Erbil 33°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 12:21

تای خوێنبەربوون كاریگەری لەسەر قوربانیكردن دروستكردووە

کوردستان TV
100%

ئاژەڵدارانی بازاڕی ئاژەڵان لە شاری ھەولێر ماوەیەكی زۆرە ئاژەڵەكانیان بۆ جەژنی قوربان ئامادە دەكەن و چەند رۆژێكیش بەرلە هاتنی جەژنی قوربان بە دەرفەتی دەزانن بۆ ئەوەی ئاژەڵەكانییان بفرۆشن، ئاژەڵداران ئاماژە بەوە دەكەن كە بوونی تای خوێنبەربوون، هەروەها تێچووی زۆری باج و رسوماتی گومرك كاریگەری لەسەر بازاڕەكەیان دروستكردووە.
لەوبارەیەوە ئاژەڵفرۆش حاجی رەفیق دەڵاڵ گوتی: ئەمساڵ بازاڕ بە گشتی گرانە، نرخی قەسابیش گرانە، ئێستا لە دوكانی خۆمان نرخی یەك كیلۆ جوانەگا دەكڕین بە ھەشت هەزار دینار، لەلایەك خواست لەسەر گۆشت زۆرە، لەلایەكی دیكە رێنماییەكانی قایمقامیەت كاریگەری خراپی كردە سەر بازاڕ و داوا دەكەین چاوێك بە بڕیارەكەدا بخشێنرێتەوە چونكە لەماوەی ئەو 72 كاتژمێرەی جەژنی قوربان ئەو ھەموو خەڵكە ناتوانێت ئاژەڵەكانییان ببەنە سەربڕخانە و لەوێ سەریانبڕن، چونكە ھەر دوای نوێژی جەژن رەنگە پێنج ھەزار ئاژەڵ لە ھەولێر سەر ببڕێت، ئەو ھەموو ئاژەڵە ناتوانرێت بچێتە سەربڕخانە، من بۆخۆم چەند ساڵە قوربانی دەكەم، ئەگەر لە ماڵی خۆم نەبێت نایكەم.
گوتیشی: خەڵك ھەیە ئاژەڵی كڕیووە و بەهۆی رێنماییەكانی قایمقامیەت پەشیمان بووەتەوە چونكە حەزی كردووە ئاژەڵەكە لە ماڵەوە سەر ببڕێت، بۆیە داوا لە قایمقامیەت و لیژنەكانی تەندروستی دەكەین بە رێنماییەكاندا بچنەوە بەجۆرێك با قەسابەكان لە ماڵەكاندا رێنماییەكان جێبەجێ بكەن وەك بەكارهێنانی دەستەوانە و لە پێكردنی پۆتینی درێژ، جگە لەوەش ئەگەر لە ماڵەوە ئاژەڵەكان سەرببڕین بە نیو كاتژمێر تەواو دەبێت، بەڵام لە قەسابخانە كاتێكی زۆری دەوێت و ئەركێكی زیاترە بۆ هاووڵاتییان.
بە گوتەی حاجی رەفیق دەڵاڵ نرخی كاوڕ هەشت هەزار دینار، مەڕ لە پێنج بۆ شەش ھەزار دینار و، جوانەگا لە ھەشت بۆ نۆ ھەزار دینارە.
هاوكات ئاژەڵفرۆشێكی دیكە تێچووی گومرك و كرێی گواستنەوە بە هۆكارێك دەزانێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ و داواش دەكات كە پێداچوونەوە بە رسوماتی گومرك بكرێت.
ئاژەڵفرۆش عەزیزخان ھەركی رایگەیاند: ئەمساڵ بازاڕ گرانە چونكە ئاژەڵ رسوماتی گومركیی زۆر خراوەتە سەر و كرێی گواستنەوەش گران بووە، هەروەها حەقدەستی قەسابەكانیش زیادبووە، هەموو ئەوانە وایكردووە كە ئاژەڵ گران بێت بۆیە ئێمەش ناچارین نرخەكان گران بكەین و بە گرانیش لەسەر هاووڵاتییان بكەوێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.