Erbil 15°C چوارشەممە 22 ئایار 05:49

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەڵمانیا دەكات 

کوردستان TV
100%

بڕیارە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەڵمانیا بكات و لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز راوێژكاری ئەڵمانیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دیدار و كۆبوونەوە ئەنجام بدات.
دوای چەندین سەردانی سەركەوتوو لە هەفتەی دیپلۆماتیی هەرێمی كوردستان، بڕیارە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەڵمانیا بكات و لەگەڵ راوێزكاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتز و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دیدارو كۆبوونەوە ئەنجام بدات.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وردەكاریی زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستانی ئاشكرا كردووە و راشیگەیاندووە، نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەڵمانیا دەكات و لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز كۆدەبێتەوە.
لە راگەیەندراوەكەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ئاماژە بەوە دراوە كە لەماوەی یەك هەفتەی رابردوو بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان جوڵە و سەردانی دیپلۆماتیی گرینگیان ئەنجامدا، ئامانج تێیدا پتەوكردنی زیاتری پێگەی هەرێمی كوردستانە لە گۆڕەپانی سیاسی ناوچەكە و نێودەوڵەتیی، هەروا پتەوكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانە لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و كەلتوورو ڕۆشنبیری.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بە سەردانی هەفتەی رابردووی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی بۆ ئەنقەرە و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، دراوە.
ئەوەش هاتووە كە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانیشدا چەندین شاندی باڵای ئەمریكی و هۆڵەندی و بەریتانی و نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم دیدار و كۆبوونەوەی فەرمیان ئەنجامداوە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بە سەردانی وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، رێبەر ئەحمەد بۆ ئەمریكا و دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا، ئەندامانی كۆنگرێس، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، كۆمیسیۆنی ئەمریكا بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتیی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی نزیك و جێگری وەزیری ناوخۆی ئەمریكا كراوە.
هەر لەماوەی ئەم هەفتەیە بەرێز سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت جولەیەكی دیپلۆماسی بۆ هەندێ وڵاتی یەكێتی ئەوروپا ئەنجامدا.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی دیدار و كۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ هەر یەك لە ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەكێتیی ئەوروپا، وەزیری دەرەوەی لۆكسەمبۆرگ، جێگری وەزیری دەرەوەی هۆلەندا، سەرۆكی سیاسەتی دەرەوەی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیكا، سەرۆكوەزیرانی فلاندەرز، بەرپرسی سیاسەتی ئاسایش لە وەزارەتی دەرەوەی هۆلەندا ئەنجامدا.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە مەبەست لەم سەردان و دیدار و كۆبوونەوانە گەیاندنی پەیامی حكوومەتی هەرێم بوو لەمەر پرسە هەنووكەییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و هەوڵێك بوو بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوڕووپا لەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولایە.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە بڕیارە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەڵمانیا بكات و لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز راوێژكاری ئەڵمانیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دیدار و كۆبوونەوە ئەنجام بدات.
 

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.