Erbil 15°C سێشەممە 18 حوزەیران 19:06

حكومەتی هەرێمی كوردستان سیستەمێكی نوێی دیجیتاڵی ڕادەگەیەنێت

کوردستان TV
100%

حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئامانجی ئاسانكاری و كەمكردنەوەی بارگرانیی دارایی و خێرایی لە ڕاییكردنی كارەكان، پڕۆسەی تۆماركردنی دامەزراوە بازرگانییەكان بە دیجیتاڵی دەكات و لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی پۆرتاڵێكی ئۆنلاینەوە (business.digital.gov.krd) داواكاری پێشكەش بكەن.
لە ڕێگەی ئەم سیستەمە نوێیەوە، لە هەر كات و شوێنێك بێت، دەتوانن بە ئاسانی و خێرایی و پارێزراوی، داواكاراییەكانی تایبەت بە تۆمارە بازرگانییەكانیان پێشكەش بكەن. بەمەش "ژمارەی یەكەی بێهاوتا" دەدرێتە هەر كۆمپانیایەكی تۆماركراو تا بە ئاسانی سوود لە خزمەتگوزارییەكانی دیكەی حكومەت ببینن.
ئەم دەستپێشخەرییە هەوڵێكی هاوبەشی نێوان پەرلەمانی كوردستان، نوسینگەی سەرۆك وەزیران، نوسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری كۆمپانیاكانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری و هاوتەریبیشە لەگەڵ ستراتیژی وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا.
پێشكەوتن و بەراوردكردن
سیستەمی تۆماركردنی دامەزراوە بازرگانییەكان، بە چەندین تایبەتمەندییەوە شوێنی پڕۆسەی كاركردنی پێشوو دەگرێتەوە. پێشتر پێویست بوو داواكار چەندین جار سەردانی فەرمانگە و بەشە جیاوازەكانی بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری دامەزراوە بازرگانییەكان بكات، تا بە پڕۆسەیەكی دوور و درێژ و تێچوویەكی زۆر و دوو داواكاریی جیاواز، ناوی بازرگانی یان كۆمپانیاكەی تۆمار بكات، ئەمەش جۆرێك لە ئاڵۆزی و بێزاری دروست كردبوو، و ئەم كەموكوڕییانە ڕێگر بوون لە پێشكەوتنی ئابووری و گەشەی كۆمپانیاكان و دەستپێشخەریی خاوەنكاران.
سوودەكانی بەدیجیتاڵیكردنی سیستەمە نوێیەكە
ئەم سیستەمە نوێیە، چەندین سوودی هەیە، چیتر بە ماوە و تێچوویەكی زۆر، كۆمپانیا و ناوی بازرگانی تۆمار ناكرێت، بەڵكوو لە هەر شوێنێك بێت 80٪ هەرزانتر لە جاران و لە ماوەی 24 كاتژمێری كاركردندا ناوی بازرگانییەكە تۆمار دەكرێت. هەروەها داواكار بە شێوەی گەڕانی ئۆنلاین، دەتوانێت ناوە بازرگانییەكەی پشتڕاست بكاتەوە، تا كەسی دیكە نەتوانێت بە هەمان ناو لە هەرێمی كوردستان، كۆمپانیا تۆمار بكات.
ئەم سیستەمە، ستانداردە نێودەوڵەتییەكان پەیڕەو دەكات، ئەوەش بە پێشكەشكردنی لیستی چالاكییە بازرگانییەكان لەسەر بنەمای پۆلێنكردنی پیشەسازی و ستانداردی نێودەوڵەتیی، بەمەش ڕێگە بە داواكار دەدرێت شەفاف و ئاسان چالاكییەكانی لە لیستە دیاریكراوەكەی نێو پۆرتاڵەكە هەڵبژێرێت و ڕێنمایی و زانیاری ڕوون و پێویستی دەست بكەوێت. تۆماری ناوی بازرگانی و كۆمپانیاكان، لەم سیستەمە نوێیەدا لە پۆرتاڵێكدا كۆ كراونەتەوە كە پڕۆسەكە بە گشتی ئاسانتر دەكات.
لە ڕێگەی ئەم پۆرتاڵەوە، داواكار دەتوانێت ئاراستە و چۆنییەتیی ڕاییكردنی كارەكانی تۆماركردنەكەی ببینێت و بە دروستبوونی "ژمارەی یەكەی بێهاوتا" بۆ هەر دامەزراوەیەكی تۆماركراو، ڕێگا بە داواكار دەدرێت دەستی بە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەكانی دیكەی حكومەت وەك دەستەبەری كۆمەڵایەتی، باج و گومرگ بگات.
ئەم سیستەمە نوێیە، هەنگاوێكی بەرچاو و مۆدێرنە لە تۆماركردنی دامەزراوەی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان و ڕۆڵێكی كاریگەری دەبێت لە گەشە و بەرەوپێشبردنی كەرتی ئابووری و زیادبوونی هەلی كار.
لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە وەرچەرخانی دیجیتاڵی و ئاسانكاری و پێشخستنی حوكمڕانییەكی كارامە دووپات دەكاتەوە و لەو ڕووەشەوە هەنگاوی بەهێزی لە بواری تەكنەلۆژیای نوێ ناوە.
 

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.