هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بناری چیای قەرەچووغ ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی ئەنجام دا و کەمێک پێش ئێستا ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی هات.
کاتژمێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی 06ـی 2023 لیوای 14ـی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە بناری چیای قەرەچووغ ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان بە سەرکەوتوویی بەکۆتا هێنا، لەمبارەیەوە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بۆ ڕەواندنەوەی ئەو مەترسییە ئەمنیانەی کە پاشماوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش لەسەر ناوچەکە و خەڵکی سڤیل دروستی کردووە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی لەو ناوچانە ئەنجام دا، کە گومانی هەبوونی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستانی لێ دەکرا.
ڕاشیگەیاند: لەو ئۆپەراسیۆنەدا، (ف1. ف2.ف3)ـی لیوای 14ـی پیادە، کێوماڵی گوندەکانی (گاور، کەنداڵ، گردە شین، مەلاکاغا و کەبنک ڕەش)ـیان لە بناری چیای قەرەچووغ کرد.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش دا کە ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەناوبردنی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆریستان بوو، هاوکات بەرقرارکردن و سەقامگیرکردنی ئەمنیەت و ئاسایشی زیاتری ئەو ناوچانە بوو کە گومانی هەبوونی پاشماوەی چەکدارانی داعشی لێدەکرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.