Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 19:57

لەدوای بەڵگەفیلمی دوورگەی نەورەسەکان؛ هەڵمەت عومەر بەرەو چیای شیرین دەڕوات

کوردستان TV
100%

هەڵمەت عومەر، دەرهێنەر و درۆن ئۆپێرەیتۆر لە دەزگای سەتەلایتی کوردستان خەریکی دەرهێنانی فیلمێکە لەسەر سروشتە ناوازەکەی بارزان و بەتایبەت گیانەوەرە کێوییەکانی چیای شیرین. ئەم دۆکیومێنتاریە ماوەی تۆمارکردنی ساڵێک دەخایەنێت و زۆرترین دیمەن و زانیاری کۆ دەکاتەوە، وەکو توێژینەوەیەک وایە لەسەر ناوچەکە.

هەڵمەت عومەر لە هەڤپەیڤینێکدا باسی نهێنییەکانی ئەم کارەمان بۆ دەکات:

بۆچی بیرت لەم ئیشە کردەوە؟

ئێمە زۆر جار گوێمان لێدەبیت کە سروشتی بارزان زۆر دەوڵەمەندە لە ئاژەڵی کێوی، بەڵام هیچ کاتێک و بەشێوەیەکی بەرچاو ئاژەڵی کێویمان نەبینیوە و بەپێی تاقیکرنەوەی پێشووترمان کە لە ساڵی 2017 فیلمێکی دۆکیومێنتاریمان کرد لە بارزان، شارەزا بووین و ئاشنابووین کە سروشتی بارزان زۆر نهێنی لەخۆ گرتووە، بەڵام پێویستی بە تەکنیکێکی زۆر باشە. ئێستا دەتوانم بڵێم تەکنیکێکی باشمان هەیە، نزیکەی 40 کامێرای تایبەت کە بە هەستکردن ئیش دەکەن بەدەستمان کەوتوون، کە بە بەردەوامی لە چیای شیرین دانراون بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین دیمەن و زانیاری لەسەر سروشتی بارزان.

ئامانجت لەو ئیشە چییە؟

دەمانەوێت لەڕێگەی ئەو کامێرانە توێژینەوەیەک بکەین بزانین لە چیای شیرین چەند جۆرە ئاژەڵ هەیە، هەروەها بەڵگەفیلمەک (دۆکیومێنتاریەک) بکەین و بینەر ببینێت سروشتی بارزان چەند پارێزراوە و چ لەناو جوانییەکەی خۆی دەشارێتەوە.

ئەم فیلمە لە ماوەی چەند کاتدا تۆمار دەکرێت؟

ئیشێکی وا گەورە دەبێت کاتێکی باشی بۆ تەرخان بکەی، بۆیە بڕیارمان دا لەهەر چوار وەرزی ساڵدا کاری لەسەر بکەین، واتە ماوەی یەک ساڵ کاری تۆمارکردن و کۆکردنەوەی زانیاری دەکەین. تاوەکو ئێستا 6 مانگ تێپەڕیوە و دەتوانم بڵێم زیاتر لەوەی کە چاوەڕێمان دەکرد بەدەستمان کەوتووە بەڕێژەی 80%، ئەو ڤیدیۆیانەشی کە تۆمارکراون دەبنە سوپرایز بۆ خەڵکی کوردستان کە بەڵگەفیلمەک هاوشێوەی بەڵگەفیلمەکانی جیهانی لە کوردستانی خۆمان تۆمار دەکەین، لەناو چەقی شاخەوە کە جموجۆڵی ئاژەڵە کێوییەکان لە ژینگەی خۆیانەوە ببینین.

تا ئێستا کە 6 مانگ تێپەڕیوە بەسەر ئیشەکەدا، لەڕووی جوگرافییەوە چەند ڕووماڵتان کردووە، واتە لە چەند ناوچەی چیای شیرین کامێراتان بەستووە و تۆماری دەکەن؟

ئامانجمانە هەموو چیای شیرین ڕووماڵ بکەین، بەڵام چیای شیرین زۆر گەورە و دەوڵەمەندە، دڵنیابن لەناو بەڵگەفیلمەکەدا زۆرترین و جوانترین شوێنەکانی چیای شیرینتان نیشان دەدەین.

ڤیدیۆی ئاژەڵتان هەیە کە پێشتر نەبینرابێت لەو ناوچەیە یاخود بیرتان لێنەکردبێتەوە کە ئەو ئاژەڵە لەو سروشتەدا بوونی هەبووبێتن؟

بۆ ڕێکخستنی و پلاندانانی باشتر، فیکسەر(ڕێکخەر)ـێکمان هەیە بەناوی مەلا حەسەن کە خەڵکی ناوچەکەیە و شارەزای زۆر هەیە و لە منداڵییەوە هاتووچۆی شاخ دەکات، کە پێکەوە دادەنیشین و سەیری ڤیدیۆیەکانمان دەکەین تاوەکو بزانین چیمان دەستکەوتووە، شۆک دەبێت و دەڵێت (قەت باوەڕم نەبوو ڕۆژەک لە ڕۆژان ئەم جۆرە ئاژەڵانە بەم شێوازە بەرچاوە لە کامێرا ببینم)، و بەڕاستیش هەرگیز ئەو ئاژەڵانە بەو شێوازەی ئێمە پلانمان بۆ داناوە دەرنەکەوتوون.

