جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پارتی لەگەڵ مووچەخۆرانی کوردستان ڕاستگۆیە و ناهێڵێ موزایەدەیان بەسەرەوە بکرێ.
دوای ئەو ناکۆییەی لەسەر بابەتی بڕگەی دانەوەی پاشەکەوتی مووچە لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە دروستبوو، مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: بەداخەوە چەند هەفتەیەکە هەندێک فراکسیۆن، بەتایبەتیش یەکێتی، لەپێناو تێپەڕاندنی پلانگێڕییەکانیان لەدژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە پاساوی مامەڵەی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگاکان، هاتوون بڕگەیەکیان هێناوە و ناویان ناوە گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە و خەڵکییان پێ سەرقاڵ کردووە.
ڕاشیگەیاند: ئەم بڕگەیە بەبێ تەرخانکردنی پارە بۆی هیچ بەهایەکی نییە، بەڵکوو ئەگەر بەو جۆرە تێپەڕێ، کێشە بۆ خودی مووچەخۆرانیش دروست دەکات، چونکە دەستی حکوومەت لە دابەشکردنی مووچەی مانگانە دەبەستێت، چونکە ئەو پارەیەی دەستی دەکەوێ بەشی هەموو خەرجییەکان ناکات.
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا کە "فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ مووچەخۆراندا ڕاستگۆیە و نایەوێ بە شتی ناڕاست هەڵبخەڵەتێن، بەڵکوو هەموو هەوڵێک دەدات لە بودجەدا پارە بۆ ئەم مەبەستە تەرخان بکرێ."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.