Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 05:39

وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی دامەزراندنەوە دەرچووان ئاگادار دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆکانی ناوچەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێمى  کوردستان ئاگادار دەکاتەوە کە پێویست ناکات سەردانی وەزارەت بکەن، کۆدی دامەزراندنیان بۆ زانکۆکانیان نێردراوە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: خاوەن بڕوانامە باڵاکان و سێ یەکەمەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە دانیشتووى ناوچەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستانن ئاگادار دەکەینەوە، ئێستا دەتوانن کۆدەکانیان لە زانکۆکانی خۆیان وەربگرنەوە کە ژمارەیان (2075) کەسە.

د. توانا نەجەف بەڕێوەبەرى گشتیی کارگێڕى و دارایى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: دواى ئەوەى لەماوەى ڕابردوو لەسەر داواى حکوومەتى عێراقى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لیستى ناوى سێ یەکەمەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و هەڵگرانی بروانامەی باڵا، دەرچووانى بەشە پزیشکى و تەندروستییەکان کە تاوەکو ئێستا دانەمەزراون و دانیشتووى پارێزگاکانى دەرەوەی هەرێمى کوردستانن، لەڕێگەى نوێنەرایەتیی حکوومەتى هەرێمی کوردستان لە بەغدا بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق نێردرا. دواتریش ئاراستەى ئەنجوومەنى ڕاژەى حکوومەتى عێراقى کرا بۆ ئەوەى QR کۆدیان بۆ دروست بکرێت.

ڕاشیگەیاند: ئێستا کۆدى دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان کە ژمارەیان (222) دەرچووە و سێ یەکەمەکان کە ژمارەیان (1853) سێ یەکەمە و دەرچووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن و دانیشتووی ناوچەکانى دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، لە وەزارەتەوە نێرداوە بۆ هەریەک لە زانکۆکانیان، بۆ ئەمەش دەرچووان دەتوانن لە زانکۆکانیان کۆدەکانیان وەربگرنەوە.

بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى ئاماژەی بەوەش دا کە پێوست ناکات هیچ یەکێک لە خاوەن بڕوانامە باڵاکان و سێ یەکەمەکان بۆ ئەم بابەتە سەردانی وەزارەت بکەن، چونکە کۆدەکانیان لە وەزارەتەوە بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان نێردراوە و دەرچووان دەتوانن لە زانکۆکانیان کۆدەکانیان وەربگرنەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.