Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 23:30

فازڵ میرانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی کۆمەڵی دادگەری: دەبێت هەنگاوەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ڕێکبخەین

کوردستان TV
100%

بەپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان کرد، کە تێیدا هەردوولا جەختیان لەسەر باشترکردنی پەیوەندییەکانیان کردەوە.

ئەمڕۆ دوو شەممە، 19ـی 06ـی 2023، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەکیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبەکە کرد.

لە دانیشتنەکەدا هەریەکە لە سیداد بارزانی، هۆشیار زێباری و مەحموود محەمەد، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە بوون.

فازڵ میرانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە پێشوازیکردنیان و دوپاتی کردەوە، کە پەیوەندییەکانی نێوانیان مێژووییە، هاوکات ئاماژەی بەوەش دا کە زۆرجار ئەم پەیوەندییانە، هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هیچ کاتێک پەیوەندی خراپ لەنێوان هەردوولادا نەبووە.

فازڵ میرانی جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت بەرژەوەندی باڵای هەرێمی کوردستان لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەدا بێت، "پێمان باشە ئەم کەشوهەوا سیاسییە ناڕێکەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، کۆتایی پێ بێت و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەرکی هەموومانە و بە هاوڕیزی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت."

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەگەر مێژووییەکی پڕ شانازی و باشمان هەبێت، دەبێت جوگرافیای هەبێت و جوگرافی ئێمەش هەرێمی کوردستانی عێراقە و پاراستنی ئەم جوگرافییە، ئەرکی هەموومانە و دەبێت هەنگاوەکانی خۆمان رێک بخەین، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

لای خۆیەوە، محەمەد حەکیم دووپاتی کردەوە، کە کۆمەڵی دادگەری کوردستان، وێڕای تایبەتمەندی هەردوولا، کار لەسەر هاوبەشەکان بکەن و پێیان باشە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لێکتێگەیشتنیان هەبێت.

هەروەها محەمەد حەکیم سەرۆکی شاندی کۆمەڵی دادگەری گوتی: بەباشی دەزانین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە زووترین کات ئەنجام بدرێت و هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی لای ئێمە هێڵی سوورە.

جەختیشی لە تەبایی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان کردەوە، ئەوەشی بە هیوای هەموو کوردستانییان زانی، هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، کە خوازیارن پەیوەندییەکانیان بەرەو پێشتر بڕوات بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان. 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.