Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 10:06

په‌یامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووك-گەرمیان له (47)مین ساڵیادی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز

کوردستان TV
100%

به بۆنەی  چل و حەوتەمین ساڵیادی  شۆڕشی گوڵانی گەلی کوردستان سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی سەرۆکی نەتەوەییمان ھەڵۆی بەرزەفڕ و بیرپاك و بیرتیژ و دووربینی کوردستان مستەفا بارزانی و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان و شەھیدانی ئەنفال دادەنوێنین.

سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی سەربەرزی کوردستان و ھەموو بەرپرس و کادر و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین، کە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول بە ماویەکی کەم و زۆر پێوانەیی لە دژوارترین کاتەکاندا گیان لەسەر دەست و بە دڵێکی پڕ لە ھیوا و، باوەڕ بە خۆ و، بە گەل و بە پرسی ڕەوای گەلی کوردستان و، بە سەرکەوتن، وەستان و بەرەو ڕووی مەرگ چوون و توندوتیژییەکانی ڕژیمی دیکتاتۆری بەعسی بەغدا و  پیلانی نێودەوڵەتی و ھەرێمی و بەرامبەر بە کارە دڕندانەکانیان بە سەربەرزی و نەترسی و مەردانە و بێسڵکردن لە مەرگ، بە باوەڕی تەواو بەخۆ و پشت ئەستوور بە ھێزی گەل و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر وەستان و، شۆڕشی گوڵانی پڕ له شکۆ بۆ ڕزگارکردنی گەل و خاکی کوردستان لە ستەم و دیکتاتۆرییەت و بەدەستھێنانی مافی ڕەوای گەلی کوردستان له کوردستانی باشوور بەرپا کرد لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر و، گوتیان «کوردستان گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەباتە».

بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی پارتیمان و بۆ ئەو مەبەستە لەژێر ڕێنمایی و چاودێری بارزانی نەمر و بە سەرپەرەشتی بەڕێزان کاکە ئیدریس ھەمیشە لەیاد و جەنابی کاک مسعود بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک کادری گیان فیدای پارتیمان سەرکردایەتیی کاتی (قیادەی مؤقەتە) دامەزرێندرا و سەرکردایەتی کاتیش شۆڕشی گوڵانی بەرپا کرد و ئومێد و متمانه و باوەڕی بۆ گەلی سەربەرزی ستەملێکراوی کورد و کوردستان - گەڕاندەوە و بۆ کوردستانییان و گشت عێراق و دەوڵەتەکانی ھەرێمی و جیھانی سەلماند که هیچ کات ئیرادەی  گەلی کوردستان ناشکێت و له خەبات و تێکۆشان کۆڵنادەن تاکو تەواوی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بەدەست دێتن.

شۆڕشی گولان ھەستانەوەی نەتەوەیەك بوو دژی داگیرکەرانی گەل و خاکی کوردستان و شکستھێنان بوو بە پیلانەکانی  داگیرکەرانی گەلی کورد و کوردستان وەکو ڕێککەوتننامەکانی گامبڵ و سایکس پیکۆ و سەعد ئاباد و ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائر و لە ھەمانکاتیشدا ھاوڕدانەوە و وەبیرھێنانەوەی ڕێککەوتننامەی سیڤەر - یش بوو. لەو کاتە تاریك و سامناکەدا کە زۆر بە نھێنی و دڵسۆزی و ئارامی کار دەکرا تا گەیشتە ئەوەی لە پڕ بریسکەی بەھێز و ڕووناك و بەدەنگ لە بادینان و لە سۆران لە ناو جەرگەی کوردستانی باشوور دەنگ بداتەوە و دوژمنانی گەل و خاکی کوردستان سەرسام بکات.

