Erbil 15°C ھەینی 26 نیسان 23:58

گوته‌بێژی ئاسایشی هه‌ولێر زانیاری له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی نێوان ئامۆزاكان ئاشكرا ده‌كات

کوردستان TV
100%

گوته‌بێژی ئاسایشی هه‌ولێر زانیاری له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی نێوان ئامۆزاكان له‌ گه‌ڕه‌كی هه‌ولێری نوێ خسته‌ڕوو و ئاشكرای كرد كه‌ دوای ته‌نیا كاتژمێرێك له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ تۆمه‌تباره‌كه‌یان ده‌ستگیر كردووه‌.

عه‌قید سه‌باح خدر گوته‌بێژی ئاسایشی هه‌ولێر بۆ (كوردستان تیڤی) ڕایگه‌یاند: ئەمڕۆ ئێوارە لە گەڕەکی هەولێری نوێی شاری هەولێر، لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە نێوان دوو ئامۆزا، یەکێکیان بە ناوی (بارق ئه‌نوه‌ر مه‌جید) کوژراوە، کەسێکی تریش بریندار کرا.

ڕاشیگه‌یاند: دوای لێکۆڵینه‌وه و ده‌ستبه‌کاربوونی تیمه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر، لەسەر فەرمانی دادوەر، توانرا دوای یه‌ک کاتژمێر له‌ ڕووداوه‌که‌، بکوژ بە ناوی (ڕەوا ره‌فعه‌ت مه‌جید) دەستگیر بکرێت.

عه‌قید سه‌باح خدر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ لێکۆڵینه‌وه‌کان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و بەپێی ماددەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی، بکوژ بەندکراوه‌ و ڕێکاری پێویست و یاسایی دەگیرێتەبەر بۆ تەواوکردنی پەڕاوی ئەم تاوانە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشه‌م لەسەر کێشەیەکی خێزانی لە گەڕەكێكی شاری هه‌ولێر، ڕووداوێكی شەڕ و ته‌قه‌كردن لە نێوان سێ ئامۆزا دروست بوو.

لە ئەنجامی ڕووداوه‌كه‌ش یه‌كێك له‌ ئامۆزاكان بەناوی (بارق ئه‌نوه‌ر مدی) تەمەن (35 ساڵ) کوژرا و برایەکیشی بە ناوی (ت. ا. م) تەمەن (41 ساڵ) بە دەستی ئامۆزایەکیان بریندار بوو.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.