به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر ئاشكرای كرد كه له یه‌كێك له گه‌ڕه‌كانی شاری هه‌ولێر ده‌ستیان گرتووه به‌سه‌ر كۆگایه‌كی چه‌ك و خاوه‌نی كۆگاكه‌شیان ده‌ستگیر كردووه.
ئاسایشی هه‌ولێر له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بڵاوی كرده‌وه: دوای کۆکردنەوەی زانیاری و ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن هێزەکانمان لە (بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر) و بە هەماهەنگی لەگەڵ (بەشی هەواڵگریی فەرماندەی زێڕەڤانی)، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لە گەڕەكی (لاوان) لەناو شاری هەولێر، توانیمان دەست بەسەر کۆگایەکی بێ مۆڵەتی (چەک و کردنەوەی چەک)دا بگرین.
بڵاویشی كرده‌وه: لە کاتی پشکنین بۆ ئەم کۆگایە، دەست بەسەر دەیان پارچە چەکی جۆراوجۆر گیرا كە چەكەكان لە جۆری کلاشینکۆف، دەمانچە، M4، قەناس و بی كەی سی بوون.
ئاسایشی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: جگه له چه‌كه‌كان، هه‌روه‌ها ژمارەیەکی زۆری (فیشەک) و سەدان پارچەی يەدەگی چەک و چەند ئامێرێکی تایبەتیی تۆڕنەکردن و لێدان و گۆڕینی ژمارەی چەک و چەندین پارچەی جۆراوجۆری کەلوپەلی سەربازی ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا کە بە شێوەی نایاسایی مامەڵەیان پێوە دەکرا.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر جه‌ختیشی كرده‌وه كه خاوەنی كۆگاكەشیان بە ناوی (ڕ.ع.ج) دەستگیرکردووه و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.