Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 18:19

شاخەوان عەبدوڵڵا: سەرژمێری ساڵی 1957 دەکرێتە بنەما بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

کوردستان TV
100%


جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند کە دەنگدراوە لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2003 سەرژمێری ساڵی 1957 دەکرێتە بنەما بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە27ی3ی2023 لە میانی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دەنگ لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان درا و پەسەند کرا.

یەکێک لە ماددەکانی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بریتییە لە پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران و پشت بە سەرژمێری ساڵی 1957 دەبەسترێت، هەروەها ژمارەیەک گۆڕانکارییەکی دیکەیش لە کەرکووک ئەنجام دەدرێت.

لەوبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە "کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگدان لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواو بوو، بەشێوەیەک تەواوی ئەو بەربەستانەی بەردەم ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لابران و بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2003 سەرژمێری ساڵی 1957 دەکرێتە بنەما بۆ دەست نیشان کردنی ھاووڵاتییانی شارەکە و ھەروەھا سەرگەڕان کە دوای 57 لکێنراوە بەکەرکووکەوە، دیسان دەبنە بەشیک لە خەڵکی شارەکە و مافی دەنگدانیان دەبێت و بەناو زیاد کران بۆ پرۆژەکە، جگە لەوە ئەوەی ماددەی 140 کردووە یان تەنھا مامەڵەی پێشکەش کردووە و مافی دەنگ دانی ھەیە، ھەروەھا ئەوەی پێش ساڵی 2003 لە کەرکووک بووە نفوسی شارەکانی دەرەوەی کەرکووک بووە و 57ی کەرکووکە و تەرحیل نەبووە، بەڵام بتاقەی کەرکووکی ھەیە، دیسان مافی دەنگدانی ھەیە، سەرجەم ئەو ھاووڵاتییانەی ھێنراونەتە کەرکووک و بەئامانجی سیاسەتی تەعریب ناویان رەش کراوەتەوە لادەبرین و مافی دەنگ دانیان نییە، لێرەوە سوپاسی سەرجەم ئەو فراکسیونانە دەکەم لە کورد و دەرەوەی کورد کە ھاوکار بوون لە دەنگدان بۆ ئەم پرۆژەیاسایە".

ھەروەھا ئاماژەی بەوەیشداوە کە بۆ یەکەمجارە لە پرسی دابەشکردنی پۆستەکان، رێژەی 32 لەسەدا ھەڵگیراوە و ھاتووە "بەپێی یاسا، ئەو دەسەڵاتەمان لە سەرۆکوەزیران وەرگرتەوە کە بتوانیت ھەڵبژاردن لە پارێزگایەک دوا بخات کە خەڵکانیک ئامانجیان بوو".

گرنگترین ئەو ماددانەی کە لە ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسەند کراون، ئەوەیە کە ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە کە 329 کورسین و ژمارەی کۆتای پێکھاتەکانیش گۆڕانکاریان تیایدا کراوە کە نۆ کورسییە و بەم شێوەیەن "کورسییەکانی پێکھاتەی مەسیحی دەبن بە پێنج کورسی و بەسەر پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، کەرکووک، دھۆک و ھەولێر دابەش کراون، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی ئێزدی لە پارێزگای موسڵ، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی سابیئەی مەندائی لە پارێزگای بەغدا، ھەروەھا یەک کورسی بۆ پێکھاتەی شەبەک لە پارێزگای موسڵ و یەک کورسی بۆ کوردی فەیلی لە پارێزگای واست".
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.