Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 01:41

سەرۆکی حکوومەت: هیوادارین یاسای بودجەی عێراق بە دادپەروەرانە و دوور لەدەستوەردانی سیاسی جێبەجێ بکرێت

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێورەسمی ناساندنی بڕاند و ماڵپەڕی Invest Kurdistan گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، هیوادارین یاسای بودجەی عێراق بە دادپەروەرانە و دوور لەدەستوەردانی سیاسی جێبەجێ بکرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی 06ـی 2023 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێورەسمی ناساندنی بڕاند و وێبسایتی ئینڤێست کوردستان Invest Kurdistan بەڕێوەچوو.

لە ڕێورەسمەکەدا کە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕێکخرابوو، ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و کونسوڵ و دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بەشداربوون، سەرۆکی حکوومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی کردەوە  کە هەموو هەوڵێک دەدەن تاوەکو وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە، متمانەی زیاتر بە بازاڕی هەرێمی کوردستان بکەن. گوتیشی: هەر زوو هەوڵمان داوە کە هەموو بەربەستە یاسایی و بیروکراسییەکان لە بەردەم پڕۆسەی وەبەرهێنان هەڵگرین. کاری زۆر کراوە، بەڵام دەزانین کاری زۆرتریش ماوە بۆ ئەوەی ئاسانکاریی زیاتر بۆ وەبەرهێنەران بکەین.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:-

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز:

هەموو لایەک زۆربەخێر بێن، خۆشحاڵم کە ئەمرۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێزم بۆ ڕاگەیاندنی ماڵپەڕ و پلاتفۆرمێکی ئۆنلاین، کە تایبەتە بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، بە ناوی  Invest Kurdistan.

مەبەست لەم پلاتفۆرمە، پەرەپێدانی زیاتری پرۆسەی وەبەرهێنان و ئاسانکاریکردنە بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی خێرا و بەئاسانی، زانیاری پێویستیان لەبارەی هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان دەست بکەوێت.

هەمیشە گوتوومە کە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت تەواوکەری یەکترن، ئەمەش تەنیا دروشمێک نییە، بەڵکو بڕوامان پێی هەیە و دەرک بە کاریگەری و گرنگیی بەشداریی کەرتی تایبەت لە پێشخستن و بووژاندنەوەی ئابووریی وڵاتدا دەکەین.

ساڵانی ڕابردوو بارودۆخی سەختمان تێپەڕاند، کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا و ناسەقامگیریی بازاڕەکانی جیهان و کێشە سیاسی و داراییە ناوخۆیی و ناوچەییەکان، هەمووی کۆسپی گەورە بوون لە بەردەممان، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە، بە خۆڕاگریی هاووڵاتییانی خۆشەویستمان و بە پلان و بەرنامەکانی کابینەکەمان و بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی کەرتی تایبەتی کوردستان، توانیمان ئەو قۆناغە تێپەڕێنین. بۆیە لێرەدا دیسان بە دەرفەتی دەزانم کە سوپاسێکی تایبەتی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان بکەم، کە هەمیشە لە کاتی تەنگانە و قەیرانەکاندا، هەڵوێستیان هەبووە و بەشدار بوونە لە سووککردنی ئەرکی حکوومەت و هاوکاریی هاووڵاتییانی خۆشەویستمان.

بەڕێزان....

ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە کە بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر هەنگاو بنێین. بۆیەش هەموو هەوڵێک دەدەین تاوەکو وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەتی ناوخۆ و دەرەوە، متمانەی زیاتر بە بازاڕی هەرێمی کوردستان بکەن. ئێمە هەر زوو هەوڵمان داوە کە هەموو بەربەستە یاسایی و بیرۆکراسییەکان لە بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنان هەڵگرین. کاری زۆر کراوە، بەڵام دەزانین کاری زۆرتریش ماوە بۆ ئەوەی ئاسانکاریی زیاتر بۆ وەبەرهێنەران بکەین.

 ئێمە دەزانین کە وەبەرهێنان، پێویستیی بە سیستەمێکی بانکیی باوەرپێکراو و کارا هەیە، بۆیە لەم کابینەیەدا، هەوڵی چڕ و پڕمان دەست پێکردووە و چەند تیمێکی سەر بە ئۆفیسی خۆشم ڕاسپاردووە، کە بە هاوکاریی شارەزایانی ئەو بوارە، کار بکەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە بازاڕێکی پشتبەستوو بە پارەی کاش، بەرەو بازاڕێکی خاوەن سیستەمێکی بانکیی باوەڕپێکراو بگۆڕدرێت.

