Erbil 27°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 20:19

سەرۆکی حکوومەت 20 ملیار دینار بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی لە هه‌ولێر تەرخان دەکات

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی لە پارێزگای هەولێر ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی 20 ملیار دینار دا.

ئەمڕۆ یەکشه‌ممه‌ 25ـی 06ـی 2023 بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و ئامادەبوونی د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر و هەریەک لە هێمن قادر و مەسعوود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار، له‌ دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئیدارە و دامەزراو و فەرمانگەکان سەبارەت بە پلانى پارێزگاى هەولێر بۆ دەربازبوون لە هاوینى ئەمساڵ و چارەسەرکردنى گرفت و کێشەکانى ئاوى ماڵان ئەنجام درا.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر پوختەیەکى لەبارەى بەرنامە و پلانى پارێزگا بۆ ئەو مەبەستە خستەڕوو و ئاماژەى بە ڕەزامەندى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دا بە تەرخانکردنى (20 ملیار دینار) بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی لە سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، لەوبارەیەشەوە بەناوى پارێزگا و دانیشتوانى سنوورى پارێزگاى هەولێر سوپاسى سەرۆکى حکوومەتى هەرێم و ئەنجوومەنى وەزیرانى کرد بۆ ڕەزامەندبوونیان لەسەر تەواوى ئەو پڕۆژانەى کە پێشکەش کراوە و ڕەزامەندیان لەسەر دراوە.

ڕاشیگەیاند: پاشان گفتوگۆ لە بارەى ئەو ئامادەکارییانە کرا کە لە چوارچێوەى پلانى پارێزگاى هەولێر ئامادەسازیان بۆکراوە لەپێناو چارەسەرکردنى گرفتى کەمئاوى کە ئەمساڵ لەگەڵ ساڵانى ڕابردوو بەهۆى ئەو پڕۆژە و کارانەى ئەنجام دراوە تاڕادەیەکى باش کەمتربوون لە ساڵانى ڕابردوو، لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگارى هەولێر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپارد کە دوور لە ڕۆتین و بەشێوەى تەنگەتاوى و لەزووترین کات بۆ ئەو سێ مانگەى هاوینى ئەمساڵ،  فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان دەستکراوەتربن و دەست بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان بکەن، کە بەشێکیان لێدانى بیرى و چاککردنەوە و چارەسەرکردنى گرفتە تەکنیکیەکانى ترى بیرى ئاوەکانە.

ئەوەشی خستەڕوو کە لە کۆبوونەوەکە تیشک خرایەسەر هەموو ئەو ڕێوشوێنانەى دیکە کە لە ماوەى ساڵانى ڕابردوو لەپێناو چارەسەرکردنى گیروگرفتەکانى کەمئاوى هەولێر گیراوەتەبەر وەک دروستکردنى پۆند و دەستکردن بە پڕۆژەى بەنداو و دانانى بەردى بناغەى بەنداوى بەستۆڕە، کە ئەوانە هەمووى بەیەکەوە گرنگى زۆریان هەیە بۆ کەمکردنەوە و چارەسەرکردنى ستراتیژى ئاوى هەولێر.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر باسی لەوەش کردووە کە لە تەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، جەختى لەبەردەوامیدان بە هەڵمەتى هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتییان و بەفیڕۆنەدانى ئاو و بڕینی سه‌رپێچی و زێده‌ڕۆییه‌كانی سه‌رتۆڕی ئاوى پاکى ماڵان و ڕێکار وەرگرتن لەگەڵ هەموو ئەوکەسانەى ئاو بەفیڕۆ دەدەن کردەوە.

ئەوەش هاتووە کە لەلایەن ئامادەبووانەوە دواى خستنەڕووى پێداویستییەکان، چەندین پێشنیار بۆ چارەسەرکردنى كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌ی ماڵان له‌ به‌شێک له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شارى هه‌ولێر و قەزا و ناحییە و گوند و ناوچەکانى ترى سنوورى پارێزگاى هەولێر خرایەڕوو، پارێزگارى هەولێر هەموو لایەنەکانى ڕاسپارد تەواوى هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ دەربازبوون لەو گرفتانەى هەن و جەختی لەسەر خێراترکردنى پڕۆسەى لێدانى بیرى ئاوى خواردنەوەى بەدیل و نوێ لە هەولێر و دەوروبەر و نۆژەنکردنەوەى بیرەکان و دابینکردنى کارەباى بەردەوام لە ڕێگەى مولیدەى ئەهلى و کارەبایی نیشتیمانى کردەوە.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش دا کە ئومێد خۆشناو سەرۆکایەتى و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانیەکانیشى ڕاسپارد بۆ لەمەودوا چاودێرى شوێنەكانی شوشتنی ئۆتۆمبێل، حەوزەکان و شوێنەکانی فرۆشتنی ماسى، چێشتخانە و شوێنە گشتیەکانى دیکە بکەن و ڕێگە نەدرێت تەنیا بە ئاوی خواردنەوە و پاک كار بكەن ‌و ئاو بەفیڕۆ بڕوات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.