Erbil 15°C پێنجشەممە 23 ئایار 14:15

لە ڕۆژانی جەژن پێشبینی هاتنی زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێت

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی جەژنی قوربان زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

ئیبراهیم عەبدولمەجید بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ئامادەکاری زۆر باشمان کردووە بۆ ئەوەی پێشوازی لە زۆرترین گەشتیار بکەین لەوەرزی هاویندا، زۆرترینی گەشتیاران کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پارێزگای هەولێر دێن، دواتریش سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، بەڵام ئەمساڵ گەشتیارێکی زۆر سەردانی سۆران و زاخۆشیان کردووە، ئێمە دەمانەوێت گەشتیارمان لە هەموو ناوچەکان هەبێت و دەرفەتی کار لە هەموو شوێنەکان بڕەخسێنین.

ڕاشیگەیاند: سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ هاتنی گەشتیاران لە جەژنی قورباندا بۆ هەرێمی کوردستان کراون، ئەم جەژنە چاوەڕێی هاتنی گەشتیاری زۆر دەکەین بەو هۆیەی قوتابخانە نییە و لە عێراقیش پلەی گەرما بەرزە، بۆیە مەزەندەی هاتنی 300 هەزار گەشتیار دەکەین ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردنیان کراوە.

ئیبراهیم عەبدولمەجید ئەوەشی خستەڕوو کە "کۆبوونەوەمان لەگەڵ کۆمپانیا و بنکە گەشتیارییەکان و ڕێستورانتەکان کردووە ئاگاداربن لە ڕۆژانی پشوودا کراوەبن و سوود و دەستکەوتی دارایی بەدەست بێنن، چەندین لێژنەش پێکهێنراوە، یەکێک لە لێژنەکان لە بازگەکان پێشوازی لە گەشتیاران دەکات تاوەکو دیمەنێکی جوانی میوان دۆستی و شارستانی نیشانی گەشتیارەکان بدەین، لیژنەی دیکە لە سەنتەری شار دەبن بۆ چاودێریکردنی خزمەتگوزارییەکان، هاوکات ژمارەی تەلەفۆنی تایبەت بۆ گەشتیاران لەهەر بەڕێوەبەرایەتییەک ئامادەکراوە،  تاوەکو هەر گرفتێکیان هەبێت پەیوەندی بکەن و بۆیان چارەسەر بکرێت."

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش دا کە "هەوڵ دەدەین پاکێجی گەشتیاری ئامادە بکەین بۆ ئەوەی هاتنی گەشتیار تەنیا بۆ ناو سروشت نەبێت، بەڵکوو بێنە شوێنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، وەکو شوێنی شوێنەواری و مێژوویی و ئایینی کە هەرێم پێی دەوڵەمەندە، بۆ ئەوەی هەرێمەکەمان چوار وەرزە گەشتیار هەبێت."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.