هەڵبەتە ئیشێکی وا گەورە و قورس ستافێکی زیرەک و ماندوونەناسی دەوێت، ستافی ئەم ئیشە کێن؟

ئیشەکە گەورەیە، بەڵام ستافێکی بچووکمان هەیە لەچاو ئەم ئیشە، و بڕیاردان لە هەبوونی ستافێکی بچووک لەناو سروشتدا زیرەکییە، چونکە لەناو سروشت پێویستیت بە ئارامی و نهێنییە کە ئەمەش شانسی وەرگرتنی ڤیدیۆی ئاژەڵ زیاتر دەکات، بەهۆی ئەوەی ئاژەڵان بە ئاژاوە و قەرەباڵخی دەترسێن. ستافەکەمان لە 3 کەس پێکهاتووە کە بەردەوام کار دەکەین، هەروەها هاوکاری خەڵکی ناوچەکە پردێکە بۆ گەیاندنمان بە سەرکەوتنی ئیشەکە بە تایبەت مەلا حەسەن موختاری گوندی هۆستان، هەروەها سوپاسی تایبەتی لایەنە ئەمنییەکان دەکەم کە زۆر هاوکارمانن بۆ ڕەخساندنی ئاسانکاری تاوەکو بە باشترین شێوە و بەبێ هیچ گیروگرفتێک ئیشەکەمان تەواو بکەین.

بۆچی بڕیارت دا بەتایبەت کار لە چیای شیرین بکەی؟

ئەم بڕیارەم دا، چونکە بمانەوێت یان نەمانەوێت چیای شیرین دەوڵەمەندترین چیای کوردستانە لە ڕووی هەبوونی ئاژەڵ، دار و درەخت هەروەها پاراستنی ژینگە، چیای شیرین هێندە جوانە تاوەکو نەڕۆیتە ناوی نازانی بە چ شێوازێکە، بەڕاستی لە هەمووی گرنگتریش خەڵکی ناوچەکەیە، چونکە ئەو سروشتە بە جوانترین شێوە دەپارێزن، لەو شوێنەدا داربڕین و کوشتنی ئاژەڵ بەهیچ شێوەیەک نە دەبینی نە گوێبیستی دەبی، ئەمانەش هۆکارن بۆ ئەوەی بتوانم بە باشترین کات زۆرترین ڤیدیۆ تۆمار بکەم.

دوای کۆتاهاتنی کارەکانی فیلمەکە، لە کوێ دەتوانین ببینین، ئایا بەشداری فێستیڤاڵەکانی فیلم دەکات؟

ئەم کارە کارێکی گەورەیە و بێگومان ئامانجی سەرەکیمان فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانە، دواتریش بەردەست دەبێت بۆ بینەران لە کوردستان تیڤی، سەرباری ئەوەش 30 ئەڵقەی کورت بە هەردوو زمانی کوردی وعەرەبی لێی بەرهەم دێنین و  هەر لە شاشەکانی دەزگای سەتەلایتی کوردستان (کوردستان تیڤی- زاگروس تیڤی) پەخش دەکرێن، چونکە تاوەکو ئێستا ڤیدیۆی زۆر و ناوازەمان بەدەستکەوتووە لە ئاژەڵەکانی گورگ، ورچ، ڕێوی، بزن...هتد

چیای شیرین سەخت و مەترسیدارە، لەڕووی سەلامەتییەوە چۆن خۆتان دەپارێزن لەهەر ڕووداوێکی نەخوازراو لە دڕندەکان یاخود لە سەختی کەشوهەوا؟

کارەکە تا بڵێی کارێکی قورسە، بەڵام خۆشەویستی و حەز وخولیامان بۆ کارەکە قورساییەکەی ئاسان کردووە. ئێمە لە سەختی زستان (هەروەکو دواتر لە فیلمەکەدا دەبینن) لە پلەی گەرمی 12 ژێر سفر لە لووتکەی چیای شیرین بووین، جەستەمان بەستایتی، ڕیشم سەهۆڵی گرتبوو لە سەرما و بەفربارینێکی توند هەبوو، وایکرد ڕێمان بەرەو ئەشکەوت ون بکەین، لە کاتێکدا کە بەنیازبووین شەو لە شاخ بمێنینەوە و ئاگرەکەمان کوژاوە، بڕیارم دا لەبەر سەلامەتی ستافەکەم و کەسانی لەگەڵمان لە شەودا بگەڕێینەوە بۆ ناو گوندی هۆستان. ئێستاش کە بەرەو وەرزی گەرما دەڕۆین، پاراستنی خۆمان لە ورچ یاخود لە گورگ زۆر ئاسانترە لەوەی کە خۆمان لە مارێکی حەشاردراو لەناو سەوزایی خاکەکەدا بپارێزین، بۆیە بیرمان لەوە کردووەتەوە کە دەرزی و دەرمانی دژە ژەهر لەگەڵ خۆمان ببەین، لەبەر ئەوەی مار تاوەکو نەیەتە بەردەممان نایبینین، وەکو کاردانەوەی سروشتی ئەو گیانەوەرە کە ئێمە چووینە ناو ژینگەی ئەو لەوانەیە بە کەسێکمان وەبدات.

ساڵانێکە لەناو سروشت ئیش دەکەی، کە زۆر سەرسامی بە سروشتە جوانەکەی کوردستان، چ نامەیەک دەنێری بۆ خەڵک؟

بۆ هەموو خەڵکی کوردستان، هیوادارم ڕۆژەک هەروەک چۆن لە چیای شیرین و سروشتی بارزان خەڵکەکە ژینگەی دەپارێزن و خزمەتی دەکەن، ببینم لە هەموو چیا و سروشتی هەر ناوچەیەک لە کوردستان لەلایەن خەڵکەکەوە بپارێزرێت کە ئەوەش دەبێتە مایەی دڵخۆشی و شانازیکردن بەو سروشت و دەوڵەمەندییەی کە هەمانە.

هه‌مه‌ره‌نگ میدیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.