Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 02:04

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق كۆبووەوە

کوردستان TV
100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق كۆبووەوە و بڕیار درا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن بەمەبەستی دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی 06ـی 2023 لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق كۆبووەوە كە لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆكردن و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، سەردانی هەولێریان كردووە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تیمێكی پسپۆڕی یۆنامی و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی عێراق ئامادەی بوون، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرچی زووە هەنگاو بنرێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان. لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی ئامادەییی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە دەربڕی.

لای خۆیەوە جینین پلاسخارت و تیمی یۆنامی پشتیوانیی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیاند و ئامادەیییان نیشان دا بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی هەڵبژاردن.

دواتر سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق و ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ بانگهێشت وگرنگیدان بە ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆ، هەروەها ئامادەییان نیشان دا بەپێی یاسا و دوای دەستەبەركردنی پێداویستییەكان و ڕێككەوتن لەسەر كاتێكی گونجاو، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەرێوە ببەن. لەمبارەیەوە بڕیار درا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن بەمەبەستی دیاریكردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.