Erbil 30°C دووشەممە 23 ئەیلوول 10:33

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران چه‌ند بڕیارێكی گرینگ ده‌ركران

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەم بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر پێشهاتە پەیوەندیدارەکان بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق و لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و بەرپەرسیاریەتییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور و ئەو ڕێککەوتنانەی واژۆ کراون جێبەجێ کردووە، بەڵام لە دەرەوەی دەستوور و ڕێککەوتننەکان دەستکاری بابەتە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکان کرا کە لە ڕووی دەستوورییەوە گۆڕانکاریی لە ڕێکەوتننامەی هاوبەشی نێوان هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵیی و هەرێم ڕێگاپێدراو نییە.

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات کە لە کاتی جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی بودجە لە دوای کەوتنەبواری جێبەجێکردنی، هەروەک سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڵێنی داوە، پێداچوونەوە بکات بە بڕگە و ماددە هەموارکراوەکان کە تا چەند لەگەڵ کارنامەی حکوومەتی فیدرال دەگونجێن و تاچەند شایانی جێبەجێکردنن و پێویستە میکانیزمی شیاو بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم دابنرێت و هەر ڕێکارێکی جیاکاری لە دژی هەرێمی کوردستان ڕەت دەکەینەوە، چونکە هەرێم پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی بەجێگەیاندووە و هیچ بیانوو و پاساوێکیش بۆ هەر ڕێکارێکی جیاکاریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەماوە، بە تایبەتیش پاساوی نەوت کە پێشتر هەمیشە دەکرایە بیانوو بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و بێبەشکردنی لە شایستە داراییەکانی، بۆیە ئێستا ئەرکە لەسەر حکوومەتی فیدڕاڵی یاسای بودجە جێبەجێ بکات و تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێم خەرج بکات لە پێش هەمووشیەوە تەرخانکراوی خەرجی مانگانەی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە بە گوێرەی ئەو ژمارانەی لە ناو خشتەکانی بودجەدا جێگیرکراون لە دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

لە بڕگەی دووەمدا، لەلایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە، گفتوگۆ لەبارەی ڕەشنووسی ئەو پڕۆژە یاسا و پەیڕەوانە کرا کە تا ئێستا دەنگدانی کۆتاییان لەسەر نەدراوە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەویش بە ڕەچاوکردنی پلانی تەشریعیی کابینە کە لە هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری ئەم کابینەیەدا هاتبوون، لەم ڕووەوە هەڵسەنگاندنی پێویست کرا لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ئەم دواییە، ئەنجوومەنی وەزیران وەزیرەکانی ڕاسپارد بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو پێشنیارەکانیان لەمبارەیەوە بخەنەڕوو.

لە بڕگەی سێیەمدا، گفتوگۆ لەبارەی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 29 ی ساڵی 2012 ی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور - لجنة شؤون الشمال)ی هەڵوەشاوە تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک كرا.

ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور دەکات و دەستخۆشی لە دوا نووسراوی لیژنەکە دەکات بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی کورد و تورکمان و ڕاگرتنی نوێکردنەوەی گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ هاوردەکراوان، بەڵام لەمە گرنگتر جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەیە بە کردارەکی و ڕاگرتنی خێرای هەموو ئەو ناڕەواییەی بەرامبەر بە جووتیارانی کورد و تورکمان دەکرێت لەو ناوچانە کە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوویی نییە.

ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی وەزاریی تایبەت بە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ ڕاسپارد کە کۆبوونەوەی پێویست ئەنجام بدەن و بە هەماهەنگیی لە گەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواداچوونی خێرا بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و لیژنەی فیدڕاڵیی تایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کورد و تورکمان کە ڕێگرییان لێ دەکرێت.

بڕگەی چوارەم و کۆتایی، خستنەڕووی بابەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوون و ڕێکارەکانی خۆپارێزی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و تەندروستی بوو.

لەمبارەیەوە دارا ڕەشید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەوەکالەت و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە دوو ڕاپۆرتی جیادا ڕێکارەکانی خۆپارێزی و سەلامەتیی هاووڵاتییان لە کاتی قوربانیکردنی ئاژەڵ لە سەروبەری نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان خرایەڕوو، ئاماژە بەوەدرا کە حکوومەتی هەرێم هەرزوو بودجەی پێویستی بۆ هەردوو وەزارەت تەرخان کرد و هەڵمەتێکی بەرفراوانی هۆشیارکردنەوەش دەستی پێ کردووە.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکارەکانی خۆپارێزیی هەردوو وەزارەت، لەهەمانکاتدا داوای لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد کە پابەندبن بە ڕێنوێنی و ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی و بەتایبەتیش لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی ئایینی تایبەت بە قوربانیکردنی ئاژەڵ، تا سەلامەتی و تەندروستیان پارێزراو بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.