بە فەرمانی ڕێزدار سەرۆکی نەتەویی کورد بارزانیی نەمر و، ڕێنمایی ھەردوو ڕێزدار کاکە ئیدریس بارزانیی ھەمیشەزیندوو و سەرۆك کاك مسعود بارزانی و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەرکردایەتیی کاتی کە ھەم کادر و ھەم پێشمەرگەی گیان لەسەر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی مەرگ بوون بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەوا داگیرکراوەکانی گەلەکەمان و گەڕانەوە بۆ سەر خاکی کوردستانی داگیرکراو بۆ زیاتر بەھێزکردنی باوەڕی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بە خۆیان و بە ڕەوایەتیی مافەکانیان، بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بوو. ھەرچەندە ئەو سەردەمە کوردستان لە ناو تەمومژ و تاریکیی سامناكدا  بوو، ڕۆڵە گیانلەسەردەستانی پارتیمان  ھیچ سڵێکیان لە دڕندایەتیی دیکتاتۆرەکان و بیرە شۆڤینییەکانیان و دامودزگا داپڵۆسێنەرکانیان نەدەکرد و ئاسۆی ڕووناکیان دەبینی. دەستیان بە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی پارتیمان کرد و سنووری کاری سیاسی و چالاکیی سەربازی لە ناو کوردستانی باشوور کرایە دوو ھەرێم، بۆ گونجاندنی کاری سەربازی و سیاسی لەگەڵ بارودۆخی دژوار و لەخۆباییبوونی ڕژێمی دیکتاتۆری ئەو سەردەمە ھەرێمی یەك (1) ناوچەی بادینان - (دھۆك و مووسڵ). بەرپرس و جێگری بەرپرسی بۆ داندرا و سەرەتا ژمارەیەك مەفرەزەی چەکداریان ڕێکخست و لەناو شارەکانیش ڕێکخستنی نھێنییان دامەزراند و لە سنووری ھەولێریش بۆیان ھەبوو کار بکەن.

ھەرێمی دوو (2) ناوچەی سۆران (ھەولێر و کەرکووک و سلێمانی) بەرپرس و جێگری بۆ  داندرا. لە  ھەرێمی دوو ژمارەیەك مەفرەزەی چەکدار ڕێکخران و ڕێکخستنی نھێنیش لە ناو شارەکان و زانکۆکان دامەزرێندران و، شۆڕشی گولان، ئەو شۆڕشە گرینگەیان ھەڵگیرساند و دەستی پێ کرد.

ھەر لەو سەردەمە سەخت و دژوارەدا تواندرا ئێزگەی دەنگی کوردستان بگەیەندرێتە چیاکانی ئازادکراوی کوردستان و دەستبەکار بوو.

ئەو ڕێزدارانەی کە لەبەر نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن چووبوونە ھەندەران بەتایبەت (ئەوروپا و ئەمه‌ریکا) کاری سیاسی و دیپلۆماسییان دەکرد و ڕۆڵە دڵسۆزەکانی کوردستان کە ئاوارەی ھەندەران بووبوون ڕێک دەخستەوە.

ژمارەیەکیش چووبوونە سووریا و لەوێ خۆیان ڕێکخستبوو بۆ گەڕانەوە و بەردەوامی بە خەباتی چەکداری و سیاسی بدەن لە یەکێك لەو دوو ھەرێمە و ژمارەیەکیانیش چوونە ئه‌وروپا.

لێرەدا زۆر گرینگە بووترێت گەلی سەربەرزی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ھاوکار و پاڵپشتی زۆر گرینگ بوون بۆ شۆڕشی گوڵان، بێپایان سوپاسگوزاری ڕۆڵەکانی نەتەوکەمانین لە باکور و ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان و لبنان و گشت سەربەرزانی ئاوارەی ھەندەران لە ئێران و تورکیا و سووریا و میسر و باکور و گشت ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان لە ئه‌وروپا و گشت شوێنێکی جیھان.

لەم یادە پڕشکۆیەدا جارێکی دیکە سڵاو لە گیانی پاکی سەرکردەی سەربەرزی گەلی کوردستان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو.

سڵاو بۆ شەھیدانی سەرکردایەتیی کاتی (قیادة المؤقتة) و گشت شەھیدان و شەھیدانی ئەنفالکراوی کورد و کوردستان.

سڵاو بۆ گشت پێشمەرگە قارەمانەکان و کادر و بەرپرسانی  شۆڕشی گوڵان و ئەیلوول و سەرھەڵدان و شەڕی تیرۆریستانی داعش و پێشمەرگەکانی ئێستا كە لە کوردسانن.

سڵاو له گیانی پاکی شەهیدە سەربەرزەکانی شۆڕشی گوڵان کە بە فیداکاریی بێوێنە شکستیان بە پیلانی دوژمنانی گەلەکەمان ھێنا و ئومێدیان بۆ گشت گەلی کوردستان جێگیر کرد کە سەردەکەوین و مافەکانمان بەدەست دێنین و گەلی کوردستان خۆی فەرمانڕەوایی خۆی دەکات.

 نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی  شۆڕشی گوڵان و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان.

دکتۆر کەمال کەرکووكی

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک -گەرمیان

26-گولان-2023

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.