رۆژی 28/3/2023 رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان لە ساڵی 2022 بڵاو كردەوە. راپۆرتەکە بە گشتی تیشکی خستۆتە سەر رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان و لەو نێوەندەشدا چەند تێبینییەکی ئاڕاستەی حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێم کردووە بۆ نموونە هەبوونی پارێزەر لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتباران، کاری رۆژنامەگەری، رێوشوێنی خۆپیشاندان رەوشی ئافرەتان، ناوچە جێناکۆکەکان و بۆردومانی سنووری.
د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەم بارەوە رایگەیاند: راگیراوان لە هۆکارەکانی دەستگیرکردن و تۆمەتە ئاراستەکراوەکان ئاگاداردەکرێنەوە هەروەها لە هۆکار و شوێنی راگرتنیان. سەرەڕای ئەم مافە بنەڕەتیانە، لایەنە فەرمییەکان لەمیانەی پرۆسەی لێکۆڵینەوەکاندا لەسەر ئەرکی خۆیان پارێزەردابین دەکەن بۆ سەرپەرشتیکردنی کەیسەکەی هەر لە قۆناغی لێکۆڵینەوە تا دادگاییکردن. بەپێی دوایین تێچووی دابینکردنی پارێز بۆ تۆمەتباران لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێم گەیشتۆتە یەک ملیار و حەوت سەد ملیۆن دینار.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر وتی: ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە و گومانیان لێدەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەک قوربانی دەستی داعش نەک تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
سەبارەت بە دەنگۆی مانگرتنی چەند سزادراوێک لە چاکسازییەکانی هەرێم رێکخەری راسپاردە نێودەڵەتییەکان وتی: پڕۆسەی دادگایی کردنیان بە ئاشکرا بەڕێوەچووە و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشیان بوونە، هەروەها لە کاتی مانگرتنیان هەر یەکە لە بەڕێزان وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، سەرۆکی داواکاری گشتی، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، ئەندامانی پەرلەمان سەردانیان کردوون. لەلایەکی ترەوە لەلایەن بنکەی تەندروستی چاکسازی گەورانی هەولێردا بە وردی چاودێری رەوشی تەندروستییان کراوە، هەر لەو کاتەدا بەشی خواردنی و خەرجی رۆژانەی خۆیان وەرگرتووە.
لە بەدواداچوونی بابەتی توندوتیژی خێزانی، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانیدا بەردەوامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر بۆ ئەم مەبەستە لە 4ی نیسانی 2022 یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی میدیایی لەسەر کۆمەڵێک پرسی کۆمەڵایەتی، لەوانە توندوتیژی جێندەری (GBV). رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەو بارەوە ئاماژەی بە رێکارەکانی پلانی هەرێمی کرد و رایگەیاند: بەپێی رێکارەکانی پلانی هەرێمی تایبەت بە نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی ئەو ئافرەتانەی کە لە شێڵتەرەکان دەژین و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە پێویستە هەلی کاریان بۆ دابینبکرێت، هەروەها هەماهەنگی زیاتر لەگەل کەسایەتییە ئاینییەکان بکرێت بۆ داکۆکیکردن لە نەهێشتنی هۆکارەکانی توندوتیژی خێزانی.
