Erbil 15°C ھەینی 26 نیسان 20:42

ڕاگەیەنراوی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە کەرکووک – گەرمیان لەبارەی گوللەبارانی گەنجانی سلێمانی و بۆردوومانی ئۆردووگای زێوە

کوردستان TV
100%

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە کەرکووک – گەرمیان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی یادی ھەردوو کارەساتی دڵتەزێنی گوللەبارانی گەنجانی سلێمانی و بۆردومانی ئۆردووگای زێوەیە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بڵاو کردۆتەوە.

د. کەمال کەرکووکی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: دوژمن ھەموو ڕێگایەک بەکار دەھێنێت بۆ ئەوەی ئیرادەی گەلی کوردستان بشکێت، بەڵام دوژمن ھەر شەڕ و فێڵێک دژ بە گەلی کوردستان بکات ئەگەر چی ھەندێک ئامانجی کاتی تایبەتی خۆیان بەدەست بھێنن، بەڵام ھەمیشە پیلانەکانیان لە بەردەم ئیرادەی بەھێز و باوەڕ بە پرسی ڕەوای گەلی کوردستان و قارەمانیەتی و خۆراگریی خەڵکی نیشتمانپەروەر و پێشمەرگە سەربەرزەکان و سەرکردایەتیی دڵسۆز لە ھەرێمی کوردستان، تێک دەشکێن و دەچەمێن وەکوو زۆرێک لە دیکتاتۆرەکانی مێژوویان بەسەر دێت.

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە کەرکووک – گەرمیان:-

ئەمرۆ یادی ھەردوو کارەساتی دڵتەزێنی گوللەبارانی گەنجانی سلێمانی و بۆردومانی ئۆردووگای زێوەیە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.

60 ساڵ بەر لە ئێستا، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی 1963، ژمارەیەک گەنجی کوردی ئازادیخوازی نیشتمانپەروەر لە شاری سلێمانی، کە ئامادە نەبوون سووکایەتی بە بەھا و پیرۆزییەکانی نەتەوەکەیان بکەن، لە لایەن تاوانبار (زەعیم صدیق) گوللە باران کران و بە شێوەیەکی دڕندانە شەھید کران.

ئەم شەھیدانە بوونە وانەی ئازادی و خۆڕاگری و ئیرادە و گیانفیدایی نەتەوەی کورد.

پێش 38 ساڵیش و لە ڕێککەوتی 9-6-1985، تاوانێکی دێکەی نامرۆڤانەی، درندانەی ڕژێمی دیکتاتۆری بەغدا دژ بە گەلی ستەملێکراوی کورد، لە (ئۆردوگای زێوە) تۆمار کرا.

لەو ڕۆژەدا ڕژێمی عێراق بە فرۆکەی سیخۆ بۆردومانی پەنابەرانی ئۆردوگای زێوەی کرد. ئەم کارەساتە لاپەڕەیەکی دیکەی ڕەشی مێژووی ڕژێمی عێراقە دەرھەق بە گەلی کوردی بێتاوان، کە بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵی سڤیل شەھید بوون، جەستەی لەتلەتکراوی شەھیدانی کارەساتی زێوە بۆ دۆست و نەیارانی کورد و کوردستانی ڕوونتر کردەوە، کە ڕژیمی بەغدا بە چ شێوەیەک دژ بە گەلی کورد ڕەفتاری نامرۆڤانە و کارەساتی ناخھەژێن و تاوان ئەنجام دەدات.

ڕژێمی عێراق دوای ئەوەی ھەموو ڕێگایەکی بۆ نەھێشتنی گەلی کورد تاقی کردەوە، لە بۆردومان و کوشتن و زیندەبەچاڵکردن و بێسەروشوێنکردن و تیزاب و بەعارەبکردن و ئەنفال و وێرانکردنی گوندەکان، گەلی کورد و کوردستان ھەر بە زیندوویی و بەھێزتر مایەوە، ئەمرۆ شەھیدانیش بە سەربەرزی و شانازییەوە یادیان دەکرێتەوە، دوای 60 ساڵ و 38 ساڵ لە یاد نەکراون و ناکرێن، ئەمرۆ بەرھەمی قوربانیدانی گەلی کوردستان و پێشمەرگەیە، گەلانی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەن بە ئازادی و سەربڵندی دەژین.

دوژمن ھەموو ڕێگایەک بەکار دەھێنێت بۆ ئەوەی ئیرادەی گەلی کوردستان بشکێت، بەڵام دوژمن ھەر شەڕ و فێڵێک دژ بە گەلی کوردستان بکات ئەگەر چی ھەندێک ئامانجی کاتی تایبەتی خۆیان بەدەست بھێنن بەڵام ھەمیشە پیلانەکانیان لە بەردەم ئیرادەی بەھێز و باوەڕ بە پرسی ڕەوای گەلی کوردستان و قارەمانیەتی و خۆراگریی خەڵکی نیشتمانپەروەر و پێشمەرگە سەربەرزەکان و سەرکردایەتیی دڵسۆز لە ھەرێمی کوردستان، تێک دەشکێن و دەچەمێن وەکوو زۆرێک لە دیکتاتۆرەکانی مێژوویان بەسەر دێت.

لەم یادەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی سەرکردەی نەتەوەییمان مستەفا بارزانی و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد دادەنوێنین.

سڵاو و ڕێز بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ھەردوو کارەساتی سلێمانی و زێوە و شەھیدانی ئەنفال و ڕێگای ئازادی و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان دەنێرین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.