادوه‌ری دادگه‌ی لێكۆڵینه‌وه به‌پێی مادده‌ی 44 له یاسای سپیكردنه‌وه‌ی پاره فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی بانده‌كه ده‌ركردووه و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش له‌مباره‌یه‌وه به‌رده‌وامه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.