وڵاتی سوید له ڕێگه‌ی بریكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان به‌فه‌رمی داوای لێبوردنیان له عێراق كرد به‌هۆی ڕووداوی هاووڵاتییه‌ك كه له رۆژی یه‌كه‌می جه‌ژنی قورباندا له شاری ستۆكهۆڵمی پایته‌خت هه‌ڵسابوو له بێڕێزیكردن و سوتاندنی قورئانی پیرۆز.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاوی كرده‌وه: ئه‌مڕۆ هه‌ینی باڵیۆزخانه‌ی عێراق له شاری ستۆكهۆڵم نامه‌یه‌كی له جان كنۆستن بریكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوێد پێ گه‌یشتووه كه ئاڕاستەى عێراق و وڵاتانى ئەندامى رێکخراوى هاریکاریی ئیسلامى کراوە و تیایدا هاتووە "لە قوڵایی دڵەوە گوزارشت لە نیگەرانی خۆمان دەکەین سەبارەت بە رووداوى سوتاندنى قورئان لەبەردەم مزگەوتى گەورەى ستۆکهۆڵم".
له نامه‌كه‌ی جان كنۆستن بریكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوێد هه‌روه‌ها هاتووه "حکوومەتی سوید بە توندی ئەم کارانەی دژ بە ئیسلام رەت دەکاتەوە و پشتیوانی و چاوپۆشی لە هیچ کارێکی دژ بە ئاینی ئیسلام ناکات، جگە لەوەش وڵاته‌كه‌مان هەست بەوە دەکات كه مسوڵمانانی وڵاتەکەی و وڵاتانی دیکەش بەو رووداوە هەستیان بە سووکایەتی کردووە.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه "پۆلیس لەبارەی ڕووداوه‌كه ده‌ستی به لێکۆڵینەوە كردووه و تۆمەتبار بەپێی یاسای تاوانی رق لێبوونەوەی سوید ڕاپێچی دادگه ده‌كات.
رۆژی چوارشه‌می ڕابردوو پەنابەرێکی به‌ڕه‌گه‌ز عێراقی به‌ناوی (سه‌لوان مۆمیكا) لە وڵاتی سوێد هه‌ڵسابوو بە بێرێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە بەردەم مزگەوتێكی شاری ستۆکهۆڵمی پایته‌خت، ڕووداوه‌كه کاردانەوەی توندی لەنێو وڵاتانی ئیسلامی دروست كرد و زۆرێك له وڵاتان سه‌ركۆنه و ئیدانه‌ی كرده‌وه‌كه‌یان كرد.
وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر رووداوه‌كه، دوای نیوه‌ڕۆی دوێنێ پێنجشه‌م سه‌دان هاووڵاتیی عێراقی له شاری به‌غدا و له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی سوێد خۆپیشاندانیان ئه‌نجام دا و چوونه نێو باڵه‌خانه‌ی باڵیۆزخانه‌كه، دا‌واشیان كرد هه‌رچی زووه باڵیۆزی سوێد له شاره‌كه‌یان ده‌ربكرێت و باڵیۆزخانه‌كه‌ش دابخرێت.
هه‌ر له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه، دوێنێ پێنجشه‌م وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی سوێدی له شاری به‌غدا كرد و یاداشتێكی توندی ناڕه‌زایی ڕاده‌ست كرد.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له یاداشته‌كه‌دا داوای له حكوومه‌تی سوێد كرد ڕێوشوێنی توند بگرێته‌به‌ر به‌رامبه‌ر به بێڕێزیكردن به قورئانی پیرۆز و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕه‌وایه‌تی نه‌داته هیچ كه‌سێك كه سوكایه‌تی به پیرۆزی ئایینه‌كان بكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.