Erbil 15°C ھەینی 26 نیسان 20:10

وەزیری تەندروستی: بەدواداچوون بۆ دەرمانی ساختە و نەشیاو دەكەین

کوردستان TV
100%

وەزیری تەندروستی رایدەگەێنێت، پڕۆسەی چاكسازی دەرمان بەردەوامە و جگە لەوەش هێنانی دەرمان بە ڕێگەی نایاسایی تا كەمترین ئاست كەمبۆتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی ئاسایشی گشتی و داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان، بەدواداچوون بۆ دەرمانی ساختە و نەشیاو دەكات، هەروەها جۆری دەرمانی گونجاویش ستیكەری كوالێتیی كۆنترۆڵی لێ دراوە، تا خەڵكی بزانن نرخەكەی چەندە و چۆنیش بەكار دێت.
وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستا پڕۆسەی چاكسازی دەرمان بەردەوامە و لە ماوەی ڕابردوودا، هەر دەرمانێك نەگونجاو بووبێ، دەستی بەسەردا گیراوە، جگە لەوەش هێنانی دەرمان بە ڕێگەی نایاسایی تا كەمترین ئاست كەمبۆتەوە.
سامان بەرزنجی ڕوونیشی كردەوە، لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت بەدواداچووان بۆ جۆریەتیی دەرمان كراوە و لە دوایین هەنگاویشدا نرخی دەرمانمان داشكاند.
وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، جگە لە خاڵە سنووری و فڕۆكەخانەكان كە بە‌ پسوولەی وەزارەتی دارایی گومرگ لەسەر دەرمان دانراوە، هەر لایەنێك و لە هەر شوێنێك پارە لە بازرگانانی دەرمان وەربگیرێ ، بە نایاسایی لەقەڵەم دەدرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.