Erbil 15°C شەممە 15 حوزەیران 09:37

مەسرور بارزانی بانکی جیهانی کردەوە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە 6/14 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە شاری هەولێر ، باڵاخانەی نوێی کارگێڕی گشتیی و لقی سەرەکیی بانکی جیهان-ی کردەوە کە یەکێکە لە بانکەکانی کەرتی تایبەت.
سەرۆکی حکومەت دوای ئەوەی بەشەکانی بانکەکەی بەسەر کردەوە ، لە کۆبوونەوەیەکەدا لە گەڵ وەبەرهێنەر و بەڕێوەبەر و بەرپرسانی بانکەکە، سوپاسی کردن کە بەشێکن لە پڕۆژەی (هەژماری من) كە بەشێکە لە پلانی حکومەت بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت گوتیشی بانكەكان دەتوانن هۆكارێكی سەرەكی بن لە بووژانەوەی ئابووریی هەر وڵاتێك،چونکە پێشخستنی ئابووریی هەر وڵاتێك و كۆڵەگەی سەرەكیی جووڵانەوەی ئابووریی وڵات، بانكەكانن، بۆیە زۆرم لا مەبەستە بانكەكانی ئێمە بە شێوازێكی ستانداردی نێودەوڵەتی كار بكەن.
سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە ئەو پرۆژەی دەستمان پێ كردووە، ئێستا سەرەتایە، لە ماوەی دوو ساڵ، ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە هەرچیی فەرمانبەری حكوومەتە زیاتر لە ملیۆنێك و 200 هەزار كەسە، ئەمانە بخرێنە سەر ئەم سیستەمە، لە هەمانكاتدا لەگەڵ كەرتی تایبەت و خەڵكی تریش لە دەرەوە و بۆ هەموو هاووڵاتیان، شتێكی وا بكەین كە بانكەكان ئەم خزمەتگوزارییە فراوان بكەن و هەموو هاووڵاتیانیش تێیدا بەشدار بن.

لە کۆتاییدا، سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا جەختی لەوە کردەوە کە لەم كابینەیەدا گرنگییەكی زۆرمان داوە بەوەی بتوانین ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان بەهێز بكەین، كۆڵەگەیەكی سەرەكیی بەهێزكردنی ئابووریی كوردستانیش سیستەمی بانكییە، زۆر پێ خۆشحاڵم كە دەبینم بانكی جیهانیش یەكێك لەو بانكانەیە كە توانیویەتی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ستانداردە جیهانییەكان، لە هەمانكاتدا بەشداریش بێت لە پرۆژەی (هەژماری من). ئێستاش بیستم كە حەفت بانكی تریش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بەشدار بن لەم پرۆژەیە ، كە ئەم پرۆژەیە بە دیجیتاڵكردنی سیستەمی وەرگرتنی مووچەیە كە لە سەرەتاوە و هەروەكوو پێشتریش باسمان كردووە، بۆ دوو ساڵی داهاتوو، ئاواتمان وایە كە هەموو فەرمانبەرانی حكوومەت بتوانن لەو سیستەمەدا جێگیر بكرێن، لە هەمانكاتدا بتوانین لەگەڵ هەموو بانكەكانیشدا قسە بكەین بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیان لە دەرەوەی كەرتی گشتیش، بتوانن لەم پرۆژەیەدا بەشدار بن و ببنە خاوەنی (هەژماری من) لە بانكەكانی كوردستاندا. بێگومان لەو كاتەدا پەیوەندییەكی پتەوتر لە نێوان بانك و هاووڵاتی دروست دەكرێت.
بانك نابێت تەنیا شوێنی حەواڵەكردنی پارە بێت، بەڵكوو دەبێ ببێ بە دامەزراوەیەک، هەم زیاتر یارمەتیی هاووڵاتی بدات، هەروەها هاووڵاتیش بتوانێ سوود لەو هەموو ئیمكانیات و سوودانەی بانكی وەربگرێت بۆ باشتركردنی بژێویی ژیانی خۆیان.
ئێمە لە حكومەت زۆر پێداگری دەكەین لەوەی كە سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان بە ستاندارد بكرێ، بۆ ئەمەش لەگەڵ سەرۆكی بانكی ناوەندیی عێراقیش لە پەیوەندیداین و ئەوانیش یارمەتیدەری ئێمە بوون، داواشیان لێ دەكەم كە ئەو پرۆسانە خێراتر بكەن بۆ یارمەتیدانی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستاندا.
لە هەمانكاتدا سوپاسی بەڕێز وەزیری دارایی دەكەم كە پاڵپشت و هاوكار و پێداگیرێكی سەرسەخت بووە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە، دەستخۆشی لە خۆی و وەزارەتەكەی و هەموو كارمەندان دەكەم، هەروەها سوپاسی كەرتی تایبەتیش دەكەم كە بە دەم بانگەوازی حكوومەتەوە هاتن و ئەوانیش دەیانەوێ بەشدار بن لە باشتركردنی بژێویی ژیانی خەڵك، بەوەی كە سیستەمی خزمەتگوزاریی خۆیان بە شێوەیەكی ستانداردی جیهانی بگەیەنن.
جارێكی تر دەستخۆشیتان لێ دەكەم و هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.