Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 12:37

ئێران هاووڵاتییه‌كی كوردی له‌ سێداره‌دا

کوردستان TV
100%


هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ی كورد له‌ ئێران له‌ سێداره‌درا.

رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه‌: به‌به‌ره‌یانی رۆژی هه‌ینی 17ی3ی2023، سزای سێدارەی مەحیەدین ئیبراهیمی، تەمەن 43 ساڵ و خەڵکی شنۆ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکرا.

سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە لە کاتێکدا جێبەجێکراوە کە له‌ کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی رۆژی هه‌ینی فەرماندار و سەرۆکی شارەوانی شنۆ پەیوەندییان بە بنەماڵەی ناوبراوەوە گرتووە و پێیان ڕاگەیاندبوون کە سزای سێدارەی مەحیەدین ئیبراهیمی ڕاگیراوە و بنەماڵەکەی لە ئورمیەوە بۆ شنۆ گەڕابوونەوە. بەڵام سەرلەبەیانییه‌كه‌ی پەیوەندیی بە بنەماڵەی ناوبراوەوە كراوه‌ته‌وه‌  کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان سەردانی بەندیخانەی ئورمیە بکەن.

ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممەی هه‌فته‌ی رابردووش بە بیانووی بانگهێشتکرانی بۆ دادگا بردرابووە بنكه‌یه‌كی پاسەوانی و لەوێوە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ بەندی تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترابووەوە. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە دوایین دیداری لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجامدابوو.

مەحیەدین ئیبراهیمی تەمەن 43 ساڵ و خەڵکی گوندی ئاوایی «ئاڵکاوێ» سەر بەشاری شنۆ، ڕۆژی شەممە4ی نۆڤەمبەری 2017لە کاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لەلایەن هێزەکانی جێگیر لە پایگای بێمزورتێ دراوەتە بەر دەستڕێژ و بە سەختی بریندار و پاشان دەستگیركرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە  له‌ ساڵی 2018 بۆ جاری یەکه‌م لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

مەحیەدین ئیبراهیمی، ڕۆژی شەممە 18ی1ی2020 حوکمی سێدارەکەی بۆ جاری دووەم بە تۆمەتی «بەغی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو، پشتڕاست کراوەتەوە هەمان ڕۆژ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

مەحیەدین ئیبراهیمی خێزاندارە و باوکی دوو منداڵی کەم ئەندامە و ساڵی 2011 هەر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات بۆ ماوەی 14 مانگ لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.