Erbil 34°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 14:45

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و راوێژكاری ئه‌ڵمانیا باسی چی كرا؟

کوردستان TV
100%

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌م نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌رلين له‌گه‌ڵ ئۆلاف شۆڵتز ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانيا‌ كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌م عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ هاوكارى و پشتگيريى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى سه‌ربازى، ئابوورى، مرۆيى و په‌ره‌پێداندا ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها سوپاسى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانياى كرد بۆ ناساندنى تاوانه‌كانى داعش و كۆمه‌ڵكوژيى ئێزدييان به‌ جينۆسايد.

سه‌رۆكی هه‌رێم خۆشحاڵى به‌ ئاستى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و لێكگه‌يشتن و ڕێككه‌وتنه‌كانى نێوان هه‌ردوولا نيشان دا، هه‌روه‌ها هيواى خواست هه‌رێمى كوردستانيش سووديان لێ ببينێت. له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌موو ئاسانكارى و پشتگيرييه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى كۆمپانياكان و كه‌رتى تايبه‌تى ئه‌ڵمانى ده‌ربڕى‌.

نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان چاويان له‌ ڕۆڵ و پشتگيريى زياترى ئه‌ڵمانيايه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تايبه‌تى له‌ يارمه‌تيدان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌م عێراق له‌ هه‌مه‌جۆركردنى ئابوورى و پاراستنى سه‌قامگيرى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا.

لاى خۆيه‌وه‌ ئۆلاف شۆڵتز ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانيا سوپاسى نێچيرڤان بارزانى كرد بۆ سه‌ردانه‌كه‌ى و به‌ ده‌رفه‌تێكى گرنگى زانى بۆ ئاڵوگۆڕكردنى بيروڕا ده‌رباره‌ى پرسه‌ هاوبه‌شه‌كان، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و تێكشكاندنى داعش و يارمه‌تيدان و حه‌واندنه‌وه‌ى لێقه‌وماوان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئارامى و سه‌قامگيرييان ده‌ڕوانێت.

ئۆلاف شۆڵتز هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و ئاماده‌ييى وڵاته‌كه‌ى نيشان دا بۆ هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ بواره‌ جياكاندا، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و وزه و ئه‌و كه‌رتانه‌‌ی بۆ هه‌ردوولا گرنگن.

پرسى كۆچ و كۆچبه‌ران، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند بابه‌تێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ باڵيۆزى عێراق و نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رلین ئاماده‌ى بوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.