Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 11:14

ئەمریکا هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوتی هەرێمی کوردستان خستووەتەگەڕ

کوردستان TV
100%

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەمریکای لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و تورکیا خستووەتەسەر خەت و دەیەوێت ئەو پرسە بە خێرایی چارەسەر بکرێت.

بەیان سامی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند:پەیوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زۆرباش و بەهێزە، وەک دەبینن زۆرێک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دێنە هەرێمی کوردستان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لای خۆیەوە ئاماژەی بەوە داوە کە لەگەڵ بەردەوامیدان بە پەیوەندییە سیاسییەکان، نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چوارچێوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، هەوڵەکانی بۆ بازاڕگەریی بەرهەمی ناوخۆیی جوتیاران چڕ کردووەتەوە.

بەیان سامی هەروەها باسی لە هاتنی شاندێکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: شاندەکە لە کۆمەڵێک وەبەرهێنەر و کۆمپانیای بواری کشتوکاڵی پێکدێت و مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی لەوە کردووە کە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پەیوەندییەکانی هەمەجۆرە و ئەو وڵاتە پشتگیرییەکی تەواوی ‌هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و دەیەوێت پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتر بکات.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوام دەبن لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان.

سەبارەت بە پرسی نەوتی هەرێمی کوردستانیش فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەختی کردۆتەوە کە پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەمریکای لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و تورکیا خستووەتەسەر خەت و دەیەوێت ئەو پرسە بەخێرایی چارەسەر بکرێت، چونکە ئەمریکا دەیەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە هەرێمێکی بەهێز و سەرکەوتوو لە ناوچەکە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.