هەوڵمان داوە و بەردەوامین کە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیدار بە وەبەرهێنان، لە تۆماری کۆمپانیاکان تاوەکو ڕێکارەکانی وەرگرتنی پرۆژەکان، بە ئەلیکترۆنی بکرێن، هەوڵمان داوە کۆی پرۆسەکان خێراتر ببن و کاتێکی کەمتری کۆمپانیاکان بەهەدەر بدرێت. بێگومان هێشتاش گلەیی هەیە و پێویستە لەم بوارەدا، کاری زیاتر بکرێت و بە تایبەت لێرەدا قسەکانم ئاراستەی دامودەزگەکانی پەیوەندیدار دەکەم و پێیان دەڵێم کە هەرچی زووتر پرۆسەی دابینکردنی زەوی گونجاو و پێویست بۆ وەبەرهێنەران خێراتر و ڕێکتر بکەن.

هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیر و ئارامی دەڤەرەکەیە و لە هەمانکاتدا سروشت و جوگرافیای هەرێم زۆر لەبارە بۆ وەبەرهێنان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری و پێشەسازی. ئێمە سیاسەتی ئابووریی فرەچەشنمان گرتۆتەبەر، بۆیە بە هەموو توانایەک پشتگیری لە وەبەرهێنانی فرەچەشنیش دەکەین. ئێمە سامانی زۆرمان لەم وڵاتە هەیە. توانای مرۆیی گەورەترین سەرمایەمانە. بە وەبەرهێنان لەم بوارەدا دەتوانین داهاتوویەکی گەشتر بۆ وڵاتەکەمان مسۆگەر بکەین. من ساڵی رابردوو لە بۆنەیەکدا ئەنستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان (KII)ـم ڕاگەیاند بۆ ئەوەی توانا مرۆییەکانمان بدۆزینەوە و وەبەرهێنانیان لەسەر بکەین، بیرۆکە و داهێنانی خاوەن بەهرەکان دەکرێت ببێت بە هەوێنی پرۆژەی گەورە و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە دەتوانن سوودی لێ وەرگرن.

سەرمایە و سامانێکی دیکەی گەورەی وڵاتەکەمان سروشتی جوان و ڕەنگینمانە، کەشوهەوایەکی لەبار و چوار وەرزمان هەیە، ئاو و زەویی بە پیتمان هەیە، بۆیە کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک، دەرفەتی زێڕینە بۆ وەبەرهێنەران لە کوردستان.

هەروەها ئەو سروشتە دڵرفێنەمان دەکرێت ببێت بە باشترین دەرفەت بۆ وەبەرهێنەرانی بواری گەشتوگوزار لە هەموو ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا.

بەڕێزان....

ئێمە لەگەڵ پێشکەوتنی هەموو ناوچەکە و عێراقین، لەو بڕوایەداین گەر هەرێمی کوردستان پێشبکەوێت و گەشە بکات، لە قازانجی هەموو عێراقدایە. ئێمە دەمانەوێت هەرێمی کوردستان ببێت بە دەروازە و دەستپێکی کاری زۆر کۆمپانیا، تاوەکو لێرەوە بەرەو ناوچەکانی دیکەی عێراقیش پەلبکێشن. لە ساڵانی رابردوودا سەرمایە و داهاتی عێراق بە باشی بەکارنەهێنراوە و بە تایبەتیش لە بەشی هەرێمی کوردستان، ستەم لە هاووڵاتییانمان کراوە، ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە و هیوادارین یاسای بودجەی عێراق بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لەدەستوەردانی سیاسی جێبەجێ بکرێت. تێگەیشتنی باشم لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیە و بە پاڵپشتیی هەموو لایەک، پێویستە ڕووبەڕووی ئاستەنگە سیاسی و ئابوورییەکان ببینەوە و پێکەوە دەتوانین عێراق بگەیەنێن بە ڕیزی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، چوونکە کۆی عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە دەوڵەمەندە و تەنیا بەڕێوەبردنێکی باشی پێویستە.

بەڕێزان ....

دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە هەزار دەرفەتی وەبەرهێنانی لە بوارە جۆراوجۆرەکان ڕاگەیاندووە و ئێستا ئێمە وەک حکوومەتی هەرێم بەرچاومان ڕوونە و دەزانین چیمان دەوێت تاوەکو هەم هەرێمەکەمان پێشکەوێت، هەم وەبەرهێنەران سوود بکەن و هەم هاووڵاتییانیشمان دەرفەتی کاری زیاتریان بۆ برەخسێت و ئابووریی کوردستان ببووژێتەوە.

خۆشم پلانم هەیە کە لە نزیکەوە، زیاتر لە جاران وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و تەنانەت دەرەوەش ببینم، بۆ ئەوەی بە تێبینی و پێشنیارەکانیان، بەرچاومان ڕوونتر ببێت و هیوادارم کە ڕۆژ بە ڕۆژ شایەدی بەشداریی زیاتری وەبەرهێنەرانمان لە بوارە جیاجیاکان بین.

با هەموومان پێکەوە هاوکار بین تاوەکو کوردستانێکی ئاوەدانتر و گەشتر و بەهێزترمان هەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.