سەبارەت بە خۆپیشاندان و ئازادی رادەربڕین رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردەوە کە یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان ژمارە (١١) ی ساڵى (2010) شێواز و کات و ئامانجى خۆپیشاندان بە وردى رێک دەخات بەپێى یاساکە ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە کە ئارامی و سەقامگیری و گیانی هاووڵاتیان و خۆپیشاندەران بپارێزن و رێگا نەدرێت بە پشێوی و گێرەشێوێنی. لە ساڵی 2015 تاکو ئێستا تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر (١٠٥) خۆپیشاندانی بە مۆڵەت ئەنجامدراوە، (٣٢) داواکاری خۆپیشاندان رەت کراوەتەوە و (١٢٠) خۆپیشاندانی بێ مۆڵەتی ئەنجامدراوە، لەو خۆپیشاندانانەی کە لە ساڵانی رابردوو ئەنجامدراون. هەروەها لە میانەی ئەو خۆپیشاندانەی لە هەرێم ئەنجام دراون لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە لەوانە (٦١) پۆلیس و (٤) هاووڵاتی مەدەنی و (١٨) خۆپیشاندەر دەستگیرکراون کە چەکیان هەڵگرتووە، هەروەها ماڵ موڵکی گشتی و تایبەتی زەرەزی زۆری پێکەوتووە لەوانە (٢١) ئۆتۆمبیلی هێزەکانی پۆلیس و هاووڵاتیان. لەلایەکی دیکەوە نزيكەی (٦٠٠٠) لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان مەشقیان پێکراوە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ خۆپیشاندەران و پاراستنیان.
سەبارەت بە ئازادی رۆژنامەگەری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی چەند داتایەکی خستەڕوو: بەپێی یاسای ڕۆژنامەوانی ژمارە (35)ی ساڵی 2007 لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە (٨٠٠٠) رۆژنامەنووس لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمارکراون، (144) کەناڵی تەلەفزیۆنی کە (36) کەناڵی ئاسمانی و (108) کەناڵی ناوخۆیین، (155) ڕادیۆ، لە دەیان بڵاوکراوە لە ڕۆژنامە و گۆڤار و دەیان ماڵپەڕ ئازادانە کارەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن. هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجام بدرێ مافی تۆمار کردنی سکاڵایان هەیە، بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، لەم رووەوە لە ساڵی رابردوو (٥) داواکاری ئەشکەنجەدان تۆمارکراوە، (٢) سکاڵا جووڵێنراوە، (31) کەس بە غەرامە سزادراوە لەسەر بەکارهێنانی توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنوسان، دەیان دۆسیەی پەیوەست بە کاری ڕۆژنامەوانی یەکلایی کراونەتەوە و لە (١) دۆسیە داواکاری گشتی سکاڵای لە دژی ڕۆژنامەنووسان تۆمار کردووە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئاماژە بە بەردەوامی بۆردومانی سنووری دەکات، لەم رووەوە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: بەبیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە و هێزی تر، تا ئیستا زیاتر ٦٢٦ جار سنوورەكانی هەرێم بۆردوومانكراوە و ٢١٦ یان هێرشی ئاسمانیی بووە و ٤٠٣ تۆپباران و هەشت هێرشی زەمینی بووە لەلایەن هێزەکانی تورکیا و ئێرانەوە، تەنانەت چەندین جار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و چەند شوێنێکی سڤیل کراونەتە ئامانج کە قوربانی گیانی لێکەوتۆتەوە و ماڵ و موڵکی هاووڵاتیانیش زیانی پێکەوتووە.
لەلایەکی دیکەوە بە سەدان گوند چۆڵکراون و گوندنیشنەکان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ژیانی ئاسایی خۆیان بگوزەرێنن، هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەوە روون و ئاشکرا بووە کە رێگا نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان بۆ دەستدرێژی و هێرش کردنە سەر هیچ وڵاتێک بەکار بهێنرێت و بە باشی دەزانێت کە ئەو وڵاتانە و لایەنە نەیارەکانی گشت کێشەکانی خۆیان بە رێگای گفتوگۆ و دیالۆگ ئەنجام بدەن و نابێ چیتر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ببنە قوربانی.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر رەوشی ناوچە جێناکۆکەکان و وتی: بە هۆی جێبەجێ نەکردنی رێککەوتننامەی شنگال تا ئیستا مەترسییەکانی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان ماوە بۆ نموونە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢١ تا مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە ٢٨٣ کردەوەی تیرۆریستی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان تۆمار کراوە کە بە کۆی گشتی ٣٩٩ شەهید و ٥٣٩ کەسی بریندار و ٤٠ ڕفاندنی لێکەوتووەتەوە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە هاووڵاتیان نەتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.