دەستەی دەستپاکی لە عێراق رایگەیاند کە سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بەتۆمەتی گەندەڵی بە 15 ساڵ بەندکردن سزادراوە.
لە ڕاگەیەنراوێک فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکانی سەر بە دەستەی دەستپاکی لە عێراق ڕایگەیاند: دادگەی تاوانەکانی ڕەسافە، بە تۆمەتی گەندەڵی، سزای 15 ساڵ بەندکردنی بۆ سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دەرکردووە. لە ڕاگەیەنراوەکە ناوی نەهێناوە و تەنیا ئاماژەی بە پۆستەکەی داوە.
ڕاشیگەیاند: سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ھەڵاتووە لەگەڵ تاوانبارێکی دیکە لە یەکی تەمموزی 2015ـەوە تاوەکو 01ـی 04ـی 2017، دەستیانبەسەر مووچەی مانگانەی فەرمانبەرێکدا گرتبوو لەو کاتەی فەرمانبەرەکە بۆ ماوەی چوار ساڵ مۆڵەتی ساڵانەی وەرگرتبوو.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە سزاکە بە پشتبەستن بە ماددەی (315) لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکراوە.
لە مادەی (315) لە یاسای سزادانی عێراقیدا ئاماژە بەوە دراوە، ھەر بەرپرسێک یان فەرمانبەرێک کە لە کەرتی گشتیی خزمەت دەکات و لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا، گەندەڵی بکات و دواتر ئاشکرا ببێت، ئەوە بە بەندکردن سزا دەدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.