Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 15:05

نرخی بەرمیلێک نه‌وتی خاو گەیشتە 78 دۆلار و 48 سەنت

کوردستان TV
100%


نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە 78 دۆلار و 48 سەنت.

دوێنی سێشه‌ممه‌28ی3ی2023 نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە 79 دۆلار و 20 سەنت و رۆژەکەی بە 78 دۆلار و 14 سەنت تەواو کرد. کاتژمێر 10ی به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ش ، نرخی خاوی برێنت بە رێژەی سەدا 0،44 زیادی کرد و بەرمیلێک خاوی برێنت بە 78 دۆلار و 48 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.

لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە 73 دۆلار و 72 سەنت فرۆشرا.

ناڕوونییەکان لە بارەی خواست و نیگەرانییەکان لە خستنەڕووی نەوت، کاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان هەبوو.

هەروەها دابەزینی یەدەگەکانی نەوتی ئەمریکا کە گەورەترین بەکاربەری نەوتە لە جیهاندا لە پاڵ زیادبوونی خواستی ئەو وڵاتە لەسەر نەوت، هاوکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان.

ئەنستیتۆی نەوتی ئەمریکا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەفتەی رابردوو، یەدەگەکانی نەوتی خاوی ئەمریکا، بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی شەش ملیۆن و 76 هەزار بەرمیل کەمی کردووە لە کاتێکدا بەگوێرەی پێشبینییەکانی بازاڕ، چاوەڕوان دەکرا 187 هەزار بەرمیل زیاد بکات.

لە لایەکی دیکەوە بڵاوبوونەوەی هەواڵی وەستانی گواستنەوەی نەوت لە کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان، نیگەرانییەکانی لە خستنەڕووی نەوت زیاتر کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی زیاتر بەرزبوونەوەی نرخەکان.

- نەوتی رووسیا بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین هەناردە دەکرێت

دوێنێ جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئالێکساندەر نۆڤاک لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی وڵاتەکەی باسی لەوە کرد کە نەوتی رووسیا هەناردەی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین دەکرێت.

ئالێکساندەر نۆڤاک، ئەوەشی ئاشکرا کرا کە هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی بۆ هیندستان 22 هێندەی ساڵی رابردوو زیادی کردووە و هەناردەی نەوتی رووسیاش بۆ چین بە رێژەی سەدا هەشت بەرزبوونەوەی بەخۆوەبینیوە.

لە لایەکی دیکەشەوە وێڕای هێواشبوونەوەی قەیرانی بانکداری لە ئەمریکا، تا ئێستا نیگەرانییەکان لە کاریگەرییەکانی قەیرانەکە لەسەر ئابووری ئەمریکا بەردەوامن و ئەمەش گوشاری خستووەتە سەر نرخی نەوت.

ئاماژە بەوەیش دەدرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە، خاوی برێنت لەنێوان 78 دۆلار و 55 سەنت بۆ 78 دۆلار و 76 سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان 78 دۆلار و 34 سەنت بۆ 78 دۆلار و 13 سەنت بمێنێتەوە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.