Erbil 15°C چوارشەممە 01 ئایار 09:37

ڕاگەیەنراوی د. کەمال کەرکووکی لەبارەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان

کوردستان TV
100%

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان پارێزگای کەرکووک – گەرمیان دەڵێت، کینەلەدڵەکان و خائینەکان ئەوەیان لەبیر چووە کە گەلی کوردستان ڕووبەڕووی بەهێزترین دیکتاتۆریەتەکان بووەتەوە و خۆی ڕاگرتووە.

د. کەمال کەرکووکی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان پارێزگای کەرکووک – گەرمیان ڕایگەیاند: هەموومان دەزانین و شارەزایان لە پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق چەندین وتاریان بەرهەم هێنا کە تیایاندا جەخت دەکەن بەندەکانی ئەم بودجەیەی ئێستا هیچ پەیوەندییان بە هیچ ئاراستەیەکی یاسایی و چوارچێوەیەکی دەستوورییەوە نییە و، بودجەیەکە خۆی لە ڕێکارە یاساییەکان لاداوە و لە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی و ڕۆڵی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران دەرچووە.

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی د. کەمال کەرکووکی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان پارێزگای کەرکووک – گەرمیان:-

ژمارەیەک ماددەی نادادپەروەرانە لە دژی گەلی کوردستان لە یاسای بودجەدا تێپەڕێندران. ئەو گەلەکۆمەیە دژ بە گەل، ئاشکرای کرد کە بابەتەکە کارلێکیکی سیاسی نییە کە لە ئەنجامی جیاوازیی دیدگا یان یەکەمایەتییەکان دروست بووبێت.

ئەوەی لە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕووی دا و ڕوو دەدات، یەکگرتنی دوو ئەجێندای گوماناوییە:

یەکەمیان لافاوی ڕق و کینەیەکی قووڵی عەقڵیەتێکی شۆڤێنیستی ڕەگداکوتاوە و، خواستێکی بەهێزی تۆڵەسەندنەوەیە، لەبەر هیچ نا ئەوەندە نەبێت کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان توانیمان کەشێکی ئەرێنی و بنیاتنەر بۆ بنیاتنانی بنەماکانی حوکمڕانییەکی دروست دامەزرێنین. بە جۆرێک کە سەرەڕای گەلەکۆمەی هێزەکانی خراپەکاری و لاوازیی توانا داراییەکان و هەموو ئەو ئاستەنگانەی دەخرێنە سەر ڕێی هەموو هەنگاوێکی گەشەسەندنی کوردستان، هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی خۆی سەلماند و بووە مەشخەڵ و ڕووگەی خۆشگوزەرانی و ژیانی پڕ شانازی و کەرامەت و، خێزانە عێراقییەکان لە پارێزگا جۆراوجۆرەکانەوە بە لێشاو دێن و هەوڵی ژیان لە کوردستان دەدەن، چونکە داهاتوویەکی باشتریان بۆ منداڵەکانیان دەوێت دوور لە دواکەوتوویی و گەندەڵی و میلیتاریزمی پووچ و چەکی بەربەرەڵڵا و کرێگرتەیی و سەرشۆڕی.

ئەجێندای دووەمیش، ڕۆچوونی گرووپێکی خیانەتکارە لە گۆمێکی قووڵی خیانەت و ملکەچیدا، بە جۆرێک کە دەرچوونیان لێی بووە بە مەحاڵ. بەڵام مێژوو و واقیع و یاساکانی گەردوون، هەموویان پێمان دەڵێن کە شکست دەهێنن و گەلی کوردستان هەڵیان دەهێنێتەوە و، ئەو کاتە پیلانگێڕان نایانپارێزن و یارمەتییان نادەن.

هەموومان دەزانین و، شارەزایان لە پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق چەندین وتاریان بەرهەم هێنا کە تیایاندا جەخت دەکەن بەندەکانی ئەم بودجەیەی ئێستا هیچ پەیوەندییان بە هیچ ئاراستەیەکی یاسایی و چوارچێوەیەکی دەستوورییەوە نییە و، بودجەیەکە خۆی لە ڕێکارە یاساییەکان لاداوە و لە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی و ڕۆڵی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران دەرچووە. بودجە ناتوانێت ببێت بە جێگرەوەی یاسا تایبەتمەندەکان و، نابێت بۆ ڕازیکردنی تۆڕەکانی گەندەڵی لەسەر حیسابی هاووڵاتیی سادە قیرتاوکردنی شەقامێک یان دامەزراندنی زانکۆیەکی ئەهلی بخزێنێتە چوارچێوەی بڕگەکانی. بودجە ستراتیجی گشتی و دیارترین دەربڕینی بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکانی گەلە لە سوودوەرگرتن لە داهاتی نیشتمانەکەیان و، گرنگترین خاڵی خستنەڕووی ئاراستەی مامەڵەکردنی حکوومەتە لەگەڵ پێکهاتە و ئیتنیکە جۆراوجۆرەکان و، ئەم بودجەیە لە هەموو ئەمانەدا شکستی هێنا و، بوو بە ئامرازی سەرکوتکردنی مافەکانی کوردستان و شەڕکردن لە دژی نان و چارەنووسی گەلەکەی. گەلەکۆمەی کینەلەدڵەکان و خیانەتکاران و کۆیلەکان، پرۆسەیەکی یاسادانانی گشتیی کرد بە گۆڕەپانی شەڕ و سەکۆی موزایەدەکردن و ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی ناڕاست.

بەڵام کینەلەدڵەکان و خائینەکان ئەوەیان لەبیر چووە کە گەلی کوردستان ڕووبەڕووی بەهێزترین دیکتاتۆریەتەکان بووەتەوە و خۆی ڕاگرتووە، کیمیاباران و ئەنفال کراوە و بەرگەی گرتووە و، لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی گەمارۆی دووانە بووەوە و، ڕووبەڕووی داعش بووەوە و خۆی ڕاگرت، بۆیە هیچ کۆنەڕقێک یان خیانەتێکی دووڕەگ ناتوانێت قەوارە و دەستکەوتەکانی کوردستان تێک بدات و، ئەم گەلە مل بۆ ئەم فشارە کەچ ناکات کە درێژەی خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەرە و لاپەڕەیەکی دیکەی ڕەشی خیانەتە. هەموو یاسا گەردوونی و خوداییەکان پێمان دەڵێن ئەنجامی خیانەت زبڵدانی مێژووە.

بە ڕوون و ڕەوانیش بە هەموو لایەک دەڵێین، گەلی کوردستان ملکەچ نابێت، خواستی شۆڤێنیستەکان و خیانەتکارە سەرشۆڕەکان بەدی نایەت، هیچ شتێک کار ناکاتە سەر قەوارەی کوردستان و ئەم هاشوهوشە میدیاییانەش هیچ کەسێک ناخەڵەتێنن..

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.