به‌داخه‌وه ڕۆژانه هه‌واڵی كاره‌ساتبار ده‌بیستین له میدیاكان كه به‌شێكی زۆر له سیناریۆ كاره‌ساتباره‌كان لێكچوو و دووباره‌ن له‌وانه كوڕه له‌ناكاو هه‌ڵساوه به كوشتنی هاوژینی خۆی یان هه‌وڵی كوشتنی داوه‌و سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه ئه‌مه به‌شێكه له حاڵه‌ته‌كان و ده‌یانی تر له شوێنی دووره‌ده‌ست ڕووده‌ده‌ن و تۆمارناكرێن.
له‌باره‌ی ئه‌م نه‌خۆشییه‌وه (د. ئازاد موحه‌مه‌د خۆشناو – قوتابی بۆرد له پسپۆڕی نه‌خۆشیه ده‌روونیه‌كان) ده‌ڵێت" نه‌خۆشی وه‌همی خیانه‌ت یان به كوردی دڵپیسی نه‌خۆشی و به زمانه پزیشكه‌كه‌ی پێی ده‌ڵێن (كۆنیشانه‌ی ئۆپێلۆ – ئۆپێلۆ ناوی ئه‌و شازاده‌یه كه له ڕۆمانه‌كه‌ی شكسپیر هاوسه‌ری خۆی ده‌كوژێ له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌همی خیانه‌ت و دواتر پێی ده‌زانی كه هه‌ڵه‌ی كردووه‌و ئه‌م فكرانه‌ی دووربوونه له ڕاستی) نه‌خۆشیه‌كی ده‌روونیه كه كه‌سی تووشبوو فكره‌ی بێ بنه‌ماو هه‌ڵه‌و پووچی بۆ دروست ده‌بێ له شێوه‌ی وه‌سوه‌سه یان وه‌هم كه وابیرده‌كاته‌وه هاوژینه‌كه‌ی خیانه‌تی لێده‌كاو ده‌ستی تێكه‌ڵكردووه له‌گه‌ڵ پیاوی تر، كاتێك حاڵه‌ته‌كه توونتر ده‌بێ ده‌گاته ئه‌وه‌ی كه‌سی تووشبوو ساده‌ترین قسه‌و هه‌ڵسوكه‌وتی هاوژینه‌كه‌ی به خیانه‌ت و ئاماژه بۆ خیانه‌ت و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار له هیزری خۆی ده‌یكاته به‌ڵگه بۆ خیانه‌ت بۆ نموونه، ژنه چۆته به‌رده‌رگا بۆ فڕێدانی خاشاك ئه‌م وا بیرده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه چووه تاوه‌كو خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ببینێ، له‌وانه‌یه گه‌ر كه‌سێك له‌م كاته به‌م شوێنه ڕه‌تبێ كه‌سی تووشبوو وه‌هم و وه‌سوه‌سه‌كه بخاته سه‌ر ئه‌میش".
هه‌روه‌ها (د. ئازاد موحه‌مه‌د خۆشناو) ده‌ڵێت" له حاڵه‌تی هه‌ره‌توندی ئه‌م نه‌خۆشیه كه زۆربه‌ی جار به‌ر له ڕوودانی كاره‌ساته دڵته‌زینه‌كانه كه‌سه‌كه ده‌نگ و هه‌ڵوه‌سته‌ی بۆ دێ و ئه‌مانیش هه‌ر له‌شێوه‌ی فكره‌كانیه‌تی و له‌م ناوه‌ڕۆكه‌وه ده‌خوولێنه‌وه، دواتریش كه كاره‌ساته‌كه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه دوای كوشتنی هاوژینه‌كه‌ی و دڵنیاده‌بێته‌وه كه وه‌هم بووه‌و ڕاستی نه‌بووه زۆربه‌ی جار په‌شیمان ده‌بنه‌وه".
له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی ئه‌م حاڵه‌ته( د. ئازاد موحه‌مه‌د خۆشناو) ده‌ڵێت" به‌گشتی هۆكارێكی تایبه‌ت و دیاری كراوی نیه، به‌ڵام هه‌ندێ فاكته‌ر هه‌ن كه واده‌كه‌ن ئه‌م حاڵه‌ته زه‌قتر ببێته‌وه‌و تووندتر ببێ له‌وانه:-
1. خواردنه‌وه كحولیه‌كان.
