Erbil 15°C ھەینی 26 نیسان 10:30

بۆ یەکەمجار نەشتەرگەریی بۆ مێشکی کۆرپەلەیەک لەناو منداڵدانی دایکی ئەنجام درا

کوردستان TV
100%

پزیشکانی ئەمریکی بۆ یەکەمجار لە مێژووی بواری پزیشکیدا نەشتەرگەرییان بۆ مێشکی کۆرپەلەیەک لەناو منداڵدانی دایکی ئەنجام دا، سەرکەوتنی ئەم نەشتەرگەیەش بەدەستکەوتێکی سەرنجڕاکێش دەزانرێت.

ئاژانسی (یونایتد پرێس ئینتەرناشناڵ)ـی ئەمریکی بڵاوی کردۆتەوە، پزیشکانی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی منداڵانی بۆستن و نەخۆشخانەی بریگام لە ویلایەتی ماساشوستس لە ئەمریکا نەشتەرگەرییان بۆ کۆرپەلەیەک ئەنجام دا کە حاڵەتی (تێكچوونی خوێنهێنەری گالیۆنس)ـی هەبوو، کە نەخۆشییەکی زگماکییە و دەبێتە هۆی سستبوونی دڵ و نەخۆشییەکانی هاوشێوەی جەڵتەی مێشک لە ماوەی چەند ڕۆژێک دوای لەدایکبوون.

ئەوەشی خستەڕوو کە پزیشکەکان توانیان چارەسەری ئەو تێکچوونە بکەن، کە دەبێتە هۆی ئەوەی خوێن بە خێرایی بە بەشێکی مێشکدا بڕوات.

دارین ئاوێرباخ، پزیشکی تیشکی دەمار لە نەخۆشخانەی منداڵانی بۆستن و زانکۆی پزیشکی هارڤارد بۆ ئاژانسەکە ڕایگەیاند: دوای نەشتەرگەری و لەدایکبوونی کۆرپەکە تووشی خوێنبەربوون نەبووە، وەک ئەوەی بەزۆری بەسەر ئەو کەسانەدا دێت کە تووشی ئەو تێكچوونە دەبن.

ئاوێرباخ و هاوکارەکانی لە هەفتەی 34ـی دووگیانیدا نەشتەرگەرییەکەیان بۆ کۆرپەکە ئەنجام دا، دوای دوو ڕۆژیش کچە کۆرپەکە لەدایک بوو، چونکە نەشتەرگەرییەکە دەبێتە هۆی پچڕانی پەردەی منداڵدان و منداڵەکەش پێشوەختە لەدایک دەبێت، دوای لەدایکبوونی کۆرپەکە گواسترایەوە بۆ بەشی چاودێری چڕی تازەلەدایکبووانی نەخۆشخانەکە، بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدا بوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسەکە لەو ماوەیەی کۆرپەکە لەژێر چاودێری پزیشکاندا بووە، پشکنینی دەماریی بۆ کۆرپەکە کراوە و هەروەها لە سکانی موگناتیسی مێشکدا هیچ مەیینێک و کۆبوونەوەی شلە و خوێنبەربوونێک بەدی نەکراوە.

جێی باسە، کە (تێكچوونی خوێنهێنەری گالیۆنس) حاڵەتێکی دەگمەنە، لە کۆی 60 هەزار کۆرپەلەدا یەکێکیان ئەم حاڵەتەی هەیە زۆرجار لە کاتی سۆنەرێکی ڕۆتینی لە ماوەکانی کۆتایی دووگیانیدا دەستنیشان دەکرێت، ئەم حاڵەتە کاتێک ڕوودەدات کە خوێنبەرەکانی مێشک پەیوەندییەکی هەڵە دروست دەکەن، لەبری ناردنی خوێن بۆ ئەو موولوولە بچووکانەی کە وادەکەن خوێن بە هێواشی بگات بە مێشک ڕاستەوخۆ بە خوێنبەرە گەورەکە دەبەسترێتەوە، ئەمەش ڕۆیشتنی خوێن خێراتر دەکات.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.