Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 11:56

41 پۆندی نوێ لە هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن

کوردستان TV
100%

پاراستنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی لافاو، یەكێك لە بنەماكانی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و ئیدارەدانی پرسی ئاو بووە. لەم بارەیەوە كاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێم دواوە.
كاروان سەباح هەورامی لەبارەی جڵەوكردنی لافاو بەتایبەتی لە شاری هەولێر، گوتی: "بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران، تیمێكی تەكنیكی پێك هێنا بۆ لێكۆڵینەوەی گرفتی لافاوی هەولێر. دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد، كۆمەڵێك ڕێچارە پێشنیاز كران بۆ كۆنتڕۆڵكردنی لافاوی شاری هەولێر. ئەوانیش دوو بەش بوون، بەشێكیان كرداری خێرا بوو بۆ ڕێگریكردن و دووبارەنەبوونەوەی لافاو بەشێوەیەكی كاتی، بەشی دووەمیش پلانی درێژخانە بۆ گلدانەوەی ئاوەكە. بۆ ئەم مەبەستەش پلانە كورتخایەنەكە بریتی بوو لە خاوێنكردنەوەی ڕێڕەوە سروشتییەكانی ئاو كە بە ناو شاری هەولێردا تێپەڕ دەبن و هەروەها خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ دەستكردەكانە كە ئاوی ئاوەڕۆ و ئاوی باراناو دەبەن، جگە لەوەش ژمارەیەك لەو پردانەی دروست كرابوون لەسەر ڕێرەوە سروشتییەكان فراوان كران، بۆ ئەوەی زیاتر ئاو لەخۆ بگرن. پلانە درێژخایەنەكە ئەوە بوو، ئەو ئاوی بارانەی دەبارێ، كۆی بكەینەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیازی ژمارەیەك پۆند كراوە لە بەشەكانی باكوور و باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، لەو ستریم و ڕێڕەوە ئاوییانەی هەیە،كۆمەڵێك پۆند دروست بكرێن بۆ گلدانەوەی ئاوی ئەو ڕێڕەوانە؛ هەندێكیان نەخشەكارییان تەواو بووە و هەندێكیشیان لەژێر پڕۆسەی نەخشەكاریین و لە دوای هاوینەوە، بە كردەیی دەستیان پێ دەكرێت.
لەبارەی لایەنی دارایی ئەو چارەسەرەوە دەڵێ: ئەنجومەنی وەزیران 36 ملیۆن دۆلاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاوی شاری هەولێر تەرخان كرد. لەو 36 ملیۆنە نزیكەی 22% تەرخان كرا كە نزیكەی 8 ملیار دینار بوو، خۆشبەختانە وەكو قۆناغی یەكەم، بەو بڕە پارەیە هەولێر پارێزرا لەو لافاوانەی ڕووی دەدا، ئەگەر تەواوی بڕی پارەكە تەرخان بكەین، نەك تەنیا هەولێر دەپارێزین، بەڵكوو كۆمەڵێك پۆندی گەورە دروست دەكەین و ئاوی باران كۆ دەكاتەوە و سوودی گەشتیاری و سوودی ژینگەییان دەبێت بۆ ناوچەكانی دەرەوەی شاری هەولێر، بەتایبەتی لە بەشی باكوور و باكووری ڕۆژهەڵات.