2. حه‌ب و مادده‌ی هۆشبه‌ر (به‌تایبه‌ت كریستاڵ و كۆكاین كه له ئێستادا له كوردستان زۆر به‌ر بڵاوه).
3. ئه‌وانه‌ی به منداڵی كێشه‌ی سایكۆلۆجیان هه‌بووه یان ده‌ستدرێژیان كراوه‌ته سه‌ر.
ئه‌و منداڵانه‌ی باوانه‌كانیان له ڕاستیدا خیانه‌تیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر كردووه به‌به‌رچاوو ئاگایی ئه‌وان.
ئه‌وانه‌ی كێشه‌ی لاوازی سێكسی و كێشه‌كانی تری ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌یه‌كی جووتبوونی ته‌ندروسیان هه‌یه.
ئه‌م حاڵه‌ته به‌گشتی له ڕه‌گه‌زی نێر زیاتره وه‌ك له ڕه‌گه‌زی مێینه".
بۆچاره‌سه‌ری ئه‌م حاڵه‌ته چۆنه‌و چی بكرێت بۆ ڕێگه‌گرتن له‌م حاڵه‌ته( د. ئازاد موحه‌مه‌د ) ده‌ڵێت" له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌سانی تووشبوو به‌م ته‌نگژه ده‌روونیه زۆربه‌ی جار هه‌ست به نه‌خۆشیه‌كه‌یان ناكه‌ن و پێیان وایه وه‌هم و وه‌سوه‌سه‌كه‌یان ڕاستیه‌و ته‌نانه‌ت زۆرجار به‌دوای به‌ڵگه‌دا ده‌گه‌ڕێن بۆ سه‌لـماندنی و ئاماده‌ی هیچ هاوكاری و چاره‌سه‌رێك نین بۆ حاڵه‌ته‌كه‌یان، به‌ڵام پێویسته له‌لایه‌ن كه‌سانی نزیك و خه‌مخۆری خێزانه‌كانیان ڕێنموونی بكرێن بۆ ڕاوێژكردن به پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشیه ده‌روونیه‌كان، كه ئه‌میش به‌گوێره‌ی توندی حاڵه‌ته‌كه ڕێگاكانی چاره‌سه‌ری ده‌گرێته‌به‌ر له‌وانه ده‌رمان، چاره‌سه‌ری سایكۆلۆجی، ته‌نانه‌ت به‌كارهێنانی چاره‌سه‌ری ته‌زوویی". (ECT) بۆ كه‌سه‌كه
له‌كۆتاییدا (د. ئازاد موحه‌مه‌د خۆشناو) ده‌ڵێت" به‌پشت به‌ستن به‌م حاڵه‌تانه‌ی ڕۆژانه وه‌ك پزیشكانی بواری ده‌روونی ده‌یبینین و به بینینی ئه‌م هه‌موو حاڵه‌ته‌ی كوشتنی له‌ناكاوی هاوژین یا كه‌سوكاری هاوژین، ده‌بێت بڵێین كه پێویسته له‌لایه‌ن كه‌سوكاری نه‌خۆشه‌كه هاوكاری بكرێن و له له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستخۆشیه‌وه له دادگاكان له‌كاتی داواكاری جیابووونه‌وه‌ی هاوسه‌ران دادوه‌رانی به‌ڕێز بۆ چانسی زیاتر‌و كاتی زیاتر ده‌ده‌ن به هاوسه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری جیابوونه‌وه‌یان بگۆڕن، به‌ڵام هه‌ركاتێك هه‌ستكرا ئه‌مه هۆكاری داواكاریه‌كه‌یه پێویسته دادوه‌ران به ڕاوێژ به پزیشكانی پسپۆڕی بواره‌كه به زووترین كات مامه‌ڵه‌كانیان ڕایی بكه‌ن و لێكجیابكرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كوشتن له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌هم ڕوونه‌دات".
نه‌خۆشی وه‌همی خیانه‌ت(دڵپیسی) چییه ؟
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.