Erbil 31°C شەممە 21 ئەیلوول 17:56

ڕاگەیەندراوێك لە پارێزگای هەولێرەوە 

کوردستان TV
100%

پارێزگای هەولێر دەربارەی پلانی ئەمنی و ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە..
ڕاگەیەندراوێك لە پارێزگای هەولێرەوە، دەربارەی پلانی ئەمنی و ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز
بەپێی ئەو ئامادەكاری و پلانانەی بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز، بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، لە لایەن لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیانی سنووری پارێزگاكەمان ئامادەكاری بۆ كرابوو، پلانەكە وەكوخۆی و بە سەركەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێكرا.
ئاماری گشتیی ژمارەی هاتنی گەشتیار و ڕووداوەكانی ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزیش، لە سنووری پارێزگاكەمان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:- 
یەكەم/ گەشتوگوزار:
بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز، پلانی گەشتوگوزار، كە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشت و گوزار ئامادەكرابوو، وەك چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەكانی وەكو خۆی و بە سەركەوتووی جێبەجێكران، وەك دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابین كردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەكان و پێدانی ڕێنمایی پێویست بە گەشتیاران لە دەروازەكانی شار و پێكھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بە دواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنكە گەشتیارییەكان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشكەشكردنی خزمتگوزاریی، ئەوەجگە  لە ئاگاداركردنەوەی سەرجەم ڕێستوڕانت و جێشتخانەكان و پێدانی ڕێنمایی بۆ كردنەوە و پیشوازیكردنیان لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژن. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی لەوماوەیەدا سەردانی هەولێر پایتەختیان كردووە بریتی بوو لە ( 143 هەزار و 921 ) سەد و چل و سێ هەزار و نۆسەد و بیست و یەك گەشتیار.

دووەم/ ئاسایشی هەولێر:-
بەپێی ئەو پلان و ئامادەكاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەكو خۆی و بەبێ هیچ گیر و گرفتێك جێبەجێكرا و بۆ هەرحاڵەتێكی  پێویستیش، هێزەكانی ئاسایش لە ئەرك دابوون.
سێیەم/ پۆلیس:-
سەبارەت بە پلانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بە بەشداری سەرجەم هێزەكان لە هەموو بەش و هۆبەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز، وەك چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەكانی وەكو خۆی و بە سەركەوتووی جێبەجێكران، ئاماری تاوانەكانیش لە ڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، ( 35 ) تاوان تۆماركراوە، ( 26 ) تاوان ئاشكراكراوە، ( 9 ) تاوانیش لە ژێرلێكۆڵینەوە دایە.  
چوارەم/ هاتووچۆ:-
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز، وەك چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەكانی وەكو خۆی و بە سەركەوتووی جێبەجێكران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە ڕێنمایی و یاساكانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، ( 8 ) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا، لە ئەنجامیاندا ( 8 ) كەس بریندار و ( 1 ) كەسیش بەداخەوە گیانی لەدەستدا. 
پێنجەم/ بەرگری شارستانی:- 
تەواوی بنكەكانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی  قوربانی پیرۆز لە ئەرك دابوون، لەوماویەشدا ( 9 ) حاڵەتی ئاگركەوتنەوە و ( 1 ) ڕووداوی خنكان و ( 2 ) حاڵەتی ڕزگار كردن هەبووە.
شەشەم:- تەندروستی:
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز، تەواوی بڕگەكانی وەكو خۆی و بە سەركەوتووی جێبەجێكران، لەو ماوەیەشدا كۆی گشتیی سەرجەم ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردووە ( 5,515 ) نەخۆش بووە، ( 6 ) حاڵەتی سووتان و ( 226 ) حاڵەتی ڕووداوی جۆراو جۆر و ( 1 ) منداڵ بوون و ( 425 ) نەشتەرگەری بچووك و ( 1 ) حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی پەتای خوێن بەربوون هەبووە.

حەوتەم/ سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر:-
تەواوی بڕگەكانی پلانی سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز وەكو خۆی و بە سەركەوتووی جێبەجێكران، لە ڕۆژانی جەژن ( 35 ) شوێن ئامادەكرابوون بۆ كۆكردنەوەی پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی، تەنها لە ڕۆژانی جەژنیشدا بڕی ( 560 ) تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی و ( 6000 ) تۆن زبڵ و پاشماوەی دیكەی هاوڵاتییان لەلایەن كرێكارانی ژینگە پارێزی كۆكرایەوە و لە زبڵخانەی كانی قڕژاڵە چارەسەر كرا.
هەشتەم/ گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر:-
لە گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر و بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆز تەنها لە ڕۆژانی جەژن( 1,872 ) ئاژەڵ كراوەتە قوربانی كە ( 513 ) یان ئاژەڵی گەورە و ( 1,359 )شیان ئاژەڵی بچووك بوونە.
وێڕای دەستخۆشیمان لە تەواوی قائیمقامیەت و ناحییەكانی سنووری پارێزگاكەمان و سەرجەم هێزە ئەمنیەكان و ئاسایشی بازگەكان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز، جارێكی تر هاوڵاتییانی خۆشەویستی هەولێر دڵنییا دەكەینەوە، وەك هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین و بەهەموو توانایەكمانەوە بە پشت بەستن بە توانا و چاووكراوەیی هێزە ئەمنیەكانی ناوخۆ، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەك بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاكەمان.
پارێزگای هەولێر
2023.7.2

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.