Erbil 15°C پێنجشەممە 13 حوزەیران 09:13

مانچسته‌ر سێتی به‌دۆراندن كۆتایی به‌ یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی پریمه‌رلیگ هێنا و لیدز یونایتد و لیسته‌ر سیتیش بۆ پله‌ یه‌ك دابه‌زین

کوردستان TV
100%

له‌كۆتا گه‌ری پریمه‌رلیگ، یانه‌ی مانچسته‌ر ستی پاڵه‌وان به‌دۆراندن كۆتایی به‌كاروانی ركابه‌ریه‌كانی وه‌رزی ئه‌مسالی هێنا، ستیزن به‌گۆلێكی بێ به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی برینفۆردی میوانداری دۆرا، تاكه‌ گۆلی یاریه‌كه‌ له‌خوله‌كی هه‌شتاو پێنج له‌رێی یاریزان ئیسان بینۆك تۆماركرا.
به‌م ئه‌نجامه‌ مانچسته‌ر ستی به‌هه‌شتاو نۆ خاڵ وه‌رزی ئه‌مسالی به‌كۆتا هێنا، له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌ی برینفۆرد په‌نجاو نۆ خالی هه‌یه‌ و له‌خانه‌ی هه‌شته‌مه‌، سه‌باره‌ت به‌یاری نێوان هه‌ردوو یانه‌ی چێلسی و نیوكاسڵ یونایتد، یاریه‌كه‌ به‌یه‌كسان بوونی هه‌ردوولا به‌گۆلێك بۆ هه‌رلایه‌كیان ته‌واو بوو، له‌سه‌رتای گێمی یه‌كه‌م و له‌خوله‌كی نۆ ئه‌نتۆنی جۆردن گۆلی پێشكه‌وتنی بۆ نیوكاسل تۆماركرد.
 له‌به‌رامبه‌ردا چێلسی له‌خوله‌كی بیست و حه‌وت به‌واژووی تریبیر گۆلی به‌رامبه‌ر بوونه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێنایه‌وه‌ كاتێ به‌هه‌له‌ له‌خۆیانی تۆماركرد.
 به‌مجۆره‌ یاریه‌كه‌ تا كۆتایی به‌یه‌كسان بوون به‌گۆلێك بۆ هه‌ردوولا ته‌واو بوو، به‌مه‌ش كۆی خاڵه‌كانی نیوكاسڵ یونایتد بووه‌ حه‌فتاو یه‌ك خاڵ و له‌خانه‌ی چواره‌می ریزبه‌ندیه‌، له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌ی چێلسی به‌چلو چوار خاڵ و له‌خانه‌ی دوازده‌هه‌م كۆتایی به‌وه‌رزی ئه‌مسالی هێنا.    

هه‌ر له‌ركابه‌ریه‌كانی گه‌ری كۆتایی پریمه‌رلیگ، یانه‌ی ئه‌رسناڵ به‌پێنج گۆلی بێ به‌رامبه‌ر سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر یانه‌ی ولڤه‌رهامبتۆن تۆماركرد، له‌گێمی یه‌كه‌م و له‌خوله‌كی یازده‌ گرانیت چاكا گۆلی پێشكه‌وتنی بۆ ئه‌رسناڵ به‌ده‌ستهێنا.
 سێ خوله‌ك دوای ئه‌م گۆڵه‌ چاكا دووه‌م گۆلی خۆی و یانه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا، گوشاره‌كانی تۆپچیه‌كانی له‌نده‌ن درێژه‌ی هه‌بوو، له‌خوله‌كی بیستو حه‌وت بۆكایۆ ساكا گۆلی سێیه‌م و دڵنیایی تۆماركرد، گێمی یه‌كه‌م ئه‌رسناڵ به‌سێ گۆڵ له‌پێشه‌وه‌بوو.
 له‌گێمی دووه‌م و له‌خوله‌كی په‌نجاو هه‌شت گابریل خیسۆس گۆلی چواره‌می بۆ ئه‌رسناڵ به‌ده‌ستهێنا، ئه‌مجاریان له‌خوله‌كی حه‌فتاو هه‌شت جاكوب كیویور گۆلی پێنجه‌می بۆ ئه‌رسناڵ تۆماركرد، به‌مجۆره‌ یانه‌ی ئه‌رسناڵ به‌پێنج گۆلی بێ به‌رامبه‌ر براوه‌ی كۆتایی یاری وه‌رزی ئه‌مسالی بوو، ئه‌رسناڵ له‌خانه‌ی دووه‌م دێت و هه‌شتاو چوار خالی هه‌یه‌، ولڤه‌ریش چل و یه‌ك خاڵی هه‌یه‌و له‌خانه‌ی سێزده‌هه‌مه‌.     
 
له‌لایه‌كی دیكه‌ یانه‌ی لیدز یونایتد به‌گۆلێك به‌رامبه‌ر به‌چوار گۆڵ به‌یانه‌ی تۆتنهام دۆرا، تیپی میوان به‌هێزه‌وه‌ ده‌ستی به‌یاریكرد، له‌خوله‌كی دوو هاری كین گۆلی پێشكه‌وتنی تۆماركرد، ئه‌م گێمه‌ تۆتنهام به‌گۆلێك له‌پێشه‌وه‌بوو، له‌ده‌ستپێكی گێمی دووه‌م پیدرۆ بۆرۆ گۆلی دووه‌می تۆماركرد، دوابه‌دوای ئه‌م گۆڵه‌ له‌خوله‌كی شه‌ست و نۆ هاری كین دووه‌م گۆلی خۆی و یانه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا، له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌ی لیدز له‌خوله‌كی شه‌ست و حه‌وت له‌رێی جاك هاریسۆن گۆلێكی تۆماركردو جیاوازی گۆڵه‌كانی كه‌م كرده‌وه‌.
 به‌ر له‌فیكه‌ی كۆتایی لۆكاس مۆرا گۆلی چواره‌می بۆ تۆتنهام تۆماركرد، به‌مجۆره‌ یانه‌ی تۆتنهام به‌شه‌ست خاڵ له‌خانه‌ی هه‌شته‌م كۆتایی به‌ركابه‌ریه‌كانی هێناو به‌شداری هیچ چالاكیه‌كی ئه‌وروپا ناكات، هه‌روه‌ها لیدز یونایتدیش دوای سێ وه‌رز له‌پریمه‌رلیگ جارێكی دیكه‌ بۆ خولی پله‌ یه‌كی ئینگلیزی دابه‌زی.
 یاریه‌كی دیكه‌ی ئه‌م گه‌ره‌ له‌نێوان هه‌ردوو یانه‌ی ئیڤرتۆن و بۆرنمۆس به‌رێوه‌چوو، ئیڤرتۆن توانی به‌تۆماركردنی تاكه‌ گۆلێك له‌خوله‌كی په‌نجاو حه‌وت براوه‌ی سێ خالی یاریه‌كه‌ بێت و خۆی له‌ناوچه‌ی دابه‌زین دوورخسته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ یانه‌ی لیسته‌ر ستی به‌جیاوازی دووخاڵ له‌دوای ئیڤرتۆن بۆ ریزی پله‌ یه‌كی ئینگلیزی دابه‌زی.    
 

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.