Erbil 1°C شەممە 30 تشرینی دووەم 04:40

ئەو عێراقییە كێیە كە قورئانی سووتاند؟

کوردستان TV
100%

رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، كاتێك موسڵمانان یەكەم ڕۆژانی جەژنی قوربانیان دەگێڕا، سەلوان مۆمیكا  و كەسێكی دیكە لاپەڕەكانی كۆپییەكی قورئانیان لە بەردەم مزگەوتی گەورە لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید سووتاند.
ئەم هەنگاوەی مۆمیكا  توڕەیی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی وڵات لێكەوتەوە، لەكاتێكدا موسڵمانان لە سەرانسەری جیهان جەژنی قوربانیان گێڕا و زیارەتی ساڵانەی حەج بۆ شاری مەككەی پایتەختی سعودیە نزیك بوو لە كۆتایی.
مۆمیكا لە چاوپێكەوتنێكی ئەم دواییەی ڕۆژنامەوانیدا خۆی بە پەنابەرێكی عێراقی وەسف كردووەو كە هەوڵی قەدەغەكردنی قورئان دەدات، هەروەها لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئێكسپرێسنی سویدی ڕایگەیاندووە كە لە ماوەی دە ڕۆژدا ئاڵای عێراق و قورئانێك لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆكهۆڵم دەسووتێنێ.
مۆمیكا كێیە؟
سەلوان مۆمیكا تەمەنی 37 ساڵەو خەڵكی شارۆچكەی حەمدانییەیە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵی عێراق، خێزاندارە و خاوەنی دوو كچە، بەڵام لە ئەنجامی كێشەی خێزانی لە هاوسەرەكەی جیابووەتەوە.
مۆمیكا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، لە ساڵی 2005 پەیمانگای گەشتیاری لەنەینەوا تەواوكردووە.
لەبارەی سەلوانەوە جەمیل جەمال ،شاعیر و ڕۆژنامەنووسی خەڵكی شاری حەمدانییە دەڵێت: مۆمیكا كەسێكی ئاسایی و نەناسراو بووە ، سەرەتا سەر بە پارتی بزووتنەوەی دیموكراسی ئاشووری بووە و ماوەیەك لەگەڵیان كاری كردووە.
جەمال بۆ  كە ماڵپەڕی حورڕە قسەی كردووە گوتی: پاشان مۆمیكا بەهۆی ڕووداوێكی تاوانكارییەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی كرا و ئەمەش پێش ئەوەی داعش لە ساڵی 2014دا ناوچەكە كۆنترۆڵ بكات .
 گوتیشی: دوای ئەوەی ڕێكخراوە داعش دەستی بەسەر موسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراقدا گرت، مۆمیكا چووە نێو گرووپە چەكدارەكان و دواتریش حزبێكی دامەزراند.
هەروەها جەمال دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو كەسە لەكاتی شەڕی ئازادكردنی موسڵ لەگەڵ ڕەیان كلدانی فەرماندەی میلیشیاكانی لیواكانی بابلیۆن كاری كردووە كە لە لیستی ڕەشی ئەمەریكادایە.
بە گوتەی جەمال، دواتر مۆمیكا میلیشیای هەڵۆكانی سریانی دامەزراندووە، ئەوانیش كۆمەڵێك كەسی كەم بوون كەلە ئێستادا بوونیان نەماوە.
لە ڤیدیۆیەكەدا كە لەم دواییانەدا بە شێوەیەكی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە، مۆمیكا دەردەكەوێت كە وتار بۆ كۆمەڵێك چەكدار دەكات و خۆی وەك بەرپرسی لیواكانی عیسا ئیبن مریەم دەناسێنێت كە سەر بە لیواكانی ئیمام عەلییە، كە شبل زەیدی سەرۆكایەتی دەكات.
بە گوتەی جەمال ،دوای كۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنەكانی ڕزگاركردنی موسڵ، مۆمیكا پارتێكی سیاسی بە ناوی پارتی یەكێتی سریانی دامەزراندووەو لەگەڵ گرووپە چەكدارەكەیدا چوونەتە نێو ناو قەزای حەمدانییە. 
جەمال دەشڵێت، دواتر كێشە دەكەوێتە نێو گڕووپەكەی مۆمیكا بەناوی هەڵۆكانی سریان و لیواكانی بابل بە سەرۆكایەتی رەیان كدانی و لەیەكتر جیادەبنەوە ،ئەوانیش سەرەتا پەنا بۆ ئەڵمانیا دەبەن.
جەمال دەڵێت: ئەو كاتەی مۆمیكا لە ئەڵمانیا بوو،دەستیكرد بە دەركەوتنی لە سۆشیال میدیا و هێرشی كردە سەر چەند لایەنێك و بۆ ئەوەی بتوانێت وەك بەڵگە لە دۆسیەی پەنابەریدا بەكاریبهێنێت.
جەمال لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت، مۆمیكا داوای مافی پەنابەری سیاسی لە ئەڵمانیا كرد، بەڵام داواكارییەكەی ڕەتكرایەوە، دوای ئەوە ڕووی لە سوید كرد و لەوێ پەیوەندی بە پارتی دیموكراتەكانی سویدی ڕاستڕەوی توندڕەو كرد.
كەسایەتییەكی دوو ڕوو..
مۆمیكا لە پەیجی فەیسبووكی خۆیدا خۆی بە عێراقییەكی لیبڕاڵ، عەلمانی، بێدین پێناسە دەكات، بەڵام هەركەسێك بەدواداچوون بۆ ژیاننامەكەی و پەیجی فەیسبووكەكەی بكات بۆی دەردەكەوێت كە بیرۆكەكانی ناوبەناو گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە.
هەرچەندە مۆمیكا پەیوەندی بە گرووپە چەكدارەكانی شیعەوە هەبووە، بەڵام لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا وێنەیەكی لە بەردەم پەرلەمانی عێراق لە كاتی هێرشەكەی لەلایەن لایەنگرانی ڕەوتی سەدرییەوە بڵاوكردەوە و رایگەیاند: دوو ڕكەعات نوێژم كرد و گەڕامەوە بۆ سوید،هاوكات ئاماژەی بە ناوی موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر كرد. 
مۆمیكا دوای چەند مانگێك گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و ستایشی ناڕەزایەتییەكانی تشرینی كرد، لەم دواییانەشدا لەڕێگەی چەند بڵاوكراوەیەكەوە دەستیكرد بە هێرشكردنە سەر سەدر و شوێنكەوتووانی.
سەبارەت بەم بابەتە، ڕۆژنامەنووسێكی خەڵكی ناوچەی حەمدانییە دەڵێت، مۆمیكا كەسێكی ئاسایی نەبووە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە كە داوایكردووە ناوی ئاشكرا نەكرێت، دەشڵێت: مۆمیكا بەدەست كێشەی خێزانییەوە دەناڵێنێت، بەو پێیەی خێزانەكەی زۆر لەمەوبەر ئینكارییان لێكردبوو، دوای ئەوەی لە سۆشیال میدیا هێرشی كردە سەر باوكی.
ئەو ڕۆژنامەنووسە دووپاتی دەكاتەوە كە لەنێو دانیشتوانی ئەو ناوچەیەدا مۆمیكا وا ناسراوە كە بە دەست كێشەی دەروونییەوە دەناڵێنێت، چونكە ئەو هەمیشە حەزی لە دەركەوتن و ناوبانگ بووە.

سەرچاوە/ ماڵپەڕی حورڕە

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.