Erbil 15°C ھەینی 05 تەمووز 07:09

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی داراییەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشکی پێشینەی ( هاوسەرگیری و خانووبەرە ) لە دەستەبەر ( کەفیل ) بڵاو کردۆتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕێنمایی دارایی ژمارە ( 9 )ـی ساڵی / 2023 تایبەت بە وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشکی پێشینەی (هاوسەرگیری و خانووبەرە) لە دەستەبەر (کەفیل) لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند: پێدانی قەرز و بەدەستهێنانەوەی بەپێی یاسای عێراقی ئەنجام دراوە و لە ساڵانی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی ڕەچاوی قەیرانی دارایی کردووە و ئاسانکاری زۆری پێشکەش کردووە بۆ چۆنیەتی گەڕاندنەوەی قەرزەکان و چەند جارێک بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لێخۆشبونی تەواو کراوە لە هەموو ( سزا ) کەڵەکەبووەکان و داشکاندنی 15% بۆ کۆی گشتی قەرزەکان.  

ڕاشیگەیاند: ئەم ڕێنماییە ( ڕێنمایی ژمارە 9)  لە بنەڕەتدا بۆ کارئاسانی خاوەن قەرز و کەفیلەکان دەرچووە و لە بڕی ئەوەی کۆی مووچەی کەفیلەکە ڕابگیرێت، لەمەودوا تەنیا (یەک لەسەر پێنجی ) مووچەی مانگانەی دەبڕدرێت، ئەگەر قەرزار ئامادە نەبوو لەماوەی دوو مانگ قەرزە کەڵەکەبووەکانی بگەڕێنێتەوە، ئەو لێبڕینەش بەیاسا و بڕیاری دادگە ڕێکخراوە، تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە فەرمانبەران و بوونەتە کەفیلی هاووڵاتی تەنیا بۆ سێ جۆر قەرزە کە ئەوانیش قەرزی (خانووبەرە، نیشتەجێبوون، هاوسەرگیری).  

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بەپێی ڕێنماییەکە خاوەن قەرز ناچار نەکراوە لە ماوەی دوو مانگەکە هەموو قەرزەکە بگەڕێنێتەوە، ئەگەر هەر کەس نەیتوانی لەو ماوەیە قەرزەکە بداتەوە دەتوانێت لەگەڵ کەفیلەکەی ڕێک بکەوێت و مانگانە ئەو بڕە پارەیە بداتە کەفیلەکە کە لە مووچەکەی دەبڕدرێت.   

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ ئاگاداری هەموو لایەک هیچ گۆڕانکارییەکی جیاواز  و بنەڕەتی لە شێوازی وەرگرتنەوەی قەرزەکان نەکراوە و کەسی کەفیلیش بە ویستی خۆی ئەو پابەندێتیەی خستۆتە ئەستۆی خۆی، بەپێی یاساش وەزارەتی دارایی و بانکە پسپۆڕییەکان دەسەڵاتی لێخۆشبونیان لە هیچ بڕێکی قەرزەکە نییە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.