Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 04:40

بەشەناوخۆییەکانی کەمپی نوێی زانکۆی سەڵاحەدین تەواو دەکرێن؛ هەزاران قوتابی لەخۆ دەگرێت

کوردستان TV
100%

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆژەی دروستكردنی كۆمەڵگەی بەشەناوخۆیی، کە بەشێكە لە پرۆژەی كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین، ڕێژەى 98%ـی تەواو بووە، ئەوەى ماویەتی، تەنیا ڕاکێشانی هێڵی کارەبایە و لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت و زیاتر لە 2 هەزار قوتابی لەخۆ دەگرێت.

عەبدولکەریم جەبار، ئەندازیاری شارستانیی پرۆژەکە، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: پرۆژەکە گوژمەی 22 ملیۆن و 462 هەزارو 641 دۆلاری لەسەر بودجەی پترۆدۆلار بۆ تەرخان کراوە، لە 26ـی تشرينى يەكەمی 2010 دەستبەكار بووە، ڕووبەرەكەشی 24 دۆنم (60 هەزار مەتر چوارگۆشە)ـیە، بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە نزیکەى هەزار و 400 قوتابی تا 2 هەزار و 100 قوتابی لێی سوودمەند دەبن.

ڕاشیگەیاند: پرۆژەکە لە چوار باڵەخانەی سێ نهۆمی، لەگەڵ باڵەخانەیەكی كافتریای سێ نهۆمی و هەشت كۆشك و بنكەیەكی تەندروستی و باڵەخانەیەكی كارگێڕی و هۆڵی پێشوازی و هۆڵێكی گەورە پێكهاتووە، لەهەر باڵەخانەیەكیش دوو ژێرزەمینی تێدایە، ڕووبەری هەر یەكێکیان 400 مەتر چوارگۆشەیە و پاركی ئوتومبێل و 2 گۆڕەپانی بالە و باسكەی تێدایە.

عەبدولکەریم جەبار باسی لەوەش کرد کە لەڕووی پاراستنی سەلامەتییەوە، سیستەمی ئاگركوژێنەوە وە زەنگدانەوەی ئاگری تێدایە و ئینتەرنێت و سیستەمی كامێرەی چاودێری هەیە؛ هەموو باڵەخانەكان بەو سیستەمانەوە بەستراونەتەوە، ئەو پرۆژەیە لەلایەن ئەندازیارانی بەرێوەبەرایەتیی ئەندازە و پرۆژەكان نەخشەسازی بۆ كراوە و هەر لەلایەن خۆشیانەوە سەرپەرشتی تەواوكردنی پرۆژەكە دەكرێت.

لەلایەکی دیکەوە تەیب عومەر، ئەندازیارى کارەبا لە پرۆژەکە، گوتی: پرۆژەی دروستكردنی كۆمەڵگەی بەشە ناوخۆیی، ڕێژەى 98%ی تەواو بووە، ئەوەى ماویەتی، تەنیا ڕاکێشانی هێڵی کارەبایە و لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت، وەزارەتی كارەبا پشکنینی بۆ ڕاكێشانی كارەباكە كردووە، کە بە 33 كەیڤی، نزیكەی 5.3 مێگاوات كارەبای دەوێت، لەگەڵ دابینكردنی كەلوپەلی پێویست بۆ حەوانەوەی قوتابییان؛ بۆ ئەم مەبەسەتەش لیژنەیەك لەلایەن سەرۆكایەتیی زانكۆوە ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی دەرخستەیەك ئامادە بكات، تا بە زووترین كات هەردوو بەشی ڕاكێشانی كارەبا و كەلوپەلی پێویست دابین بکرێت.

ئەو ئەندازیارەى کارەبای پرۆژەکە ئاماژەی بەوەش دا کە بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیەش زانكۆ زۆر سوودمەند دەبێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر فێرخواز لە خۆى دەگرێت، باڵەخانەكەش بەشێوەیەكی زۆر شارستانی دروست كراوە و پێشكەوتووە، ئەگەر بەراوردی بكەی لەگەڵ باڵەخانەكانی دەرەوەی زانكۆ، زۆر خۆشتر و دڵگیرترن، ئەمەش خزمەت بە ژینگەى خوێندن لە ناو زانكۆی سەڵاحەدین دەکات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.