دەشڵێت: لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا، ڕەزامەندی دراوە لەسەر دروستكردنی 37 پۆند لە هەمووی هەرێمی كوردستان بە تێچووی نزیكەی 27 ملیار دینار، جگە لەوەش ڕەزامەندی دراوە لەسەر 4 پۆندی تر كە لە قۆناغی ڕەزامەندیی داراییدایە. كەواتە بە كۆی گشتی، ساڵی ڕابردوو ڕەزامەندیی 41 پۆندمان وەرگرتووە، بەشێكیان ئیشیان تێدا دەكرێ و تا ئاستی 40% ئیشەكانیان جێبەجێ كراوە، هەندێكیان تەندەریان بۆ كراوە و هەندێكیشیان كێشەی زەویوزاری هەیە. خەریكی چارەسەركردنی ئەم كێشانەین لەگەڵیاندا، بۆیە وەكوو كابینەی نۆیەم، پێمان باشە هەموو گوندێك سەرچاوەیەكی ئاویی مسۆگەری هەبێ و ئەو سەرچاوە ئاوییەش پۆندێك بێت، یان لایەنی كەم گوندێك بەتەنیا یان دوو گوند پۆندێكیان هەبێ، بۆ ئەوەی سەرچاوەیەكی ئاویی بەردەوامیان هەبێت.
لەبارەی ئاوی ژێرزەوییەوە ناوبراو گوتی: ئەگەرچی بارانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەیی باشتر بوو، لە ناوچەكانیش جیاجیا بوو، بەڵام جۆری دابارینەكە دابەش و بە قۆناغ بوو؛ ئەوە هاوكاریی بووژانەوەی سەرچاوە ئاوییەكانی سەرزەوی كرد. سەبارەت بە ئاوی ژێرزەوی ئاستەكەی نزمە، بەراورد بە ساڵی ڕابردووش تەنانەت لەم مانگە، بە گوێرەی ئەو خوێندنەوانەی ئێمە وەرمانگرتوون، لە هەندێك شوێن مەتر-دوومەتر كەمترین لە ساڵی ڕابردوو. لەلایەكی دیكەوە ئێمە دەمانەوێت بووژانەوەی ئاوی ژێرزەوی بە شێوەی دەستكرد دروست بكەین. لەم ڕووەوە لەسەر دوو ئاست كار بۆ بووژانەوە و پاراستنی دەكەین. یەكەم، ڕێنماییەكانی بیرلێدان توندوتۆڵ كراوە و ڕۆژانە ئامێرەكانی بیرلێدانی نایاسایی دەستیان بەسەردا دەگیرێت. تەنیا لە كۆگەكانی هەولێر، نزیكەی 300 ئامێری نایاسایی لێدانی بیر دەستی بە سەردا گیراوە.
لە ئاستی دووەم، دوو كار دەكەین، یەكەمیان خستنەناوەوەی ئاوە بۆ ژێرزەوی، لە ڕێگەی دروستكردنی كۆمەڵێك بیری قووڵ و تەنك، لەو ڕێگەیەوە ئاوی لافاو و سەرزەوی دەخرێنەوە ژێر زەوی. هەڵبەت ئەمەش بە كۆمەڵێك كاری زانستی، چونكە دەبێت ئاوەكە پاك بێت. پڕۆسەی دووەم بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی بەڕازیل، خەریكی دروستكردنی كۆمەڵێك بەربەست یان گۆمین كە لە ڕێگەیەوە كانیاوەكان ببووژێنینەوە، ئەوەش لە ڕێگەی لێكۆڵینەوەی جیۆلۆجییەوە، بۆ كۆكردنەوەی ڕێڕەوی ئاوی و گواستنەوەی ئەو شوێنانەی كە دەكرێت كانییەكانی لێوە ببووژێنینەوە.
دەشڵێت: ئەگەرچی هێشتا لە قۆناغی سەرەتای ئەو پڕۆژەیەین، بەڵام لەڕووی داراییەوە، ئێمە پكشنینە زانستی و كیمیاوی و فیزیاییەكان دەكەین، دیزاینی پۆندەكەش دەكەین. تێچووەكەی بەش دەكرێت، بەشە گەورەكەی حكومەت دەیكات، ئەوەی دیكەش لەسەر گوندنشینان و خەڵكە، ئامانجەكە دروستكردنی هاوكاری و هەرەوەزی و كاركردنی پێكەوەییە، هەم لە دروستكردن و هەم لە ئیدارەدان. ئەمە پڕۆسەكە زیاتر پێش دەخات و خێراتری دەكات، كاتێكیش خەڵكی گوندەكە دێنە ناو پڕۆژەكە، پڕۆژەكە كەمتر كێشەی بۆ دروست دەبێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.